پێناسه و پێشەکی:
(لە پێشەوەی هەموو پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چەندین شەهیدیان بەخشێوە بە خاکی کوردستان، لە شەڕی دژی داعشدا، لە باشووری کوردستان)
کوردستان نیشتمانی کوردە و پێنجسەد هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەیە. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکی زایینیدا، حەشیمەتی دەگاتە چل ملیۆن کەس و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە باری ڕێژەی حەشیمەتەوە پاش عەرەب دووهەم نەتەوەیە.
کوردستان بە پێی سیاسەتی دەوڵەتە مەزنەکانی جیهان، بێڕەزامەندی نەتەوەی کورد، به دوو قۆناخی جیاواز، لە نێوان 4 دەوڵەتی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریادا دابەش و داگیرکراوە. جاری یەکەم پاش شەڕی "چاڵدێران" لە نێوان دوو ئیمپراتۆری سەفەویی و عوسمانیدا بە کردەوە دابەشکرا. ساڵی 1639 ئەو دابەشکردنە بە پێی "رێککەوتنی زەهاو" بوو بە فەرمی و نەتەوەی کورد نیری کۆیلەتی ئەو دوو دەوڵەتەی خرایە مل. جاری دووهەم پاش بڕانەوەی شەڕی جیهانی یەکەم ساڵی 1923 بە پێی ڕێککەوتننامەی "لۆزان"، دابەشکرایەوە، پارچەی ژێردەستی ئێران وەک خۆی مایەوە و پارچەی بندەستی عوسمانی بە سەر دەوڵەتەکانی تورکیا، عێراق و سوریادا، دابەشکرا.
سەرەڕای ئەوەی کوردستان لە نێوان ئەو دەوڵەتانەدا دابەشکرا، هیچکامیان دانیان بە بوونی خاکێک بە ناوی کوردستان دانەنا و بەمجۆرە کوردستانی دابەش و داگیرکراو تەنانەت حیسابی وڵاتێکی کۆلۆنی کراوی ئاسایی بۆ نەکرا. دەوڵەتی تورکیا حاشای نەک هەر لە "کوردستان" بەڵکوو لە کوردیش کرد و بە "تورکی کێویی" ناو دێری کرد. ئێرانییەکان کوردیان بە یەک لە" ئەقوامی ئێران" و "لقێک" لە فارس دانا. دەوڵەتی عەرەبی سووریا نەک هەر دانی بە بوونی کورد و کوردستاندا نەنا، بەڵکوو مافی ناسنامەی دەوڵەتی سووریاشی نەدانێ. لە عێراقدا، لە کاتی دروستبوونی ئەو دەوڵەتەدا، حکومەتی ناوەندی دانی بە بوونی کورددا نا. هەروەها لە دەستووری کاتی 1970دا، "گەلی عێراق" پێکهاتوو لە دوو نەتەوەی سەرەکی عەرەب و کورد، پێناسە کرا، بەڵام هاوکات عێراق بە بەشێک لە نەتەوەی عەرەب دانرا. هەر بۆیە عێراقییەکان، کوردستان بە "باکووری عێراق" ناو دەبەن. لە یەک وشەدا کوردستان و کورد بە فەرمی بە نەبوو دانران و لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان سڕانەوە!
کورد نەتەوەیەکی کەونارایە و لە پێکهێنانی ژیاری و شارستانییەت و داهێنانی ئەندێشەی مرۆڤایەتی بۆ کۆمەڵگای بەشەری، سەربەخۆ و لەگەڵ گەلانی دیکە بەشداریی کردووە.
کورد خاوەنی زمان، کولتوور، فەرهەنگ، هونەر و داب و نەریتی سەربەخۆیە. نیشتمانی کورد جوغرافیایەکی یەکگرتووی دانەبڕاو بەیەکەوەیە و ئابوورییەکەی لە هەموو پارچەکاندا بە گەشەنەکردوویی ماوەتەوە.
داگیرکەرانی کوردستان بۆ بە کۆلۆنیی هێشتنەوە و لە ناوبردنی یەکجاریی کوردستان، کانگاکانی کوردستانیان تاڵان کردووه، داهات و وزە و هێزی کوردیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوه و نەتەوەی کوردیان لە هەر چەشنە دەسەڵاتێکی سیاسی و ئابووری، بێبەش کردووە. لەو هەلومەرجەدا یەکێتی نەتەوەیی کورد کەوتووەتە مەترسییەوه؛ بە چەشنێک کە سیاسەتی ئاسیمیلەکردنی ئەم نەتەوەیە لە لایان داگیرکەرانی کوردستانەوە لە هێندێ شوێنی کوردستاندا سەرکەوتوو بووە.
بەشێکی بەرچاو لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە پێی سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە کوردستان دوور خراونەتەوە و لە شوێنگەلی دوور لە کوردستان، یان لە میترۆپۆلەکان نیشتەجێ کراون. بۆ نموونە بەشێک لەو کوردانە لە سەردەمی پاشاکانی تورک، بەتایبەتی شاسمایل و شاعەباس سەفەوی، بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێران و بۆ پارێزگەی خۆراسان ڕاگوێزراون. بەشێکی دیکەش بۆ باکووری ئێران دوور خراونەتەوە. لە تورکیا ئەو سیاسەتە توندتر بەڕێوە چووە.
سیاسەتی کۆمەڵکوژی، بێسەروشوێنکردن و سڕینەوەی مۆرک و شوێنەواری کورد، بە دەست دەوڵەتەکانی تورک و ڕوس و ئێران و عەرەب له پاش شەڕی چاڵدێرانەوە، بە ملیۆنان کوردی لە نێوبردووە: لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا 3 سەدە دواتریش هەموو شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانییەکان لە سەر خاکی کوردستان و زۆر جار بەخەرج و خوێنی کورد ڕوویانداوه. هێرش بۆ سەر قەڵای دمدم، کوشتارەکەی ناسراو بە موکری قڕان و قەڵاچۆی عێلی مەنگۆڕ، کوشتارەکانی سەردەمی قەجەرەکان، کوشتاری کوردان لە جەرگەی شەڕی یەکەمی جیهانی لەلایان هێزەکانی ڕووس و عوسمانییەوە و کوشتارەکەی 1915 و 1916، ڕاگوێزانی ئەو 700 هەزار کوردەی بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی لەو ساڵانەدا، نیوەیان لە سەرمان و لە برسان قڕیان هات، قات و قڕییەکەی شەڕی یەکەم کە بە هەزاران کوردی لە نێو برد، هێرشەکانی سوپای تورکیای ئەتاتورک و ئێرانی ڕەزاخان بۆ سەر کوردستان و لە سەردەمی نوێدا زیان و خەسارەتە مرۆڤییەکانی پیلانی ئەلجەزایر و شەڕی ئێران- عێراق و کوژرانی هەزاران کورد لە پەلامارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، گرتن و کوشتنی هەزاران کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بە دەستی ڕێژیمی سوریا، کوشتاری کوردان لە باکووری کوردستان لە چارەگە سەدەی ڕابردوودا و 182000 ئەنفالکراوی گەرمیان و 8200 بارزانی و 5000 فەیلی و کیمیابارانی حەڵەبجە و سەردەشت و ناوچەکانی دیکە بە دەستی ڕێژیمی بەعسی عێراق، ئەو کارەساتانەیە کە بە سەر هیچ نەتەوەیەکی دیکەی ئەم جیهانە بەم تەرزە نەهاتووە. ئەم کارەساتانە ئاکامی کۆلۆنی بوون و سیاسەتی تەفر و تووناکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و سڕینەوەی خاکەکەی لە سەر نەخشەی جیهان بووه. سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دژ بە نەتەوەی کورد هەر چەند بە ڕواڵەت و شێواز جیاواز بووە، بەڵام لە ناوەرۆک و ئامانج دا هەموو لە خزمەت ئەم ستراتیژییەدا بووە.
هۆکاری سەرەکی ئەو شەڕ و ململانێیەی کوردستان لە کۆنەوە تووشی بووە و هۆکاری دابەش و داگیرکرانی، هەڵکەوتە ستراتیژییە گرینگەکەی بووە کە وەک ناوچەیەکی وشکایی هەموو دەروازە دەریاییەکانی بە یەکتر بەستووەتەوە و لە کۆنەوە ڕێگای بەیەکگەیاندنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بووە. دۆزینەوەی پەترۆل بایەخی هەڵکەوتە ستراتیژییەکەی زیاتر کردووە و هاوکات شوێنە ستراتیژییەکەش بایەخی تایبەتی بە پەترۆڵەکەی داوە.
کورد بۆ ڕزگاری لە کۆلۆنیالیزم و سیاسەتی سرینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، زیاتر لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئازادی خەباتی کردووە و قوربانی داوە. ڕاپەڕینەکانی میر بەدرخان، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ عەبدولسەلام بارزانی، حوکمڕانی شێخ مەحمود، شوڕش و دەسەڵاتداریی چەند ساڵەی سمکۆ، ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی ئاگری و شۆڕشی دەرسیم و شۆڕشەکانی بارزان و جمهوری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول ئەو زنجیرە شۆڕش و ڕاپەڕین و دەسەڵاتدارییە بوون کە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان و مافەکانی نەتەوەی کورد بەرپاکران.
گەلێ هۆکاری ورد و درشت لە پشت سەرنەکەوتنی کورد لە ڕێی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییداهەبوون کە دەکرێ ئەم چەن خاڵەبە 3 هۆکاری سەرەکیی دابنرێن:
- سروشتی وڵات و بایەخی ستراتیژیی کوردستان: بە هۆی سروشتی کوردستان، کورد لە نێوخۆدا نەیتوانیوە پاڵوێکدا و بە هۆی شاخ و ڕووبارەکانەوە لە چەندین هەڕێمی لێک دوور نیشتەجێ بووە. هەروەها بە هۆی بایەخی ستراتیژیی بۆ زلهێزەکان، بەتایبەت بریتانیا، نەک هەر یارمەتیی نەدراوە ببێتە دەوڵەت،بەڵکوو خەبات و تێکۆشانی بۆ بە دەوڵەتبوون پەکخراوە.
- سیستەمی سیاسی جیهان و نەبوونی دۆستی ستراتیژیی: ئەو سیستەمە سیاسییەی کە بە سەر جیهان و بە سەر پێوەندی نێوان دەوڵەتە زلهێز و بڕیار بە دەستەکاندا زاڵ بووە، دژ بە ئازادیی کورد و بەدەوڵەتبوونی کەوتووەتەوه. کورد دۆستی ستراتیژیی نەبووە و تەنانەت دەوڵەتە ناکۆکەکان، لە سەرکوت و دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکانیدا کۆک بوون. ئەگەر جار و بار یەکیان لایەکی لە شۆڕشی کورد کردبێتەوە تەنیا هەڵوێستێکی کاتی و تاکتیکی بووە.
- تێپەرینی هێندێک دەرفەتی ڕەخساو: لەگەڵ ئەوەدا کە دوو فاکتەری پێشتر بە دژی ڕزگاریی نەتەوەیی کورد، ئامادە بوونیان هەبووه، بەو حاڵەشەوە هێندێک دەرفەت کە ڕەخساون نەقۆزراونەتەوه. ناشارەزایی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، ناکۆکیی و کێشەی نێوخۆیی کورد و نائامادەیی لە مەیدانی ململانێی سیاسیدا، هۆکاری ئەوە بوون. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی دەرفەتێک بۆ کورد هەڵکەوت ببێتە دەوڵەت، بەڵام ئەو دەرفەتە بەو هۆیانەوە لە دەسچوو.
دابەشکرانی کوردستان لە جاری یەکەمدا، زەبری قورسی لە یەکێتی نەتەوەیی کورددا و دۆخێکی نالەبار و ئاڵۆزی تووش کرد. بەڵام شەڕی جیهانی یەکەم بێجگە لە نەهامەتییە زۆر و زەوەندەکانی، ئاکامە سیاسییەکانی کە بریتی بوون لە پارچە پارچەکردنی کوردستان و پێکهێنانی ژمارەیەک دەوڵەتی تازە کە هەرکام یەکێ لە پارچەکانی کوردستانی پێوەلکێنرا و بە هەمووان گەمارۆی کوردستانی دابەشکراویان دا؛ باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری کوردیان چەند قات خراپترکرد. ئیتر لەوە بەولاوە، 4 دەوڵەتی داگیرکەر، یەکگرتووانە کوردستانی دابەشکراویان چاودێری دەکرد و هەر جموجۆڵێ لە هەر پارچەیەک سەری هەڵدابا بە هەمووان گەلەکۆمەکیان لێدەکرد. لە لایەکی دیکەوە، ناسیۆنالیزمی کورد لە ژێر کاریگەریی ئەو دۆخە داسەپاوەدا، بە سەر 4 کەرتدا، دابەش بوو. ئێتر بە پێچەوانەی ڕابردوەوە کە شۆڕشەکانی کورد سنووری عوسمانی و ئێرانیان دەبەزاند، بزووتنەوەی کورد لە هەر پارچەیەک مەحکووم بوو بەوەی لە سنووری ئەو پارچەیەدا ببزوێ؛ هەر پارچەیەک حیزبی تایبەت بە خۆی لێ دامەزرا، دروشمی تایبەتی خۆی هەڵگرت و تاکتیک و ستراتیژی خۆی دیاریی کرد. لە ساڵەکانی 1932 تا 1939 گەلەکۆمەکی داگیرکەران قۆناخێکی پڕ مەترسیی بۆ کورد خوڵقاند. پەیمانی سەعداباد لووتکەی ئەو مەترسییانە بوو.
لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا دەرفەتێک بۆ کورد هەڵکەوت بتوانێ لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، " دەوڵەتی جمهووریی کوردستان" دابمەزرێنێ. دامەزرانی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان گرینگترین ڕووداوی سەردەمی نوێی کورد بوو. هەروەها لە دەیەی حەفتای سەدەی بیستەمدا شۆڕشی ئەیلوول توانی گوڕوتینێکی گەورە بە بزاڤی ناسیۆنالیزمی کورد بدا و هێندێک دەسکەوت لە باشووری کوردستان بەدەس بێنێ. هەر دوو دەسکەت بوونە قوربانیی سات و سەودای جیهانی دووجەمسەریی و هەرەسیان هێنا.
سەردەمی "شەڕی سارد"یش بۆ نەتەوەی کورد، هەر درێژەی تەرتیباته سیاسییەکەی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بوو. دۆستی ستراتیژیی نەبوو؛ بە کۆلۆنی و کۆیلەیی مایەوە.
هاوکات لەگەڵ شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنەوەی کوردستان، ڕێژیمی تێزاری ڕوسییە ڕووخاو و یەکێتی سۆڤیەت دامەزرا. دراوسێتی کوردستان و یەکێتی سۆڤیەت کوردستانی خستە بەر کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییە. بە لە دایکبوونی سۆڤیەت، ئایدۆلۆژیای مارکسیزم – لینینیزم لە کوردستان پەرەی ئەستاند و بۆ دەیان ساڵ بووە ئایدیۆلۆژیایەکی کاریگەر و شوێندانەر لە سەر بزووتنەوەی کورد و تێکۆشەرەکانی لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
یەکێتی سۆڤیەت نەک هەر نەبووە پاڵپشتی کورد و بزوتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی، بەڵکوو یەکەم دەوڵەت بوو کەمالیستەکانی بەڕەسمی ناسی و بووە پاڵپشتی هەردوو ڕێژیمەکەی مستەفاکەمال و ڕەزاخان. دەوڵەتی سۆڤییەت بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی بە بزووتنەوەی کۆنە پەرستانە و خێڵەکی دانا؛ ئەگەر جاروبار سووکە لایەکی لە کورد دەکردەوە تاکتیکیی و کورتخایەن بوو. لە دەقەکانی خودی مارکسیزم – لینینیزمیشدا هیچ جێگایەکی تایبەت وسەربەخۆ بۆ پرسی نەتەوە و نەتەوایەتی تەرخان نەکراوە و لە باشترین حاڵەتدا دۆزی نەتەوەیی نەتەوەبندەستەکان، کراوەتە پاشکۆی خەباتی چینی کرێکار و لە ڕەوژەنی خەباتی چینایەتی و سوسیالیزمەوە دەڕوانێتە پرسی نەتەوەیی. پراکتیکی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە مارکسی- لینینیەکانیش لە کوردستان و ئەو وڵاتانەی کوردیان پێوەلکێنراوه لە لێکدانەوەیەکی گشتییدا کورد و بزووتنەوەکەی تووشی زیان و گێرە و کێشەی زۆر کرد؛ تا جێگایەک کە یەکێ لە فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی و دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزمی کورد و تەنانەت هێندێکجار پشتیوانیی لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. بە گشتی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی لە سۆنگەی سیاسەتی یەکێتی سۆڤیەت و پەرەگرتنی ئایدۆلۆژیای م. ل لە کوردستان و پراکتیکی ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوە مارکسیستییەکانی کورد و ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان پێوەلکێنراوە، تووشی خەسارەتی زۆر هاتووە.
لە پاڵ ئەوەدا داگیرکەرانی کوردستان له فرە ئایینی و مەزهەبییەکەی کورد بۆ ئاسمیلەکردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کەڵکیان وەرگرتووه. پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، لۆرستان و دەوروپشتی هەمەدان که دەبوو ناوەندی بەربەرەکانی دژی سیاسەتی تەفر و توونا کردنی کورد و کوردستان بن، به هۆی پچڕانی پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان و نه بوونی ڕێکخستنی سیاسی کارامەی نەتەوەیی، ئەو بەشەی له خەباتی سیاسی – نەتەوەیی دوور خستەوه. ئێستا هەلو مەرجەکه گۆڕاوه، سیاسەتی دابەشکردنی کورد له ڕوی ئایینی و مەزهەبییەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەماوه.
بە ڕووخانی دیواری بەرلین لە نوامبری 1989 وتێکڕمانی یەکێتی سۆڤیەت لە ئۆکتۆبری 1991دا، شەڕی سارد و جیهانی دووجەمسەریی کۆتایی پێهات. خەباتی نەتەوە بندەستەکان بۆ ئازادیی و کیانی نەتەوەیی، تێکۆشان لە پێناو ئازادیی و دیمۆکراسی و چوونە سەرێی بایەخەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی، لە هۆکارە ناوخۆییەکانی ئەو گۆڕانکارییە مەزنانە بوون. بە پێچەوانەشەوە، ئەو گۆڕانکارییانە لە سەر پەرەگرتنی ئەو بایەخ و چەمکانه کاریگەر و شوێندانەر بوون.
لە سەردەمی شەڕی سارد و جیهانی دووجەمسەرییدا، هێزی دەوڵەت بە پێوەری توانای نیزامیی دەپێورا؛ فاکتەری نیزامیی ئاراستەی ململانێکانی دیاریی دەکردو هەر دووجەمسەری ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات بە پێی پارسەنگی هێز، ناوچەکانی بەر نفوزی خۆیان دابەش کردبوو. ئەمڕۆ بە کۆتایی هاتنی جیهانی دوو جەمسەریی و شەڕی سارد، دەوری فاکتەری نیزامیی و ئایدۆلۆژیا لاواز بووە و توانای ئابووریی گرینگترین ڕەگەزی هێزی دەوڵەتە و دەسەڵات و جێگەو پێگەی هەر دەوڵەتێک لە سیستەمی نوێی جیهانیدا دیاریی دەکا. بۆیە لە لۆژیکی دەسنیشانکردنی ناوچە ژئۆپۆلیتیکی و ژئۆستراتیژییەکاندا گۆڕانکاریی ڕوویداوە و ئەو ناوچانە بە پێی فاکتەری نیزامیی دیاریی ناکرێن و بە پێی توانای ئابووریی و بوونی سەرچاوەی سروشتیی دیاری دەکرێن. فاکتەری نیزامیی وەک هێزی پاڵپشتیکردنی ئامانجە ئابوورییەکان بە حیساب دێ. پاش لەبەریەکترازانی یەکێتی سۆڤیەت، پارسەنگی هێز ڕوومایەکی لە جیهانی نوێ نەخشاند کە چەند جەمسەرێک له پێشبڕکێ و ململانێ و هاوکارییدا بوون لەگەڵ یەکتر و دووجەمسەریی جێی خۆی دایە چەن جەمسەریی. شەڕی یەکەمی کەنداو گۆڕانی لە تەرازووی هێز پێکهینا و بە چوونە سەرێی هێژموونی سیاسیی ئەمریکا، جیهانی ئێستا وەک سیستەمێکی سیاسیی "یەک – چەند جەمسەریی" دەخوێندرێتەوە. واتە، چەن جەمسەری گەورەی سیاسی – ئابوریی هەن کە ئەمریکا لە نێویاندا باڵا دەستە و زیاترین دەسەڵات و توانای لە ئاراستەکردنی ڕەوتی ڕوداوەکاندا هەیە. لەم جیهانەدا، ئەم جەمسەرانە، لە بازنەیەک لە هاوکاری، کێبەرکێ و ململانێدا جێیانگرتووە.
ئەم سیستەمە سیاسییە و پێویستییەکانی، جیهانی ئەمڕۆی بە هەموو بەشەکانییەوە تووشی گۆڕان کردوە و چەمکەکانی "سەروەری دەوڵەت" و سنووری دەوڵەتانی لەق و تووشی گۆڕان و سەر لە نوێ پێناسە و داڕشتنەوه کردووه. یەکێک لە نیشانە هەرە دیارەکانی لەرزۆکبوونی " سەروەریی ڕەهای دەوڵەتان"،لە جیهانی دوای شەری سارد دا، دوکتورینی "دەستێوەردانی مرۆڤی" UN ە کە تا ئێستا ژمارەیەک نەتەوەی لە کوشتار و قڕکردنی زیاتر پاراستووه؛ لە وانە کورد لە باشووری کوردستان، سۆمالی، ڕواندا، بۆسنیا، کۆسۆڤۆ، هاییتی و...هتد. بریاری مێژوویی 688 UN و دانانی "هەرێمی ئاسایش و دژە فرین" لە باشووری کوردستان، نەتەنیا بوو بە هۆی ئەوەی سنوورێک بۆ سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق دژ بە کورد دابندرێ، بەڵکوو بە هۆی ئەم بڕیارەوە دەسپێک و وەرچەرخانێکی گەورەش لە ژیان و چارەنووسی بەشێک لە نەتەوە دابەشکراوەکەمان ڕوویدا. کورد توانی بە ئیرادەی خۆی و بە کەڵکوەرگرتن لەو پرێنسیپە، بە کردەوە دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەیی خۆی دابمەزرێنێ. هەر لەوێوە پیرۆزیی سنوورەکانیش درزی تێکەوت و ژمارەیەک نەتەوەی بندەست یەک بە داوی یەکدا، تەلبەندی سنوورە دەسکردەکانیان پچڕاند و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان پێکەوەنا. بە لەبەرچاوگرتنی گشت ئەم دیاردانه ، دەتوانین بڵێین بە بڕانەوەی شەری سارد و کۆتاییهاتنی جیهانی دووجەمسەریی، گەلێک چەمک و بەها و پرێنسیپ، هەر لەو کاتەدا، دەرەتان و دەرفەتی نوێ بۆ نەتەوە ژێردەستەکان هەڵکەوتووە کە دەتوانن بە پشتبەستن بە پرۆژەیەکی نەتەوەیی بۆ بە ئاکام گەیاندنی سەرکەوتوانەی خەباتەکەیان،کەڵکی لێوەربگرن.
پێبەپێی لە بار بوونی فاکتەره نێودەوڵەتییەکان، لە ئاستی نەتەوەییشدا،بەشێوەیەکی بێوێنە ڕەوتی خۆناسینی نەتەوەیی و گرینگیدان بە ناسنامە و خۆجیاکردنەوە لە وی دیی، لە نێو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دا لە گەشەکردن و بە هێزبووندایە. گرینگی ناسنامەی نەتەوەیی و پرسەکانی پێوەندییدار بەو چەمکە، هیچکات وەک ئێستا بۆ تاکی کورد گرینگی و بایەخی نەبووە. ئەم ڕەوتە تایبەت بە شار و ناوچە و مەڵبەندێکی کوردستان نییە؛ خۆ بە کورد زانیین و گەڕان بە دوای ناسنامە و سیمبۆل و هێما نەتەوەییەکان، خۆشەویستی ئاڵا و ئارەزووی سەروەریی نەتەوەیی، بە پانتایی جۆغرافیای کوردستان هەموو لایەکی گرتووەتەوە و بوونەتە بەشێک لە هەست و نەست و بیری تاکی کورد. بۆ کەڵک وەرگرتن لەو هەل و دەرفەتانە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد پێویستی بە بەخۆداچوونەوە لە دروشم و ئامانج و ڕێبازی تا ئێستای دایە. شێوەی ڕێکخستن و ئەدەبیاتی سیاسی و ڕێگا چارەسەرەکانی سەردەمی شەری سارد،چیدیکە ناتوانن وەلامدەرەوەی ئەم هەلوومەرجە نوێیە بن. پێویستە سەردەمی پاشەکشە و خۆ ماتکردنی ناسیۆنالیزمی کورد بە مەبەستی مانەوە و خۆ پاراستن، کۆتایی بێ و بزووتنەوەی کورد بە ئاشکرا و بە بێ هیج ترس و لەرزێکی سیاسی لە ستراتیژیی سیاسیی- نەتەوەیی خۆی، واتە سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بدوێ. وەدیهێنانی ئەو ئامانجە پێویستی بە گەڵاڵە، پرۆژە و ئیرادەی لێبڕاوی نەتەوەیی هەیە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمێکی ژئۆستراتیژی و ژئۆئێکۆنومی جیهانە و بەو هۆیەوە بایەخێکی گرینگ و ژیاریی هەیە بۆ جیهان و دەوڵەتە زلهێزەکان. هاوکات ناوەندێکی گەرمی قەیرانی سیاسی و بارگرژی نێوان دەوڵەت و لایەنەکان و مەڵبەندی تێکچرژانی بەرژەوەندیییە دژ بە یەکەکانە. توند و تیژی و شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکیی شێوازی گۆڕانکارییەکان لەم هەرێمەدا بووە. تەرتیبات و ئارایشی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی شەڕی یەکەمی جهیانییە کە لە سەر بناخەی بەرژەوەندیی وڵاتانی ڕۆژاوایی بەتایبەت ئینگلیس و فەرانسە بەبێ لە بەرچاوگرتنی ویست و ئیرادە و بەرژەوەندی و مافەکانی نەتەوەی کورد ڕێکخراوە. ئەو وڵاتانە ژمارەیەک دەوڵەت – نەتەوەی توتالیتێریان دامەزراند کە دواتر بوونە دەوڵەتی مافیایی و کاری تاڵان و ڕادانی سامانی کوردیان بۆ مسۆگەر کردن. ئەمرۆ هاوکێشەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەگەر تا بڕانەوەی شەری سارد،گۆرانکاری تەنیا ویستی نەتەوە و گەلە بندەستەکانی هەرێمەکە بوو،ئەمرۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و لە ترسیی تێرۆر و لە نێوچوونی ئاسایشی ولاتەکانیان،دەستیان بە گۆڕانکاری لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست کردووە. کورد بە گشتی و باشوری کوردستان بە تایبەتی بە بەشداری لەو گۆرانکاریانەدا و هاوپەیمانیی سیاسی لە گەل ئەمریکا قازانجی کردووە. پرسی تێکۆشان دژی تێرۆریزم ئەو پێوەندییە توند و تۆڵتر دەکا. بە بێ هەڵتەکاندنی ئەو تەرتیباتە سیاسییە کۆنەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست و ئازادیی نەتەوەی کورد، هیچکام لەو وڵاتانەی کوردستانیان پێوەلکێنراوە هێمنی و ئاسایش بە خۆیانەوە نابینن، ڕێگای دیمۆکراسی و سەقامگیری لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا ناکرێتەوە و هەموو جیهان باجی بارگرژی و ئالۆزییەکان دەدا. کێشەی کورد گرفتی گرووپێکی ئیتنیکی بچووک نییە کە بە زەبر و زەنگ بنەبڕ بکرێ؛ پرسی نەتەوەیەکی 40 میلیۆنییە کە بە بێ ڕەزامەندیی خۆی دابەشکراوە. ئازادیی کورد کلیلی دیموکراسی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئێران یەکێک لە دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسته کە لە یەکگرێدانی بە زۆری چەند نەتەوە و خاکی لێکجیاواز پێکهاتووە. بێجگە لە کورد 4 نەتەوەی دیکەش بە بێ مافیی لە بندەستی ئەم دەوڵەتەدان. فارسەکان خاوەنی دەوڵەتی ئیرانن.
