دواڕۆژ، هۆگر کەمال
گۆشەی ئابوری – ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرایدەکات، داهاتی مانگی 10ی ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیار دۆلارە و ئاماژە بەوەش دەکات، دەتوانرا بە داهاتی ئەو مانگە مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابەشبکرێت.
لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر هەناردەی نەوت و داهاتی مانگی 10ی ئەمساڵی هەناردەکردنی نەوت، کە لە لایەن هەریەک لە دکتۆر غالب محەمەد عەلی پسپۆری نەوت، ئەنوەر کەریم، لە گۆشەی ئابوری – ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەکراوە و وێنەیەکی بۆ دواڕۆژ نێردراوە، تێیدا هاتووە "هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی (10) بە بۆری لە ڕێگەی بەندەری جیهان زیاتر لە 18.200.000 ملیۆن بەرمیل بووە".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرایدەکات "هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەو مانگەدا بە ڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە (6.298.000) ملیۆن بەرمیل بوە". باس لەوەشکراوە "بەپێی ڕێکەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر نەوتی کەرکووک، کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان هەناردەدەکرێت، دابەشدەکرێت لە نیوانیان".
لە ڕاپۆرتەکە ڕونیکردۆتەوە، "کۆی هەناردەکردنی نەوت لەم مانگەدا = (18.200.000 بەرمیل + 3.145.000 بەرمیل بەشی نەوتی کەرکووک بۆ هەرێم) = 21.345.000 39 دۆلار= 832.455.000 ملیۆن دۆلار بووە".
سەبارەتی فرۆشتنی نەوت ناوخۆ ڕاپۆرتەکە دەڵێت "داهاتی یەک مانگی بەرهەمە نەوتیەکان لەهەر چوار بەڕێوبەرایەتی بەرهەمە نەوتیەکان زیاتر لە 150.000.000 ملیۆن دولار، بە تایبەتی کە ئێستا بەرهەمە نەوتیەکان بەشێوەیەکی بازرگانی دەفرۆشرێت و هیچ پاڵپشتیەکی حکومەت نەماوە بۆ سووتەمەنی".
ئەو ژوورەی بزوتنەوەی گۆڕان، هێمایان بۆ ئەوەشکردووە "کۆی داهاتی مانگی (10) بریتییە لە 150.000.000 ملیۆن دۆلار + 832.455.000 ملیۆن دۆلار= 982.000.000 ملیۆن دۆلار".
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو "لە مانگی (10)دا داهاتی (نەوت بەڕێگەی بۆری، بەرهەمەنەوتیەکان) لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 982 ملیۆن دۆلار بووە، جگە لە داهاتی نەوت بە تەنکەر و داهاتی ناوخۆ، کە بەو داهاتە دەمانتوانی مووچەی تەواوی فەرمانبەران بدەین".
- 01-11-2016