لیژنەی غاز و سوتەمەنی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەرهەمی ئەمڕۆی غازی شل (ماڵان) زیاتر لە 11 هەزار و 900 بوتڵ غازه و ئەوەش زیاترە لە پێداویستی بەکاربراوی ناوخۆیی.
لیژنەکە ڕۆژانە پاش سەردان کردنی کۆمپانیا و کارگەکانی بەرهەم هێنان، ڕاپۆرتی کارو چالاکیەکانی خۆی پێشکەش بە قائیمقامیەت و لیژنە هاوبەشەکان دەکات.
سەردار ساڵح سەرۆکی لیژنەی غاز لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە وتی "بەرهەمی ئەمڕۆی غازی شل (ماڵان) زیاتر لە 11 هەزار و 900 بوتڵ غازە کە لەلایەن شانزە کۆمپانیاوە بەرهەم هێنراوە و بەنرخی 7 هەزار و 500 دینار بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت".
لەبارەی کەمبونەوەی غازی ماڵان لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی سەرۆکی لیژنەکە وتی "ئه و بڕەی کە ڕۆژانە بەرهەم دەهێنرێت زیاترە لە بڕی پێویستی بەکاربراو، کەمبوونەوەی بەرهەم هێنانی غازی ماڵان تەنها لەکاتی صیانە کردنی کارگەکاندایە، کە ئەویش قورساییمان لەسەر دروست ناکات".
لەبارەی گران فرۆشیەوە سەردار ساڵح جەختیکردەوە، هەرکەسێک گران فرۆشی بکات و بیەوێت بەنرخی زیاتر غازی شل بەسەر هاوڵاتیادا دابەش بکات لەلایەن قایمقامیەت و لیژنە هاوبەشەکانیەوە ڕوبەروی سزای توندی یاسای دەکەنەوە.
- 03-11-2016