ئێرانی ئەمڕۆ وەک دەوڵەت، ئەو قەوارە سیاسیەیە کە ڕەزاخان پاش لادانی ئاخرین شای قاجار، پێکەوەی نا. ڕەزاخان بە لاسایی کردنەوەی نمونەی ئوروپایی" نەتەوە سازیی" وەک مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، بە پشت بەستن بە ئەرتەش و زەبر و زەنگی بێسنوور، کەوتە پەلاماردانی هەر دەسەڵات و دەیاردەیەکی نەتەوە نەفارسەکان و بەناوی " میللەتی ئێران" ەوە، تێکۆشا وڵاتێکی خاوەن یەک نەتەوە، یەک شوناس، یەک زمان و یەک کولتوور ساز بکا. ڕەزاخان له ماوەی 20 ساڵ فەرمانڕەواییدا، شۆڤینیزمی فارسی کردە سیاسەتی ڕەسمی دەوڵەت، زمان و جل و بەرگ و نەریت و هەموو بۆنە نەتەوەییە نەفارسییەکانی دایە بەر هێرش، قەدەغەی کردن و هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەتی بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە لە بۆتەی نەتەوەی فارسدا، بەکارهێنا. حەمەڕەزاشای کوڕی هەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازەی گرتەبەر و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆش بە سیستەمێکی توتالیتێرەوە، هەر پارێزەری ئەو قەوارەیە و شۆڤێنیزمی فارسن.
ئێرانی ئەمڕۆ چ وەک دەوڵەتێکی سادە و چ وەک سیستەمێکی سیاسی توتالیتێر، نە لە ڕوانگەی کوردەوە شەرعییەتی هەیە، نە لەگەڵ سیستەمی جیهانی دەگونجێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخستنی تاقم و گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی موسوڵمان و عەرەبی و دژایەتی لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل و دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و بە حەولدان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئاشتی جیهانیی لە مەترسیی هاویشتووە و بووەتە لەمپەرێکی سەرەکیی لە ڕێی تەبایی و ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارچەیەکی کوردستانە کە لە پاش شەڕی چاڵدێرانەوە بە پێی "رێککەوتننامەی زەهاو" خرایە سەر ئیران. سنووری جوغرافیی لە ڕێژگەی ئاوی گوندی "پەهناوەر"ەوە کە دەڕژێتە ئاراسەوە دەسپێدەکا، لەگەڵ ئاراسدا بە تەنیشت چیای ئاراراتەوە بەرەو خوار درێژ دەبێتەوە تا باشوری دەریاچەی ورمێ، لە وێڕا بەرەو خوارتر دەکشێ و مەڵبەندەکانی موکریان و ئەردەڵان دەبڕێ و هێندێک لە ناوچەکانی پارێزگای هەمەدان دەگرێتەوە و بەرەو کرماشان و ئیلام دەڕوا و دەگاتە هەرێمەکانی لوڕ و بەختیاری و تا سەر کەنداو درێژ دەبێتەوە. بە وتەیەکیتر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی مێژوو و جوغرافیا بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە هەموو ئوستانەکانی ئێستای ڕۆژاوای ئێران بێجگە لە خووزستان. هەروەها لە پارێزگاکانی خوراسانی باکووری و خوراسانی ڕەزەویی هەرێمگەلێک هەن کە کوردیان لێ نیشتەجێیە و کوردستانێکی پچووکیان لێکەوتووەتەوە. لەوانە ئیسفەراین، بجنوورد، شیروان، قووچان، دەرگەز، چناران، باجگیران. فاکتەرە مێژوویی، جوغرافی و کولتوورییەکان و ویست و ئیرادەی دانیشتوان، پێوەرەکانی دیاریکردنی سنووری نەتەوەیی کوردستانن. ئەو مەڵبەند و شوێنانەی تووشی ئاسمیلاسیۆن هاتوون و باری دیمۆگرافییان شێوێندراون، فاکتەرە مێژوویی و جوغرافییەکان یەکلاکەرەوەی بڕیاری دیاریکردنی سنووری نەتەوەییانە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ناوەڕاستی سەدەی 19 بە کردەوە ملی بە بندەستی نەداوە و له ڕێگەی میرنشینەکانی لوڕ و ئەردەڵان و موکریان و برادۆستەوە، سەربەخۆیی خۆی پاراستووە. بەڵام سەربەخۆییەکەی پاش ڕووخانی میرنشینەکان لە دەسداوە و تەوقی کۆیلەتی و بندەستی دەوڵەتی فارسی کەوتووەتە مل. بنەماڵەی پەهلەوی، بۆ تواندنەوه و ئاسمیلەکردنی کورد، بێجگە لە قەدەغەکردنی جل و بەرگ و زمانی کوردی و پەلامار و سەرکوتی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد، نیشتمانەکەیان کەرت کەرت کرد و بە سەر چەند پارێزگادا، دابەشیانکرد.
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دابەش و داگیرکرانی نیشتمانەکەیەوە تا ئێستا له قۆناغی جیاجیا بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ ڕادانی داگیرکەر لە نیشتمان و بە دەستەوە گرتنی چارەنووسی سیاسی خەباتی کردووە. قۆناخی تازەی ئەو خەباتە، لە ڕوخانی ڕێژیمی پەهلەوی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکردووە کە تا ئەمڕۆ بە شێوەی جەماوەریی، پێشمەرگەیی، مەدەنی و تێکەڵاو درێژەی هەیە.
خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتێکی ڕزگاریخوازییە و بەشێکە لە تێکۆشانی گشتیی نەتەوەی کورد بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران و ئازادیی و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی خاک و نەتەوە.
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک چۆن بەشەکانی دیکەی نەتەوەی کورد لە ژیان لەگەڵ نەتەوەکانی تورک و عەرەب لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا، ئەزموونی تفت و تاڵیان هەیە؛ لە ژیان لەگەڵ نەتەوەی فارس لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا، ئەزموونی کارەساتبار و پڕ تراژیدیای هەیە. بۆیە ئەستەمە بەورابردووەوە، پێکەوە ژیان لە ناو یەک دەوڵەتدا سەرکەوتوو بێ. ژیانی بە ئاشتی و دوور لە توند و تیژیی تەنیا بە دابینکرانی مافی سیاسیی نەتەوەیی یەکسان دەلوێ.
پارتی ئازادیی کوردستان کە تا کۆنگرەی یەکەمی بە ناوەکانیی یەکێتی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان" و "یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان"ەوە لە خەباتدا بووە، دابەش و داگیرکردنی کوردستان بە ناڕەوا دەزانێ؛ بۆ هەڵتەکاندنی ئەو تەرتیباتە سیاسییەی بە سەر کورددا سەپێنراوه و سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، لە ساڵی 1991ەوە پێیناوەتە مەیدانی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەییەوە و پێشەنگی بزاڤی ناسیۆنالیزمی ئازادیخوازی کوردییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان
پرێنسیپ، ئامانج و سیاسەتەکانی
پارتی ئازادیی کوردستان، کە لە ساڵی 2691 ک(1991ز) تا کۆنگرەی یەکەمی بە ناوەکانی "یەکێتی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان" و "یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان"ەوە لە خەبات دابووە، درێژەدەری تێکۆشانی ڕابردووی نەتەوەکەمانە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان و خۆی بە میراتگری ڕۆحیی و هەڵگری پەیامی ڕێبەرانی شەهیدی نەتەوەکەمان دەزانێ. سنووری تێکۆشانی PAK ڕۆژهەلاتی کوردستانە. پارتی ئازادیی کوردستان تێدەکۆشێ ببێتە مەکۆی تێکۆشەرانی نەتەوەیی و ڕێکخەری هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بۆ ڕزگاری لە کۆلۆنیالیزم و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
پارتی ئازادیی کوردستان خۆی بە پارێزەری مافی هەموو کوردێک لە هەر کوێیەک دەزانێ و لەم ڕوانگەیەوە هیچ تایبەتمەندییەکی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، زاراوەیی، ئایینی و مەزهەبی، لە نێو کۆمەڵگای کوردییدا، نابێ ببێتە هۆی لێکدابڕانی هیچ تاک و کۆمەڵێکی کوردی لە بنەماڵەی مەزنی کورد. ئەو کوردانەی لە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانەوه بەرەو ناوچەکانی دەرەوەی خاکی کوردستان وەک ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خۆراسان و هێندێک شوێنی دیکەراگوێزراون، بەشێکی جیانەبووەوە لە نەتەوەی کوردن.
پارتی ئازادیی کوردستان دابەش و داگیرکردنی کوردستان بە نارەوا دەزانێ، دان بە هیچ ڕێککەوتننامەیەکدا کە کورد و کوردستانی پێ دابەش و داگیرکرا بێ نانێ و بۆ هەڵوەشاندنەوە، یان لە کارخستنی فەرمی یان عەمەلیی هەموو ئەو ڕێککەوتننامانەی لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا شەڕی یەکەمی جیهانی و دواتر بۆ دابەشکردن ولە ناوبردنی کوردو کوردستان بەستراون، بە شێوەی سیاسی و قانوونی لە هەموو ئاستەکاندا،تێدەکۆشێ. دابەش و داگیرکردنی کوردستان بە بڕیار و ئیرادەی کورد نەبووە و بە زەبر و زەنگ بە سەریدا سەپێنراوە. داسەپاندنی ئەو ناڕەواییە لە ڕابردوودا و درێژە کێشانی تا ئێستا، ڕەوایی و قانوونی بوونی پێنابەخشێ. نەوەی نوێی کورد تەنیا لە سەر ئیرادەی ئەمڕۆی ڕادەوەستێ و چارەنووسی خۆی بۆ چۆن ژیان و هەڵبژاردنی سیستەمی حقوقی سیاسیی و جۆری پێوەندیی لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێی، خۆی دیاریی دەکا.
پاری ئازادیی کوردستان، ڕێکەوتننامەی سیڤێر، دەسەڵاتداریی چەند ساڵەی سمکۆ، حوکمڕانی شێخ مەحمود، کۆماری کوردستان و خەباتی مۆدێڕن و هاوچەرخی کورد و حکومەتی باشوری کوردستان بە "ئورگانەکانی بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی" کورد و ناسنامەی نەتەوەیی و مافی ڕەوای بۆ گەیشن بە دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەیی دادەنێ و خەباتی بۆ دەکا.
پارتی ئازادیی کوردستان ڕاماڵینی سەر لەبەری هێز و دامودەزگای دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە کوردستان و وەدیهێنانی سەرەوەریی نەتەوەیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان و داگرتنی ئاڵای داگیرکەر و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە هەموو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی و لە پێشی خۆی دادەنێ. خاشەبڕکردن و سڕینەوەی هەموو شوێنەوار و ئاسەوارەکانی شێواندنی ناسنامە و کولتور و کەسایەتی تاکی کورد، لە ئەرکە بە پەلەکانی کۆماری کوردستانە. هەر ڕێگایەکی دیکەی وەک سیستەمی فیدرالی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، تەنیا دەتوانێ کاتی، بۆ قۆناخێک و لە بەر پارسەنگی هێز ڕەچاو بکرێ. PAK لە حاڵی حازردا پێکهێنانی "دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات" وەک جێگرەوەی حاکمییەتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە کوردستان، بە پێویستییەکی سیاسی و پرۆژەیەکی نەتەوەیی دادەنێ.
