حکومەتی ئاکەپە لەدرێژەی سیاسەتەکانی بۆ پێشێلکردنی دیموکراسی و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و چارەسەرنەکردنی کێشەی ڕەوای کوردستان، لەباتی پێزانینی هەڵوێستی هەدەپە و گەلی باکوری کوردستان، لەدژایەتی کودەتاکەی سەر ئاکەپە، بەپێچەوانەوە، کەوتونەتە دوژمنایەتی ئاشکرای هەدەپە و پەرلەمانتار و هەڵبژێردراوانی سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکان. ئەمشە و لەدرێژەی ئەو سیاسەتەدا، گەیاندیانە دەستگیرکردنی بەڕێزان سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکساکداخ و 9 پەرلەمانتاریان.
رێگای نادیموکراسی دەستگیرکردنی سەرۆک و سەرکردەکان و پەرلەمانتار و شارەوانییەکان،لەسەدەی ڕابردوودا تاقیکراوەتەوە و هیچ سوودی نەبووە. بەدڵنیاییەوە لەم سەردەمەی جیهانگیری و برەوی دیموکراسیەشدا شکست دەخوات. بۆیە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپە و هەڤاڵەکانیان، کڵپەی خەبات پەرە پێدەدات و پشتیوانی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانیش زیاتر دەکات. حکومەتی ئاکەپەش هێندەی تر دەخاتە ژێر فشاری وڵاتان و ڕ ای گشتی دیموکراسی، تەنیا ڕەوتی ناسیۆنالیزمی ڕاسیزمی تورکخوازەکان دڕتر دەکات، کە ئەمەش نەک هەر زیانی بۆ دیموکراسی هەیە، بەڵکو مەترسی کودەتای دیکەشی لێدەکرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتێکدا ئیدانەی دەستگیرکردنی بەڕێزان سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکساکداخ و گوڵتان کشاناک و هەڤاڵەکانیان دەکات، لەهەمان کاتدا داواش دەکات دەستبەجێ ئازاد بکرێن و ئاکەپە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دیالۆگ و چارەسەری کێشەی کورد و ڕازیکردنی یەکێتیی ئەوروپا،هە تا تورکیا وەربگیرێ لە یەکێتیی ئەوروپا.
داواش لە پەرلەمان و یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا، سۆسیال ئینتەرناسیۆنال و سۆسیال دیموکرات و هێزە دیموکراتەکان، بەگشتی حزبەکانی جیهان، ڕای گشتی و میدیاکان و سەرجەم ئەو لایەنانەی لەناوبردنی داعش و تیرۆریستانیان لا ئامانجە و تێدەکۆشن، ئاسایشی جیهان، لەرێگەی ئاسایشی و ئازادییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دابین بکەن. پێویستە دژی ئەم سیاسەتەی دوژمنایەتی دیموکراسی لەتورکیا و باکوری کوردستاندا، هەڵوێستیان هەبێت، چونکە ئەم سیاسەتەی ئاکەپە دەچێتە خزمەتی تیرۆریستان و داعش و دوژمنانی تری دیموکراسی.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
04-11-2016