پارتی ئازادیی کوردستان بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران و ڕزگارکردنی کوردستان و دامەزراندن و پاراستنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، کەڵک وەرگرتن لە هەر کەرەسە و تێکنیکێکی ئەم سەردەمە بۆ بەچۆکداهێنانی دوژمنانی کورد و بەرگریی لە کوردستان بە مەرجێ بەدەر لە تێرۆر و ڕەشەکوژی بێ، بەڕەوا دادەنێ؛ لە هەموو شێوەکانی خەبات و یەک لەوان خەباتی چەکدارانە و جەنگی ئازادیبەخشی وڵات و بە دەوڵەتبوونی کورد، کەڵک وەردەگرێ.
پێشمەرگە هێزی ڕادانی داگیرکەر، بەرگریی لە نیشتمان و پاراستنی کۆماری کوردستانە. پارتی ئازادیی کوردستان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەر فەرمانی فەرماندەییەکدا، تێدەکۆشێ و لە بارودۆخی لەباردا بۆ گەشەپێدانی بە ئەرتەشێکی مۆدێرن و ڕێکووپێک، حەول دەدا.
پارتی ئازادیی کوردستان دژی لەتکردنی نەتەوەی کورد بە چین و توێژ و ڕەگەزی دوژمن بە یەکترن. PAK بۆسڕینەوەی هەموو جۆرەکانی چەوسانەوەی مرۆڤ، هەڵگرتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی، دابینکردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، تەبایی و ئاشتی، یەکێتی و دادگەریی و مرۆڤ سالاریی لە کوردستان تێدەکۆشێ. PAK شەڕی براکوژی لە نێوان ڕۆڵەکانی نەتەوەدا بە حرام دەزانێ و بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی تێدەکۆشێ. بەرەی کوردستانی پێشمەرجێکی گرینگی کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان و سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستانە.
پارتی ئازادیی کوردستان، بە چاوێکی ئازاد و بێلایەنانە دەڕوانێتە بنەما ئابوورییەکانی کۆمەڵگە، دژی پێکهێنانی کارتێل و تراست و پاوان و قۆرخکردنە، لە سەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پێدادەگرێ و کەڵک وەرگرتنی دروست لە کانگاکان و سامانی ژێرزەویی کوردستان و دانانی ژێرخانی ئابووریی و پیشەسازیی و پڕۆژەی بەرهەمهێن و میکانیزەکردنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەتی نەتەوەیی و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی ماڵیاتیی گونجاو، بەرێگاکانی بەرقەراریی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خاشەبڕکردنی هەژاری و نەداری ودابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ هاووڵاتیانی کوردستان دەزانێ. PAK لە سەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ ئابووری کوردستان لە سەر بنەمای دادگەریی کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندیی ناوچەیی بێ. سیستەمی کۆکردنەوەی ئابووریی لە ناوەند ڕەت دەکاتەوەو لاگیریی لە سیستەمێکی ئابووری دەکا کەلە سەر تایبەتمەندیی ناوچەکان و بەپێی کەرەسەی خاوێ کە لە کانگاکاندا هەیە، کارخانە و بنکە پیشەییەکان دابمەزرێ. سیستەمی ئابووری کوردستان دەبێ لە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندیی کورددا بێ. لەلایەکەوە بەشێک بێ لە سیستەمی جیهانی کە نەزمی نوێ دابەشی دەکا و لە لایەکی دیکەوە تایبەتمەندی خۆشی هەبێ بۆ گەشەکردن لەو بوارانەدا کە لە ناوچەکەدا ڕکەبەریی لەگەڵ ناکرێ.
دەوڵەتی جمهووریی کوردستان بەرپرسی دابینکردنی بژێوی هەر دانیشتوویەکی کوردستانە کە لە هەلومەرجی بێکاری، بێداهاتی یان کەمئەندامی و پەککەوتەییدا بێ. هەموو کەس دەبێ لە بیمەی دەرمانی و بیمەی پیری و پەککەوتەیی و کەمئەندامی کەڵک وەربگرێ. هیچکەس نابێ لە برسان بمرێ و بێئەنوا و شوێنی حەسانەوە بێ. هەبوونی کان و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و داهاتی نەفت و سیستەمێکی ماڵیاتیی گونجاو، ئەو دەرەتانە بۆ کۆماری کوردستان پێکدێنێ کە بودجەی تایبەتی بۆ هەژاران و بێدەرامەتان تەرخان بکا. دابینکردنی لانی کەمی بژێوی ژیان بۆ نەداران دەبێتە هۆی جێگیر بوون و مانەوەی خەڵک لە گوندەکان و پێش بە ڕەوی بە کۆمەڵی خەڵک و گوشارهێنان بۆ شارەکان و زیاد بوونی فەساد و گەندەڵکاری لە کۆمەڵگەدا دەگرێ.
پارتی ئازادیی کوردستان له کۆماری کوردستاندا لە ڕێگای دامەزراندنی سیستەمی پارلمانی، پلۆرالیستی، فرەحیزبی، حکومەتی قانوون و قانوونی بنەڕەتی نووسراو، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتر و سیستەمی قەزایی سەربەخۆ، بۆ دیمۆکراتیزەکردنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی تێدەکۆشێ. هەروەها لە ڕێی بەهێزکردنی گیانی هاوکاری و تەساموح و لێبوردن لە نێوان چین وتوێژە کۆمەڵایەتییەکان، پێڕەوانی ئایین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان، ژن و پیاو، گوندنشین و شارستانی، لاو و بەساڵاچوو، ساخ و پەککەوتە، خاوەن مۆڵک و کرێچی، قوتابی و مامۆستا، شاگرد و وەستاکار، هەروەها بە پاڵپشتیکردنی NGO کان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێدەکۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان، بە خەبات بۆ دابین و دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ (دەسنیشانکراو لە ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا) مافی هاووڵاتی بوون و مافی دەنگدانی ئازاد، نهێنی و گشتی و ئازادییەکانی: دین و مەزەب، خاوەندارێتی، ئەندێشە و باوەڕ دەربڕین، پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵ و ئەنجومەنی پیشەیی و سیاسی، پێوەندیی و تێکەڵاویی، سەفەر و نیشتەجێ بوون و ئازادی چاپەمەنیی، بۆ چەسپاندنی سەروەریی و دەسەڵاتدارێتی خەڵک تێدەکۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان ڕێز لە ئایینە ئاسمانییەکان دەگرێ. دەستەبەرکردنی ئازادی و دابینکردنی ئەمنییەت بۆ پەیرەوانیان لە بەجێهێنانی ڕێورەسمەکانیان و پاراستنیان لە بەکارهێنانی ئامرازیی دەستە و تاقمەکان و ڕێگەنەدان بە دەستێوەردانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئایین لە کار و باری تایبەتی یەکتر، بە ئەرکی حکومەتی کوردستان دەزانێ.PAK تێدەکۆشێ ناسیۆنالیزمی کورد ببێتە ئاڵقەی قایمی یەکێتی گشت ڕۆڵەکانی نەتەوە به هەموو ئایین و دین مەزەب و تەریقەتێکەوە.
پارتی ئازادیی کوردستان تاک بە بنەما و خێزان بە شیرازەی کۆمەڵگە دەزانێ و مەرجی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵ لە گەشەی تاک و خێزانی ساخ و سڵامەتدا دەبینێ. بۆیە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک، دەرفەت دان بە پشکووتنی بەهرەکانی و ڕێکردنەوە بۆ داهێنانەکانی لە هەموو بوارەکاندا و مافی پێکەوەنانی خێزان وئاسانکاری بۆی و دابینکردنی پێداویستیەکانی گەشە و سڵامەتییان، خەبات دەکا.
لە کۆماری کوردستاندا مافی خوێندن هەمووانییه، هەموو کەس لە هەر پلەیەک و لە هەر تەمەنێکدا دەبێ بخوێنێ. پەروەردەکردنی مرۆڤی کورد و پاراستنی سڵامەتی لەش و فیکری هەموو دانیشتوانی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی ئەرکە گرینگەکانی کۆماری کوردستانە. خوێندن و وەرزش و ڕاهێنان لە هەموو بوارەکانی سەرەتایی و مام ناوەندی و زانستگەدا بەلەبەرچاوگرتنی ویست و هۆگریی خوێندکار و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگای کوردستان و بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژی سەردەم ڕێکدەخرێ. پەروەردەکردنی مناڵ بە شیوەیەکی باش و سەردەمیانە و قەدەخەکردنی کار پێی، لە پرۆگرامەکانی حکومەتی کوردستانه.
زمانی کوردی زمانی ڕەسمی دەوڵەتی کوردستانە. زمان ئەلەمێنتێکی گرینگی شوناسی نەتەوییە و بژارکردن و گەشە پێدانی تا ئاستی دروستبوونی زمانێکی ستاندارد و یەکگرتوو بابەتێکی ژیاری و گرینگە. پاراستنی زمانی کوردی لە تێکدان و شێواندن، ئەرکی حکومەتی کوردستانە. پەرەپێدانی فەرهەنگ و ڕۆشنبیری نەتەوەیی لە ڕێی ڕمێندان بە هونەرەکانی شانۆ و سینەما، موسیقی و گۆرانی و هەڵپەڕکێ، خۆشنووسی و پەیکەرتاشی و شێوەکاری، ئەو پرسە فەرهەنگی و کولتووریانەن کە پارتی ئازادیی کوردستان بایەخیان پێدەدا و له ڕیزی ئەرکە گرینگەکانی کۆماری کوردستانیان دادەنێ.
پارتی ئازادیی کوردستان لە کۆماری کوردستاندا لەسەر دەستەبەرکردنی یەکسانی و دابینکردن و چەسپاندنی ماف و ئازادییەکانی هەموو دانیشتوان و نەتەوە نەکوردەکان و کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبیەکانی کوردستان پێدادەگرێ و بۆ پتەوکردنی پێوەندیی هاونیشتمانی لە نێوان کورد و ئەواندا تێدەکۆشێ. شار و گوندەکانی کوردستان کە خەڵکی نەکوردیشی تێدا نیشتەجێن، بە شێوەی کانتونەکانی سویس، بەڕێوە بردنیان لە سەر بناخەی دیاریکردنی ڕێژەی زۆرایەتی نفوس دەبێ.
پارتی ئازادیی کوردستان پاراستنی خاک و ژینگە و پاراستن و ڕاگرتن و پەرە پێدانی دارستان و لێرەوارەکان و سامان و سەرچاوە ئاوی و ژێرزەوییەکان کە سامانی نەتەوەیین و دروستکردنی نیشتمانێکی سەوز و پەروەردە و پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی ژینگە پارێزیی و پاراستنی شوێنەوارەکان و ئاسارە کۆن و مێژووییەکانی کورد و حەولدان بۆ گەڕاندنەوەی بەشە دزراوەکانی بە ئەرکی خۆی و حکومەتی کوردستان و هەموو تاکێکی کورد دەزانێ.
پاراستنی پاقژی و بنەبڕکردنی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و قەلاچۆکردنی مادەسڕکەرەکان و ئاشناکردنی ڕۆڵەکانی کورد لەگەڵ پێشکەوتنەکانی زانست بۆ سڵامەتی و ژیانیکی پاقژ، کۆنتڕۆڵی خۆراک و پاراستنی مرۆڤ لە بەکارهێنانی هۆرمۆنی قەڵەوکردنی حەیوان و پەلەوەر و داوودەرمانی کیمیاویی لە نێوبردنی پەتای گیاو دەغڵ و دان و کونترۆڵی ڕێژەی نفوس بەپێی بەرنامەیەکی زانستی و بەلەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ئەرکی حکومەتی کوردستانە.
لە ڕوانگەی پارتی ئازادیی کوردستانەوە، پرسی نەتەوەیی کورد، پرسێکی نێودەوڵەتییە. هەر بۆیە فاکتەری نێودەوڵەتی کاریگەرترین شوێنەواری لە سەر چارەنووسی کوردستان هەیە. لەم ڕووەوە پارتی ئازادیی کوردستان پێوەندییەکانی دەرەوەی بە لە بەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە و بە پێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ڕێکدەخا. PAK لەم قۆناخەدا، بۆ کەڵک وەرگرتن له پرێنسیپی"دەستێوەردانی مرۆڤی" و دانانی هەموو خاکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە"هەرێمی دژەفرین"، تێدەکۆشێ. بەکارهێنانی پرێنسیپی دەستێوەردانی مرۆڤی و دانانی هەرێمی دژە فرین، لە سالی 1991ەوە ژمارەیەک نەتەوە، یەک لەوان کوردی لە باشوری کوردستان لە دەسدرێژیی و بەردەوامیی کوشتار و قڕکردن پاراست و دەرفەتی سیاسی لە باری بۆ کردەوە.
پارتی ئازادیی کوردستان، بۆ پێکهێنانی نوینەرایەتییەکی کوردستانی هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ دەربڕینی دەنگ و ئیرادەی یەکگرتووی کورد لەئاستی نێونەتەوییدا تێدەکۆشێ. نوێنەرایەتییەکی ئەوتۆ دەتوانێ داوای ئەندامەتی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و یەک لەوان ئەندامەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکا. نوێنەرایەتییەکی ئەوتۆ پێکهاتە و سترۆکتۆری سەربەخۆ لە کار و باری حیزبایەتی دەوێ. هاوکات بۆ پێکهێنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی ونیشتمانی و ڕێکخستنی پێوەندی و دیاریکردنی ئەرک ومافەکانی نێوان بزاڤی پارچەکانی کوردستان تێدەکۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان لە خەباتی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان پشتیوانی دەکا، لە قۆناخی ئێستادا بۆ بە هێزکردنی هاوکاری و لە داهاتوودا بۆ ڕەچاوکردنی بنەماکانی دراوسێتیی باش لەسەر بنەمای ڕێزی بەرانبەر، دەستێوەرنەدان لە کاروباری یەکتر و بەرژەوەندیی هاوبەش تێدەکۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان زانیاری و دیکۆمێنتەکانی تاوانەکانی کوردقڕان و ژینۆسایدی کورد و تاڵانی سامان و داراییەکانی کۆدەکاتەوە، ڕێکیان دەخا و لە کات و هەلی لەباردا بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی که بۆ بژاردن و قەرەبووکردنەوی خەسارەتە گیانی و مادیی و مەعنەوییەکان، بەرپرسایەتی بخاتە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران و بەرعۆدەی بناسێ، تێدەکۆشێ.
پەیڕەوی ناوخۆی پارتی ئازادیی کوردستان PAK
پەسند کراوی کۆنگرەی یەکەم
18-20 ڕەزبەری 2706
(10-12 ئۆکتوبری2006)
مادەی یەکەم: ناو و نیشانی پارتی
1- ناو: پارتی ئازادیی کوردستانPAK .
2- ئاڕم: بریتییە لە دوو چوارگۆشەی تێکهەڵکێشراو لە سەر تەختینێکی سپی کە ناوەندەکەی بازنەیەکی زەردە و بەگشتی لە سەر تەختێکی نارنجی دانراون. ئەم ئاڕمە لە دەسچنە هەرە کۆنەکانی کورد وەرگیراوە، هێمایەکە بۆ یەکێتی و یەکگرتنی نەتەوەی گەورەی کورد. ئاڵای نەتەوەیی کورد، بەشێک لە ناسنامەی سیاسیی و ڕێکخراوەیی پارتییە.
3- ڕەنگ: نارنجی
4- سروود: سروودی نەتەوەیی کورد، ئەی ڕەقیب
5- دروشمی سەرەکیی: دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهوری کوردستان
مادەی دووهەم: دەستووری گشتی
1- پارتی ئازادیی کوردستان، پارتێکی سیاسیی نەتەوەیی، دیمۆکرات و ئازادیخوازە، لە یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و ویست و داخوازی خۆ ویستانەی تاکە کەسەکان بۆ تێکۆشان لە سەربنەمای بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمان (کورد و کوردستان) دامەزراوە. ڕادانی دواسەربازی داگیرکەر و وەدەسهێنانی سەروەریی سیاسیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستان، بنەمای فکری و ئامانجی ستراتیژیی پارتی ئازادیی کوردستانە. چوارچێوەی خەبات و چالاکیی PAK ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
2- پارتی ئازادیی کوردستان هەموو چین و توێژ و کەرتەکانی کۆمەڵ لە خۆ دەگرێ و دژ بە دیکتاتۆری و توتالیتاریزم، سەرەڕۆیی و ملهوڕیی و سیستەمی تاک حیزبییە.
4- پارتی ئازادیی کوردستان، لە هەر داهێنان و ڕێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە و هێمنانە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد پشتیوانی دەکا.
6- باوەڕ بە ئازادیی و دیمۆکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی قانوونی ژن و پیاو، بەیاننامە و میساقەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ژینگە پارێزیی، ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕوگەی پارتی ئازادیی کوردستانن.
7- پارتی ئازادیی کوردستان، لە نێو بردنی خاوەندارێتی تایبەت و دەسبەسەرداگرتنی سامان و کەرەستەی بەرهەمهێنان لە لایان دەوڵەتەوە یان بە سوودی چینێکی تایبەتی کۆمەڵ، ڕەت دەکاتەوه و مافی خاوەندارێتی بۆ تاکەکان بە یەکێک لە بنەماکانی ئازادی و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ دەزانێ.
مادەی سێهەم: شیوەی تێکۆشان
پارتی ئازادیی کوردستان بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران لە کوردستان و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهوری کوردستان و بەرگری لێی، کەڵکوەرگرتن لە هەر کەرەستە و تەکنیکێکی ئەم سەردەمە، و هەموو چەشن و شێوەکانی خەبات، بە مەرجێ بەدەر لە تێرۆر و ڕەشەکوژی بن بەرەوا دەزانێ و کەڵکیان لێ وەردەگرێ. لە دەرفەتی قانوونیدا لە شێوە قانوونییەکان کەڵک وەردەگرێ و لە کاتی هێرش و داگیرکارییدا، بەرەنگاری هێرشکار و داگیرکەر دەبێتەوە. خەباتی چەکداری و جەنگی ئازادیبەخشی نەتەوەیی یەک لە شێوەکانی خەباتی پارتی ئازادیی کوردستانە.
مادەی چوارەم: پرێنسیپەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕێکخستن دا
1- گرێدان،وەسەریەکخستن و لە یەک هەڵپێکانی تاقەت و تواناکانی یەک بەیەکی خەباتگێران و دروستکردنی ئیرادەیەکی یەکگرتوو و پتەو لە سەر بنەمای باوەر، متمانە،راستگۆیی، خۆشەویستی و هاوچارەنووسی، دوور لە گەندەڵی و فرت و فێل و درۆ و پیلانگێری و دەستەبەندی و ناوچەگەریی.
2- ئەسڵی هەڵبژاردنی دیمۆکراتی: هەموو ئۆرگانەکانی PAK لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵدەبژێردرێن.
3- عەقڵی بە کۆمەڵ، بەرپرسایەتی تاکە کەسیی: سەر لە بەری پارتی ئازادیی کوردستان و هەموو ئۆرگان و دام و دەزگاکانی بڕیاردانی، پشت بە عەقڵ و ڕێبەرایەتی بە کۆمەڵ دەبەستن، ڕێ بە تاکڕەویی و سەرەڕۆیی نادرێ و لە عەینی کاتا بەرپرسایەتی تاکەکەسییە و دابەش ناکرێ.
4- ڕەچاوکردنی ڕاوێژ وگفتوگۆ،قەناعەت و دروستکردنی بریاری یەکگرتوو : لە هەموو ئۆرگان و کۆمیتە و دەزگاکانی ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبەرییPAK دابۆ دروستکردنی بڕیارات ڕەچاوی ئەسڵی گفتوگۆ و ڕاوێژ و قەناعەت و گەیشتن بە بریاری هەمووانی دەکرێ. ئەگەر ئەو بنەمایە توانای دروستکردنی بریاری نەبوو، دەنگی زۆربە(نیوە+1) بریار ساخدەکاتەوە.
5- ڕاپۆرت و ڕاپۆرتدانەوە: ئۆرگانەکانی خوارەوە لە سەریانە ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانیان بۆ سەرەوەی خۆیان بەرز بکەنەوە؛ ئۆرگانەکانی سەرەوەش بە پێچەوانەوە.
5- ڕەخنە و ڕەخنەلە خۆگرتن: ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆگرتن لە هەڵە و کەم و کوڕییەکان، چەکی بە هێزی پێداچوونەوە، هەڵەبڕی، بژاری کەمووکورییەکان و زامنی خاوێنیی و ئامرازێکی دیمۆکراتیزە بوونی پێوەندییەکان و پتەو کردنی یەکێتی ڕیزەکانی PAK ە.
6- ئەندام بڕیاری ڕێکخراو، ئۆرگانەکانی خوارەوە بڕیاری ئۆرگانەکانی سەرەوە جێبەجێ دەکەن. ئۆرگانەکانی سەرەوە لە دارشتن و دەرکردنی بڕیاردا بایەخ بە دید و بۆچوون و پێشنیاری ئەندام و ئۆرگانەکانی خوارەوە دەدەن.
7- کەڵک وەرگرتن لە توانای پسپۆڕان و ناوەندە زانستییەکان؛ ئۆرگان و دام و دەزگاکانی ڕێبەرایەتیPAK، بۆ گەڵاڵه کردنی بڕیاراتی سیاسییان کەڵک لە توانا زانستی و پسپۆڕییەکانی تاکە کانی کۆمەڵ و ناوەندە زانستییەکانی وەک زانکۆکان وەردەگرن و ڕاوێژیان پێدەکەن.
8- دەرفەتی یەکسان، دیسیپلینی وەک یەک: لە ڕیزەکانی پارتیدا بۆ هەموو ئەندامان دەرفەتی یەکسان هەیە و بۆ هەمووانیش یەک دەیسیپلین.
9- مافی تاکەکان لە هەبوون و دەربڕینی بیروڕای سیاسی جیاواز: لە ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان دا، هەبوونی بیروڕای سیاسی جیاواز و دەربڕینی ئازادە و دەرەتانی بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندنی بۆ پێکدەهێنرێ.
10- پلۆرالیسمی فکری: لە پارتی ئازادیی کوردستاندا، فکر و باوەڕ و بۆ هەموو ئەندامان ئازادە و هەموو کەس مافی دەربڕین و باسکردنی هەیە و توتالیتاریسم لە هەموو شێوەکانیدا ڕەت دەکرێتەوە. بنەمای یەکگرتنی ئەندامان یەکێتی هەڵوێست و ئامانج و سیاسەتە.
تێبینی: فکر و باوەڕێک کە کورد بە نەتەوە دانەنێ، کوردستان بە دابەشکرا و داگیرکراو نەزانێ و مافی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوون بۆ کورد نەسەلمێنێ، لە پارتی ئازادیی کوردستاندا جێی نابێتەوە.
مادەی پێنجەم: بنچینە و تەلاری ڕێکخراوەیی PAK
بنچینە و تەلاری ڕێکخراوەیی پارتی ئازادیی کوردستان لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەمجۆرەیە:
1- ئەندام
2- شانە
3- ڕێکخراو
4- کۆمیتەی ناوەندی
5- مەجلیسی گشتی
6- کۆنفرانسی گشتی
7- سەرۆک
8- کۆنگرە
9- دەستەی دادوەریی
تێبینی 1: هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکێک لە ڕێکخراوەکانی پارتی ئازادیی کوردستانە کە بە پێی ئایینامەی تایبەتی خۆی، ڕێکدەخرێ و فەرماندەیی دەکرێ.
تێبینی2: ڕێکخراوەکانی دەرەوەی وڵاتی پارتی ئازادیی کوردستان، لە سەر بنەمای بارودۆخی تایبەتی خۆیان ڕێکدەخرێن و ڕێوشوێنی کار و چالاکییان لە لایان مەجلیسی گشتییەوە بۆ دیاریی دەکرێ.
مادەی شەشەم: ئەندامەتی
1- ئەندامەتی لە پارتی ئازادیی کوردستاندا، دڵخوازانەیە.
2- دەسهەڵگرتن لە ئەندامەتی ئازادانە و سەربەستانەیە. لەم حاڵەتەدا پێویستە ئۆرگان و ناوەندی پێوەندیداری PAK ئاگادار بکرێ و هەرکەلوپەل و بەڵگەو ماڵ و داراییەکی کەوتبێتە لا، بیگەڕێنێتەوە.
3- هەموو کوردستانییەک لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەتوانێ بەم مەرجانەی خوارەوە ببێتە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان:
ئەلف: تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێ
ب: تاوانێکی قەرەبوونەکراوی کۆمەڵایەتی نەخوڵقاندبێ
ج: بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی PAK ی پەسند کردبێ
د: لە یەکێ لە بەش و ئۆرگانەکانی PAK داچالاکیی هەبێ
ح: بەکرێگیراو و سیخوڕی داگیرکەرانی کوردستان نەبووبێ
ت: خوێندەواریی هەبێ و زمانی کوردی بزانێ
ی: ئابوونەی ئەندامەتی بدا
4- ئەندامانی پارتی ئازادیی کوردستان، سەرمایەی بەنرخی ئەو پارتەن. PAK لە پاراستنی گیان و کەرامەت و دابینکردنی بژیو و گوزەران و ئاسایشیان بەرپرسیارە. لە حاڵەتی پیری و نەخۆشی و پەککەوتەیی و مردن و شەهید بوون، یان زیندان و ئاوارەییدا بە تەنگ خۆیان و ماڵ و خێزانیانەوە دەبێ.
تێبینی: هاووڵاتیانی نە کوردی کوردستان، بە مەرجی پەسندکردنی بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆ، دەتوانن ببن بە ئەندام و وەک ئەندامانی دیکە هەموو مافەکانی ئەندامەتییان هەبێ.
مادەی حەوتەم: چۆنیەتی و شێوەی وەرگرتنی ئەندامەتی پارتی ئازادیی کوردستان
هەر کوردستانییەک کە مەرجەکانی سەرەوەی تێدابێ، پاش تێپەڕاندنی ئەم پرۆسەیەی خوارەوە وەک ئەندامی پارتی وەردەگیرێ:
1- بە نووسراوە داوای ئەندامەتی بکا
2- ئەندامێک کە پێشینەی 2 ساڵ ئەندامەتی هەبێ پشتگیریی بکا
3- لەو کاتەدائەندامی هیچ حیزب و ڕێکخراوەیەکی سیاسیی دیکە نەبێ
4- 6 مانگ تاقیکردنەوەی، سەرکەوتوانە بڕیبێ
تێبینی: کەسایەتییەکان و ئەندامانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کە دێنە ڕیزەکانی PAKەوە ، بە پێی ڕێو شوێنێکی تایبەتی لەلایان" مەجلیسی گشتی"یەوە وەردەگیرێن و جێگا و پلەی حیزبییان بۆ دەسنیشان دەکرێ.
مادەی هەشتەم: ئەرکەکانی ئەندام
1- بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی پارتی ئازادیی کوردستان کە لە بەرنامە و بەڵگەنامە فەرمییەکانیدا دیارییکراون، لێبڕاوانە تێبکۆشێ.
2- بە پێی پەیڕەوی نێوخۆ، پابەندی دیسیپلینی حیزبیی بێ، ڕاسپاردە و بڕیارەکانی بەڕێوەبەرێ و بە ڕێکۆپێکی ئامادەی کۆبوونەوەکانی بێ.
3- ئەرکە پێ سپێردراو و دیاریکراوەکانی بەباشی بەڕێوە بەرێ و ڕاپۆرتی کارەکانی بە ڕێکوپێکی بۆ ئۆرگانی پێوەندییدار بەرز بکاتەوە.
4- نهێنییەکانی PAK بپارێزێ و ڕاستییەکانی لێ نەشارێتەوە.
5- ڕێز لە شەهیدانی نەتەوە وPAK بگرێ، سەروەرییەکانی نەتەوە و PAK بەرز ڕاگرێ و بۆ زەحمەت و خەبات و تێکۆشانی خەباتگێڕانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و هاوسەنگەرانی دێرینی حورمەت قایل بێ.
6- بەدەر لە مافە دیاریکراوەکانی، ماڵ و دارایی و پلە و پایەی ڕێکخراوەیی، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بەکار نەهێنێ.
7- بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی و بردنە سەرێی پلەی هوشیاری و زانیاریی نەتەوەیی خۆی و بنەماڵە و هاووڵاتیانی تێبکۆشێ و لە زانسته مرۆڤایەتییە جۆراوجۆرەکان کەلک وەربگری.
8- یەکێتی سیاسیی و ڕێکخراوەیی PAK بپارێزێ. خۆ لە دەستە و دەستەبەندی و ناوچەگەریی و گرێدانی پێوەندیی نهێنی بە دژی هەڤاڵانی و ئۆرگانەکانی پارتی ئازادیی کوردستان ببوێری.
9- ئەندامی PAKلە سەریەتی ڕاستگۆ،خاکەڕا، لە خۆبووردوو،دەس و داوێنپاک،روون و ڕاشکاو و بێ پێچ و پەنا بێ.
10- بڵاو کراوەکانی PAK بخوێنێتەوە و ئاگاداری تازەترین هەڵوێست و سیاسەتەکانی بێ و بیانباتە نێو هاووڵاتیانی شوێنی کار و ژیانییەوە.
11- سەبارەت بە پاراستنی سیستەمی ڕێکخستن، نابێ بە بێ ئاگاداری، شار، ڕێکخراو و وڵاتەکەی بەجێبێڵێ.
تێبینی: ئەو کەسانەی پێوەندییان لەگەڵ PAK هەیە و بە شێوەی جۆراوجۆر هاوکاریی لەگەڵدا دەکەن بەڵام ئەندام نین، بە لایەنگری تەشکیلاتی دەناسرێن.
مادەی نۆهەم: مافەکانی ئەندام
هەموو ئەندامێکی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەم مافانەی هەیە:
1- بە پێی ڕێسا دیاریکراوەکان لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانیدا بەشداری بکا و لە هەموو ئاستەکاندا هەڵبژێرێ و هەڵبژێردرێ.
2- دەربڕینی ڕاوبۆچوون و شوێندانان لە سەر پڕۆسەی دروستبوونی بڕیاری سیاسیی و ڕێکخراوەیی، لە کۆبوونەوە و ئۆرگانەکانی PAKدا.
3- ڕەخنەگرتن لە هەر هەڵوێستێک و لە هەر بەرپرس و کار بەدەست و ئۆرگانێکی حیزبیی، لە کۆبوونەوە، کۆنفرانس و کۆنگرەکانی پارتی ئازادیی کوردستاندا.
4- دانی پێشنیار و گەڵاڵەی سیاسیی و ڕێکخراوەیی بە هەموو ئۆرگان و دەزگاکانی PAK.
5- مافی بەرگریی لەخۆکردن بەرانبەر هەر ڕەخنە و بوختان و تاوانبارکردنێ کە ئاراستەی دەکرێ، بە شێواز و میتۆدی یاسایی ڕێکخراوەیی.
6- شکایەتکردن لە هەر ئۆرگان و بەرپرسێک لای ئۆرگانی سەروەتر سەبارەت بە پێشێلکرانی مافەکانی یان ڕەفتار و بڕیارێک کە بە شیاوی خۆی دانەنێ.
مادەی دەهەم: شانە
1- شانە، یەکەی بنەڕەتی ڕێکخستنی پارتی ئازادیی کوردستانە. لە 3- 5 ئەندام لە شوێنی کار و ژیانیان پێکدێ.
2- هەر شانەیەک لە شوێنی کار و ژیانی خۆی ئەرکی خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکان و بەڕێوەبردنی بڕیاراتی حیزبی و پێوەندیکردنی بە هاووڵاتیان و زانیاریدان و ئاگادار کردنی PAK ی لە سەر شانە.
مادەی یازدەهەم: ڕێکخراو
1- ڕێکخراویPAK لە دێ، ناوچە، گەڕەک، شار، شارستان و هەرێم ڕێکخەری ئەندامان و کار و چالاکیەکانییەتی لەو شوێنانە. هەر کام لەو ڕێکخراوانە لە لایەن کۆمیتەیەکەوە ڕابەرایەتی دەکرێن کە لە لایان ئەندامان، یان نوێنەرانی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەوە هەڵدەبژێردرێ. ناوی ئەو ڕێکخراو و کۆمیتانە بە پێی هەلومەرجی دیاریی کراو دادەنرێ.
2- ئەرکی هەر کام لە کۆمیتەکان، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و جێبەجێکردنی بڕیاراتی PAK لە سنووری جوغرافی دیاریکراویانە.
3- بەرزترین ئۆرگانی هەر ڕێکخراوێک کۆنفرانسی ئەو ڕێکخراوەیە کە لە ماوەی دیاریکراودا لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوه، یان نوێنەرانیان پێکدێ.
مادەی دوازدەهەم: کۆمیتەی ناوەندیی
1- کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئازادیی کوردستان کە لەلایان کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێ، بەرزترین ئۆرگانی بەڕێوەبەریی یە لە نێوان دوو کۆنگرەدا و بە تاک و بە کۆ بەرانبەر کۆنگرە بەرپرسیار و وەڵامدەرن.
2- کۆمیتەی ناوەندیی بڕیارەکانی کۆنگره و مەجلیسی گشتی جێبەجێ دەکا، سیاسەت و هەڵوێستی PAK لە سەر ڕووداو و بابەت و پێشهاتەکانی ڕۆژ دیاری دەکا، پێوەندی PAK لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و دەوڵەتان ڕێکدەخا، لە نێوخۆیدا کاروبار و بەرپرسایەتییەکان دابەش و دیاری دەکا و بۆی هەیە دەستە و ناوەندی پێویست لە نێوخۆیدا پێکبێنێ. چاودێری کاروبار و چالاکی دام و دەزگاکانی بەرفەرمانی خۆی دەکا و لە کۆبونەوەکانیدا، کاروچالاکییەکانی خۆی و ئەندامانی دەخاتە بەر باس و و ڕاپۆرتی خۆی بۆ کۆنگرە و کۆنفرانسەکان ئامادە دەکا.
3- لە کاتی پێویست دا کۆبوونەوە پێکدێنێ و لانی کەم ساڵی 4 جار کۆدەبێتەوە.
4- کۆمیتەی ناوەندیی دەتوانێ سکرتێر یان کوردیناتۆرێک بۆ خۆی بۆ پێکهێنانی هاواهەنگی و پێکهێنانی کۆبوونەوە و تۆمار کردنی کۆبوونەوەکان و بڕیارات و بە دواداچوونیان هەڵبژێرێ.
تێبینی1: کۆمیتەی ناوەندیی دەتوانێ لە نێو ئەندامانی PAKدا، بە ڕەزامەندیی مەجلیسی گشتی ژمارەیەک یاریدەدەر و ڕاوێژکار چ وەک تاک و چ وەک دەستەیەکی ڕاوێژکاری یان یاریدەدری بۆ خۆی هەڵبژێرێ.
تێبینی2: کەسانێ دەتوانن خۆ بۆ ئەندامەتی کۆمیتەی ناوەندیی بپاڵێون کە لانیکەم 10 ساڵ پێشینەی ئەندامەتی پارتی ئازادیی کوردستانیان هەبێ و تەمەنیان لە 26 ساڵ کەمتر نەبێ.
تێبینی3: ئەوکەسایەتیانەی دێنە ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستانەوە، تێبینی ژمارە2 نایانگرێتەوە و بە پێێ سەنگ و توانا و پێگەیان، لە لایان کۆنگرە یان مەجلیسی گشتیەوە بڕیاریان لە سەر دەدرێ.
مادەی سێزدەهەم: مەجلیسی گشتی
1- مەجلیسی گشتی لە لایان کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێ. بەرزترین ئۆرگانی داڕشتنی سیاسەتی گشتی و ڕێکخراوەییە لە نێوان دوو کۆنگرەدا و بە تاک و کۆ بەرپرسیار و وەڵامدەرن لە حاست کۆنگرە دا.
2- مەجلیسی گشتی چاودێری کارەکانی سەرۆک، کۆمیتەی ناوەندیی و ئۆرگان و دەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی PAK دەکا و دەسەڵاتی لێپرسیەنەوە لێیانی هەیە.
2- مەجلیسی گشتی بە پێی گۆڕانکارییەکان و پێویستی خەبات، ئۆرگان و دەزگا ڕێکخراوەییەکان پێکدێنێ یان گۆڕانکارییان تێدا دەکا و ئەندامانیPAK ڕێکدەخا.
3- لە کۆبوونەوەکانیدا کار و تێکۆشانی PAK لە نێوان دوو کۆبوونەوەیدا تاوتوێ دەکا و بڕیار و ڕێنمایی پێویست دەردەکا.
4- پێڕاگەیشتن بە پرسی هاتنی ئەو کەسایەتیانەی خاوەن سەنگ و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیانن، بۆ ڕیزەکانی PAK و دیاریکردنی پلە و بەرپرسایەتیان.
5- لانیکەم ساڵی دوو جار کۆدەبێتەوە.
6- کات و ڕێوشوێن و پێویستیەکانی بەستنی کۆنگرە و کۆنفڕانسەکان دیاریی دەکا
7- مەجلیسی گشتی دەتوانێ سکرتێر یان کۆردیناتۆرێک بۆرێکخستن و بەرێوەبردنی کۆبوونەوەکان و خستنە ڕووی خشتەی کاری کۆبوونەوەکان و تۆمار کردنی بڕیارات و بە دواداچوونیان هەڵبژێرێ.
تێبینی1: کەسانێ دەتوانن خۆ بۆ ئەندامەتی مەجلیسی گشتی بپاڵێون کە لانی کەم 10 ساڵ پێشینەی ئەندامەتی پارتی ئازادیی کوردستانیان هەبێ و تەمەنیان لە 26 ساڵ کەمتر نەبێ.
تێبینی2: ئەوکەسایەتیانەی دێنە ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستانەوە، تێبینی ژمارە1 نایانگرێتەوە و بە پێێ سەنگ و توانا و پێگەیان، لە لایان کۆنگرە یان مەجلیسی گشتیەوە بڕیاریان لە سەر دەدرێ.
مادەی چواردەهەم: کۆنفرانسی گشتی
1- کۆنفرانسی گشتی لە کاتێکدا دەبەسترێ کە بارودۆخێکی سیاسیی تازە خوڵقابێ یان دۆخێکی تایبەت بۆ PAK هاتبێتە گۆڕێ و پێویست بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆرتری ئەندامانی لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و حیزبیدا ببێ و لەعەینی کاتیشدا دەرفەت و دەرەتانی بەستنی کۆنگرە نەبێ.
2- کۆنفرانس لە سەرۆک و ئەندامانی مەجلیسی گشتی و کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەر و ڕاوێژکارانی و بەرپرسان و ئەندامانی کۆمیتە و ئۆرگان و دەزگاکانی PAK و کادرە بە ئەزموون و شارەزاکان پێکدێ و لەم حاڵەتەدا، هەموو سەلاحیەت و دەسەڵاتەکانی کۆنگرەی هەیە بێجگە لە گۆڕینی بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆ و لادان و دانانی سەرۆک.
مادەی پازدەیەم: سەرۆک
1- سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بە دەنگی زۆربە، لە نێو پاڵێوراوانی ئەو پۆستەدا، ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێ.
2- سەرۆک چاودێری بەڕێوەچوونی بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆ و سیاسەتی گشتی و بڕیاراتی کۆنگره و مەجلیسی گشتی و کۆمیتەی ناوەندیی دەکا.
3- سەرۆک بەشداری کۆبوونەوەکانی مەجلیسی گشتی و کۆمیتەی ناوەندیی دەکا و لە کاروبارەکانی ئەوان و لێپرسراوانی ڕێکخراو و ئۆرگانە سەرەکییەکانی پارتی دەپرسێتەوە و لە نێوانیاندا هاواهەنگی پیکدێنێ.
4- سەرۆک دەتوانێ لە نێو ئەندامان و لایەنگر و دۆستانی پارتی ئازادیی کوردستان یان لە نێو کەسایەتیییە نەتەوەییە خاوەن پسپۆڕییەکاندا بە شێوەی تاکەکەسیی یان دەستەیی، ڕاوێژکار بۆ خۆی دیاری بکا.
5- سەرۆک بە ڕووکاری دەرەوەدا، لە بواری نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە چوارچێوەی سیاسەت و بڕیاراتی پارتی ئازادیی کوردستاندا، نوێنەرایەتی PAK دەکا و ڕێککەوتن و پڕۆتۆکۆلەکان ئیمزادەکا.
6- سەرۆک بە شێوەی یاسایی لە بەرانبەر کۆنگرەدا و لە ڕووی ئەخلاقیەوە بەرانبەر هەموو ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتی بەرپرس و وەڵامدەر دەبێ.
7- هەر کات هەست بە پێویستی کرا،بە پێشنیاری سەرۆک و بە دەنگی کۆنگرە، جێگرێک بۆ سەرۆکی PAK دیاریی دەکرێ. جێگری سەرۆک، یارمەتی سەرۆک دەدا لە سەرۆکایەتی کردنی پارتی ئازادیی کوردستاندا و لە حاڵەتێکدا بە هەر هۆکارێک، سەرۆک توانای بەرێوەبردنی ئەرکەکانی نەبوو، جێی ئەو دەگرێتەوە.
مادەی شازدەیەم: کۆنگرە
1- کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی پارتی ئازادیی کوردستان و نوێنگەی ئیرادە و دەنگی ئەندامانی و سەرچاوەی شەرعیەتی بەرنامە و پێڕەو و بڕیارەکانی PAK ە.
2- کۆنگره بەشێوەی ئاسایی هەر 4 ساڵ جارێ، بە بەشداریی سەرۆک و جیگری سەرۆک وئەندامانی مەجلیسی گشتی و ئەندامان و یاریدەدەر و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندیی و دەستەی دادوەری و نوێنەرانی ئەندامان و ئەوانەی ڕاستەوخۆ بانگهێشت دەکرێن پێکدێ.
3- کۆنگرە، ڕاپۆرتەکانی سەرۆک و کۆمیتەی ناوەندیی و مەجلیسی گشتی و دەستەی دادوەریی تاو توێ دەکا، هەڵیاندەسەنگێنێ و بڕیاریان لە سەر دەدا.
4- کۆنگرە بەو سکاڵایانە ڕادەگا کە لە لایان ئەندامانی پارتی ئازادیی کوردستانەوە پێیگەیشتوون.
5- کۆنگرە بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆ و سیاسەت و ڕێبازی گشتی و ستراتیژی PAK دیاریی دەکا.
6- کۆنگرە سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەجلیسی گشتی و کۆمیتەی ناوەندیی و دەستەی دادوەریی هەڵدەبژێرێ.
7- یەکگرتنی پارتی ئازادیی کوردستان لە گەڵ حیزب یان حیزبەگەلی دیکە، لە دەسەڵاتی کۆنگرەدایە.
تێبینی: کۆنگرەی نائاسایی لە سەر داخوازی سەرۆکی پارتی، یان2-3 مەجلیسی گشتی، یان نیوەی ئەندامانی PAK پێکدێ. کۆنگرەی نائاسایی لە کاتێکدا پێکدێ کە قەیران یان بارودۆخێکی تایبەت هاتبێتە پێشەوە. ئەندامانی کۆنگرەی ئاسایی پێشوو، دەبنە ئەندامانی کۆنگرەی نائاسایی.
مادەی شانزەهەم: ڕێکخستنی نهێنی
1- لە ڕێکخستنی نهێنیدا، میتۆدی دیمۆکراتی و ئاشکرا کاریی بە قازانجی پاراستنی گیان و ئاسایشی تێکۆشەرانی ئەو بەشە، بەرتەسک دەبێتەوە.
2- ڕێکخستنی نهێنی لە لایان کۆمیتەیەکەوە کە لە لایان مەجلیسی گشتییەوە پێکدەهێنرێ، بەڕێوەدەبرێ و ڕێ و شوێنەکانی کار و تێکۆشانی بۆ دابین دەکرێ.
مادەی حەڤدەهەم: داهات و دارایی
1- داهات و دارایی PAK لەم ڕێگایانەی خوارەوە بە دەست دێ:
ئەلف: ئابوونەی ئەندامەتی ئەندامان
ب: یارمەتی ئەندامان، دۆستان، هاووڵاتیان
2- کۆمیتەی ماڵی و تەداروکات کە لە لایان مەجلیسی گشتییەوە پێکدەهێنرێ، بە چاودێری سەرۆکی PAK، بە داهات و خەرجییەکان ڕادەگا و چۆنیەتی و ڕادەی خەرجکردن لە هەموو ئاستەکانی PAK دارێکدەخا و چاوەدێری و تۆماریان دەکا.
مادەی هەژدەهەم: بابەتەکانی دیسیپلین، سزا و دادوەریی
1- بۆ پارتێکی سیاسی کوردستانی کە لە پێناو ڕاماڵینی داگیرکەر لە نیشتمان و ئازادیی نەتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خەبات دەکا و لەگەڵ دوژمنگەلێ داگیرکەر، توتالیتر و تیرۆریست ڕووبەڕوویە، هەبوونی سیستەم و دیسیپلینی قایم بایەخ و گرینگی تایبەتی هەیه و مەرجی مانەوە و سەڵامەتیەتی و لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی بەربەرەکانێ لەگەڵ دوژمنانی کورد و کوردستانە. هوشیاریی سیاسی و پلەی تێگەیشتن، یەکەمین و بەهێزترین دەستەبەر و پاڵنەر و هاندەری پێکهینان و گەشەپێدان و پاراستنی سیستەم و دیسیپلینی حیزبییە. هەروەها لێپێچانەوە و سزادان وەک واکسیناسیۆن و کوشتنی ڤایرۆس و میکرۆب وایە لەلەشی مرۆڤدا.
2- پێڕاگەیشتن بە بابەتەکانی پێشلکرانی دیسیپلین و خەتا و هەڵە و تاوانی ئەندامان و دیاریکردنی سزا بۆیان و پێڕاگەیشتن و بڕیاردان لە سکاڵای ئەندامانی PAK و دام و دەزگا حیزبییەکان ئەرکی دەستەی دادوەرییە.
3- بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکانی ئەندامەتی و بەڕێوەنەبردنی ئەرکی دیاریکراو، هەڵسوکەوت بە پێچەوانەی پێڕەوی ناوخۆ و دیسیپلینی حیزبی، لاساریی و سەرەڕۆیی و گیرە شوێنی، دەستەبەندی و ناوچەگەرایی، درکاندنی نهێنییەکان، بە فێڕۆدانی سامان و دارایی PAKو گەندەڵی و دەسپیسی، خوڵقاندنی تاوانی کۆمەڵایەتی، زوڵم و زۆر و سووکایەتی بە کەرامەت و حورمەتی مرۆڤ، ئازاردانی ژن و منداڵ، زیان گەیاندنی قەرەبوو نەکراو بە ژینگەی وڵات، بەستنی پێوەندی نهینی بەملاو و ئەولاوە، ئەنجامدانی کردەوەیەک کە زەبر لە پرستیژ و ناوبانگی PAK بدا؛ بە لادان لە بنەما یاسایی و ئەخلاقیەکانی پارتی ئازادیی کوردستان دەژمێردرێن و سزای بەدوادا دێ.
4- مەبەست لە سزادان، پاراستنی سڵامەتی سیستەمی حیزبیی، یاسایی، سیاسی و ئەخلاقی PAKو ڕێگەنەدان بە سەرەڕۆیی و پێشێلکردنی مافی تاکەکان و بەرگریکردن لە کەرامەت و حورمەت و مافەکانیان و پەروەردەکردن و فێرکردن و هەروەها گێڕانەوەی ئەندام لە خەتا و هەڵەی زیاتر و بەخۆدا چوونەوە و لابردنی هەڵە و پەڵەکانییەتی.
5- سزادانی ئەندام بە پێی ڕادە و ئاستی خەتا و هەڵە و تاوانەکەیەتی و لە چوارچێوەی ئەم شێوازانەدایە:
ئەلف: سەرکۆنە؛ زارەکی یان بە نووسراوە
ب: نزمکردنەوه، یان ئەستاندنەوەی لێپرسراوێتی
ج: هەڵپەساردن، یان ئەستاندنەوەی ئەندامەتی بۆ ماوەی دیاریکراو. ئەندامی هەڵپەسێردراو لە ماوەی هەڵپەساردندا، خاوەنی مافەکانی ئەندامی نییه
د: دەرکردن لە ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان
6- دەستەی دادوەری لە 3 تا 5 ئەندامی PAK کە شارەزاییان لە کار و باری یاساییدا هەبێ،لەلایان کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێ.
7- بڕیارەکانی دەستەی دادوەریی لە سزادانی ئەندامانی PAK دا، پێویستە لە لایان مەجلیسی گشتیەوە پەسند بکرێن.
رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی یەکەمی
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
سەعات 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 18- ڕەزبەری-2706، ڕێکەوتی 10-10-2006، لە هۆڵی کۆنگرەکانی هۆتێل شیرایتۆنی هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان، بە ئامادە بوونی نوێنەرانی زۆربەی حیزب و پارت و لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئاکادیمی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە ژێر دروشمی " لە پێناو دامەزراندنی کۆمارێکی دیکەی کوردستاندا" و بە ناوی "کۆنگرەی سەقامگیرکردنی پرێنسیپە نەتەوەییەکان" بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە بڕینی شریتی کۆنگرە لە لایان دایک و بابی شەهید سەعید یەزدانپەنا، دامەزرێنەری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، دەستیپێکرد. بە دوای ئەوەدا، بەڕێز کاک عەلی قازی محەممەد کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، وتەی بەخێرهێنان و کردنەوەی پێشکەشکرد. وتەکانی بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا سکرتێری گشتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان کە ئاوڕێکی خێرای لە دامەزران و داهێنانی و خەباتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دا بوەوە، بەشێکی دیکە لە پڕۆگرامی ڕێوڕەسمەکە بوو.
بە بۆنەی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانەوە دەیان پەیامی پیرۆزبایی لەلایان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کەسایەتی و کۆڕ و کۆمەڵە فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییەکان بە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی گەیشتوون. یەک لەو پەیمانە، پەیامی دەفتەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە لایان بەڕێز کاک بابا عەلی مێهرپەروەر ئەندامی دەفتەری سیاسییەوە پێشکەشکرا.
ناواخنی پڕۆگرامی ڕێوڕەسمەکە، چەپکێک گۆرانی لە لایان هونەرمەندان عەلی زەندی، فەرشید نوورانی و کۆڕی هونەری پێشمەرگە و بڵاوکردنەوەی فیلمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە 22-1-1994 لە لایان یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، بە ئامێری سکرین بوو. ئەم فیلمە کە تێیدا سکرتێری گشتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، لەو ڕێکەوتەدا، ڕادەگەیەنێ " ئێمە ئاڵای داگیرکەری ئێران دێنینە خوارێ و ئاڵای کوردستان هەڵدەکەین" لەلایان ئامادە بووانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنەی ڕێبەرانی مێژووی کورد و دروشمە نەتەوەییەکان، ئاوێتەی سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و وتەی پڕ هەست و بیری هەڤاڵی تێکۆشەر سکرتێری گشتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا بوون و دیمەنێکی هیوا بەخشیان لە داهاتووی خەباتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وێنا دەکرد.
لە ڕۆژانی داهاتوودا، بیروڕای گشتی لە هەواڵەکانی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ئاگادار دەکەین.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
18ی ڕەزبەری 2706
10ی ئۆکتۆبری 2006
pazadik.in
"لە پێناو دامەزراندنی کۆمارێکی دیکەی کوردستاندا"
بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەی یەکەمی
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
(کۆنگرەی سەقامگیرکردنی پرێنسیپە نەتەوەییەکان)
رۆڵەکانی نەتەوەی کورد!
تێکۆشەرانی ڕیزەکانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان!
حیزب و ڕێکخراوە و کەسایەتییەکانی کوردستان!
هەروەک له ڕاگەیەندراوەکانی پێشووی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستاندا ئاماژەیان پێکرا بوو، پاش ماوەیەک کاردروستایی بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، سەعات 10ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی 18- ڕەزبەری-2706 ک، 10-10-2006 ز، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە بەشداریی نوێنەرانی زۆربەی حیزب و پارت و لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی هەڵبژاردە لە کەسایەتییە ئاکادیمی و ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە هۆڵی کۆنگرەکانی هوتێل شیرایتۆنی هەولێری پایتەخت کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان (کۆنگرەی سەقامگیرکردنی پرێنسیپە نەتەوەییەکان) لە ژێر دروشمی: " لە پێناو دامەزراندنی کۆمارێکی دیکەی کوردستاندا" لە نێو دیمەنێکی ڕازاوە بە ئاڵای کوردستان و وێنەی ڕێبەرانی مێژوویی کورد و دروشمە نەتەوەییەکان، دەستی بەکار کرد.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرە، بە بڕینی شریتی کۆنگرە، لە لایان دایک و بابی شەهید سەعید یەزدانپەنا، دامەزرێنەری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دەستیپێکرد. بە دوای ئەوەدا لەگەڵ چڕینی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب"، ئامادە بووان ساتێک بە پێوە ڕاوەستان. پاشان بەڕێز کاک عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، وتەی بەخێرهێنان و کردنەوەی کۆنگرەی پێشکەش کرد.
شاندی نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لەو میوانانە بوو کە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون. بەڕێز کاک عەلی مێهرپەروەر ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبەکەی پێشکەش کرد. پاشان فیلمی ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە لایان یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانەوە لە دووی ڕێبەندانی ساڵی 1372ی هەتاویی کە تێیدا سکرتێری گشتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ڕادەگەیەنێ " ئێمە ئاڵای کوردستان هەڵدەکەین و ئاڵای ئێران دێنینە خوارێ" بە ئامێری سکرین پیشاندرا کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی ئامادە بووان ڕووبەڕوو بوو. بە دووای ئەوەدا، سکرتێری گشتیی یەکێتی شۆرشگێڕانی کوردستان، ئاوڕێکی خێرای لە دامەزران و داهێنانە سیاسییەکان و خەباتی 15 ساڵەی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دایەوە و ڕایگەیاند کە "کۆنگرەکەمان ئاڵوگۆڕی قووڵی بەدەستەوەیە". چەپکێک بەرهەمی جوانی هونەری گۆرانی و موسیقی کوردی لەلایان هونەرمەندان کاک عەلی زەندی و کاک فەرشید نورانی و هەڤاڵ زانیار، بە هاوکاری هونەرمەند بەهادین موشیر پەنایی و کۆڕی هونەری لاوانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ناواخنی پڕۆگرامی ڕێوڕەسمەکە بوون.
پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سیاسی – ڕێکخراوەیی و باس و وتووێژی تێروتەسەل لە سەری، خوێندنەوەی پڕۆگرام و پێڕەوی ناوخۆی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و پەسندکردنی کۆمەڵێک بڕیار و دواتر هەڵبژاردنی دام و دەزگاکانی ڕێبەرایەتی و وەک دوایین بەشی کاری کۆنگرە، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئاکام و بڕیاراتی کۆنگرە، ئەو کارانە بوون کە لە ماوەی 3 ڕۆژ کاری بێوچاندا، بەڕێوەچوون.
لە ڕاپۆرتی سیاسیی و ڕێکخراوەییدا، کە لە لایان بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەناوە پێشکەشکرا، بە چڕی باس لە کێشەی کورد و بارودۆخی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەت و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگەیی و ڕێکخراوەیی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە 15 ساڵی ڕابردوودا کرا. لە ڕاپۆرتەکەی بەڕێز سکرتێری گشتی دا، زەروورەتی بوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بە "حیزب" و ناو و ئاڕم و و ڕەنگی پێشنیاریی کۆمیتەی ناوەندیی خرایە بەرچاو و سەرنجی ئەندامانی کۆنگره. پاش وتووێژ و قسەوباسێکی تێروتەسەل لە سەر تێکڕای بابەتەکانی ڕاپۆرتی سیاسی – ڕێکخراوەیی و دەوڵەمەندکردنیان، ڕاپۆرتەکە بە تێکڕای دەنگ پەسندکرا و یەکبەیەکی پێشنیارەکان خرانە دەنگدانەوه. کۆنگرە بڕیاریدا یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ببێ بە "حیزب" و "پارتی ئازادیی کوردستان" بووە ناوی تازەی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ئارمی پێشنیارکراویش پاش شیکرانەوه، پەسندکرا. هەروەها ڕەنگی "نارنجی" وەک ڕەنگی تایبەتی پارتی ئازادیی کوردستان دیاریی کرا.
باسەکانی پێوەندیدار بە پڕۆگرام و پێڕەوی ناوخۆی پارتی ئازادیی کوردستان، کاتێکی زۆری کۆنگرەی بە خۆی تەرخانکرد و پاش باس لە سەر ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی لە سەر بەرنووسەکانیان لە دوور و نزیکەوە گەیشتبوون، خرانە دەنگەوە و پەسندکران. پڕۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستان، بە ڕۆحێکی تەواو کوردستانی و نەتەوەیی داڕژاوە و جیاوازییەکانی لەگەڵ هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان ڕوون و بەرچاوه. هەروەها پێڕەوی ناوخۆش، کۆمەڵێک داهێنانی گونجاوی پێوەدیارە.
پاش کۆتایی هاتنی باسەکانی پڕۆگرام و پێڕەوی ناوخۆیی PAK و پەسندکردنیان لە لایان کۆنگرەوە، نۆرە گەیشتە پرسی هەڵبژاردنی دەزگاکانی ڕێبەرایەتی پارتی ئازادیی کوردستان. ئەم بڕگەیە لە کاری کۆنگرە، بە پێی پێڕەوی ناخۆ، لە هەڵبژاردنی سەرۆکەوە دەستی پێکرد. لەم بەشەدا، لە کەتێکدا تێکڕای کۆنگرە بەشێوەی سروشتی تەنیا ڕووی لە یەک کەس، ئەویش هەڤاڵی خۆشەویست کاک حسەین یەزدانپەنا بوو؛ بەڕێزیان ڕوو لە ئەندامانی کۆنگرە وتی: " دەزانم ئێوە هەمووتان بیر لەوە دەکەنەوە کە من لە سکرتێری گشتییەوە ببمە سەرۆکی پارتی و دەزانم هەمووتان منتان قبووڵە، بەڵام کەسێک کەمن بە براگەورەی خۆمی دەزانم، باشە بیکەینە سەرۆکی پارتی، ئەویش کوڕی پێشەوا قازی محەممەدە؛ بۆیە داوا لە بەڕێزیان دەکەم ئەو ئەرکە قەبووڵ بکەن و داوا لە کۆنگرەش دەکەم دەنگی پێبدا". داوا و پێشنیاری بەڕێز سکرتێری گشتی بە چەپڵەی ئەندامانی کۆنگرە وەڵام درایەوە، بەڵام لەبەر ڕەچاوکردنی باری یاسایی بابەتەکە، بەڕێزیان ڕایگەیاند کە بە پێی پێڕەوی ناوخۆ ئەگەر کەسێکی دیکە خۆی کاندید دەکا مافی خۆیەتی و باخۆی بناسێنێ. پاشان داوا و پێشنیارەکەی بەڕێزیان بۆ هەڵبژاردنی بەڕێز کاک عەلی قازی خرایە دەنگدانەوە و بە تێکڕای دەنگ پەسند کرا.
بە دوای هەڵبژێرانی سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان، بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا، درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: " ئەوەندەی بۆ من دەگەڕێتەوە، داوا لە کۆنگرە و سەرۆکی PAK دەکەم، ڕێگەم بدەن تەنیا وەک پێشمەرگەیەک درێژە بە کار بدەم". لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆنگرە کەوتبوونە بەر کاریگەریی ڕۆحی گەورەی ڕێبەرەکەیان و فرمێسک لە چاویان دەهاتە خوارێ، بە چەپڵەلێدانی بەردەوام خوازیاری درێژەدانی بە کار لە ئاستی ڕێبەرایەتی دا بوون. هەر لەو کاتەدا بەڕێز کاک عەلی قازی، ڕایگەیاند کە: " لەگەڵ حورمەت بۆ داواکەی کاک حسەین یەزدانپەنا، بەڵام یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان بەبێ کاک حسەین نابێ و بەڕێزیان دەبێ، یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی PAK بن و پۆستی جێگری سەرۆک قبووڵ بکا". ئەندامانی کۆنگرە بە چەپڵەلێدانی بەردەوام و نەپساوە، ئەو ئەرکەیان خستە سەرشانی بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا.
هەڵبژاردن بۆ "مەجلیسی گشتی پارتی" و " کۆمیتەی ناوەندیی" و " دەزگای دادوەریی"، ئەو دام و دەزگایانەی کە بە پێی پێڕەوی ناوخۆ، لە نێوان دوو کۆنگرەدا ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبردن و دادوەریی پارتی ئازادیی کوردستان دەکەن، بەشێکی دیکە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو. لەم پێوەندییەدا، پاش قسەوباس و ڕاگۆڕینەوەی پێویست، 23 کەس لە خەباتگێڕانی پارتی ئازادیی کوردستان وەک ئەندامی ئەو دام و دەزگایانە هەڵبژێردران.
ڕاگەیاندنی ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ئاخرین بەشی کۆنگرە بوو کە لە سەعات 4 پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 12-10-2006، بە بەشداریی میوانانی کۆنگرە کە بریتی بوون لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و سەدان کەس لە کەسایەتییە ئاکادیمی و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوە چوو. ئەم بەشە لە کاری کۆنگرە بە وتەکانی بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا، دەستی پێکرد، کە تێیدا ئاکامەکانی کۆنگرەی یەکبەیەک ڕاگەیاند وتیشکێکی کورتی خستە سەر نێوەرۆک و ڕۆحی پڕۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستان.
وتەکانی بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا و بڕیارات و ئاڵۆگۆڕەکانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له لایان بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
بە دوای وتەکانی کاک حسەین دا، بەڕێز کاک عەلی قازی وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و سوپاسی تێکۆشەرانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانی کرد و ئەو ڕۆژەی بە "خۆشترین ڕۆژی ژیانی خۆی"وەسپ کرد. لە کۆتایی وتەکانی بەڕێزیاندا، بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا، دەستی نایە ناودەستی سەرۆکی PAK و دەستی هەڵبڕی. ئەو دیمەنە بە چەپڵەی بەردەوامی بەشدارانی ڕێوڕسمەکە پێشوازیی لێکرا.
پێشکەشکردنی پەیامی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە لایان نوێنەرانیانەوە بڕگەیەکی دیکەی کاری ڕێوڕەسمەکە بوو. هەر بەو بۆنەیەوە، دەیان کەسایەتی پەیامیان ئاراستەی کۆنگرە کرد بوو کە بەداخەوە، بە هۆی نەبوونی کات پێشکەش نەکران. ناواخنی پڕۆگرامەکانی ئەو بەشە، کۆمەڵێک گۆرانی ڕەسەنی کوردی بوو بە دەنگی هونەرمەندان عەلی زەندی و فەرشید نورانی و بە هاوکاریی هونەرمەند بەهادین موشیرپەنایی و کۆڕی هونەریی لاوانی PAK.
کۆنگرەی پارتی ئازادیی کوردستان، پاش 3 ڕۆژ کاری بەردەوام، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
ئەو حیزب و لایەنانەی کە بەشداریی ڕێوڕەسمی کۆنگرەی پارتی ئازادیی کوردستان بوون و پەیامەکانیان پێشکەش کرا، بریتی بوون لە:
1- حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
2- یەکێتی نیشتمانی کوردستان
3- پارتی دیمۆکراتی کوردستان
4- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
5- حیزبی شیوعی کوردستان
6- حیزبی لیبرالی کوردستانی سوریا
7- یەکێتی نەتەوەیی دیمۆکراتی کوردستان
8- پارتی دیمۆکراتی کوردستانی باکوور
9- پارتی دیمۆکراتی کورد لە سوریا (پارتی)
10- کۆنگرەی نەتەوایەتی کورد لە ئەمریکای باکوور
11- پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان
12- پارتی یەکێتی کورد لە سوریا (یەکێتی)
13- بزووتنەوەی دیمۆکراسیخوازانی کوردستان
14- پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور
15- پارتی یەکێتی کورد لە سوریا
16- پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان
17- حیزبی ڕزگاریی کوردستان
18- بزووتنەوەی دیمۆکراتی گەلی کوردستان
19- حیزبی ئازادی کورد لە سوریا
20- پارتی سەربەخۆیی کوردستان
21- پارتی پارێزگارانی دیمۆکراتی کوردستان
22- حیزبی دیموکراتی بیت النهرین
23- ڕێکەفتنی دیمۆکراتی کورد لە سوریا(ویفاق)
24- حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
25- بزووتنەوەی دیمۆکراتی تورکمان لە کوردستان
26- حیزبی ڕزگاریی کوردستان
27- حیزبی دیموکراتی پێشڤەروی کورد لە سوریا
28- پارتی نەتەوەیی کوردستان
29- پارتی یەکێتی کوردی ڕۆژاوای کوردستان
سڵاو لە 15 ساڵ خەبات و داهێنان و قوربانیدانی
پارتی ئازادیی کوردستان
پیرۆزبێ کۆنگرەی یەکەمی پارتی ئازادیی کوردستان
شەکاوە بێ ئاڵای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان
سەرکەوێ خەباتی پارتی ئازادیی کوردستان
لە پێناو دامەزراندنی کۆمارێکی دیکەی کوردستاندا
دەستەی سەرۆکایەتیی کۆنگرەی یەکەمی
پارتی ئازادیی کوردستان
24-رەزبەری-2706
16-ئۆکتۆبری-2006
سەرچاوە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئازادیی کوردستان http://www.pazadik.org/