رۆژنیوز هۆشمەند کوردی
وردبینی بۆردی نمرەی قوتابخانەکانی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار ڕایدەگەیەنێت، لە خوێندنی ساڵی 2015- 2016 زیاتر لە 1000 خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلاریش هۆشداری لە مەترسی وازهێنانی زیاتر دەدات.
تا دێت کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوون دەکات و زۆرینەی بوارەکانی ژیانیش بە خراپی دەگرێتەوە، ئەوەی بەدی دەکرێت لە ئێستادا وازهێنان لە خوێندن و پەروەردە ڕووی لە زیادبوونە و مەترسی زیادبونیشی لێ دەکرێ.
بەمۆ حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بنەڕەتی شەم لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەبارەی ئه و داتایانەی لەسەر وازهێنانی خوێندکاران کۆی کردوەتەوە بە ڕۆژنیوزی وت: "من هاوکات وردبینی بۆردی نمرەی قوتابخانەکانی بەریَِوەبەرایەتی پەروەردەی کەلارم، بۆ ماوەی دوو ساڵە خۆم وردبینم و ژمارەی قوتابیان و نەهاتوان و ئه و داتایانە لە کاتی وردبینیدا وەریدەگرم"
بەمۆ حسێن وتیشی: لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار لە کۆی 270 خویندنگە و باخچە من داتام لە 170 یان وەرگرتوە، له و ڕێژەیە (855) خوێندکاری دابڕاو هەیە بۆ ساڵی خۆێندنی 2015-2016، زیاد لە (500) خوێندکاریش نەڕۆیشتونەتە تاقیکردنەوەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: زۆرینەی قوتابیان منداڵی مامۆستا و فەرمانبەر و کاسبن، کە دەکاتە ڕێژەی 90%.
ئەوەشی خستەڕوو: "من وەکو مامۆستایەک مەبەستم ئەوەیە کە ئەم قەیرانە کاریگەرییەکی نەرینی لەسەر ژیانی قوتابیان داناوە، خەڵک ژیانی نییە ئیتر بۆ مامۆستا بخرێتە سەنگەرەوە."
لای خۆیشیەوە شێروان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار بۆ ڕۆژنیوز و تی: ئه و داتایەی باس لە وازهێنانی نزیکەی 1000 خوێندکار لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار دەکات زۆر ڕاستە، بەڵام ئه و وازهێنانە لە قۆناغی بنەڕەتیە و ئەگەر زۆریش وردببینەوە زۆربەی ئه و خوێندکارانەی وازیان هێناوە لە خوێندنی (ئێواران و خوێندنی خێرا و بنکەی نەهیشتنی نەخوێندەوارین و ناشکرێت بڵێن خوێندنی ڕۆژیشیی تێدا نیە.
وتیشی: وازهێنانی 1000 خوێندکار ژمارەیەکی مەترسیدارە و ئەتوانین بڵێن 2%ی کۆی ژمارەی خوێندکارانی پەروەردەی کەلار دەستبەرداری خوێندن بوون.
بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ئەوەشی ووت: ئەگەر ئەم قەیرانە بەردەوامی هەبێ و خوێندنگاش بکرێتەوە ئەوە مەترسی زیادبوونی وازهێنانی ئەم ژمارە خوێندکارە دەکرێت، جگە لە خوێندکاران مامۆستایانیش موڵەتی بێ موچەی دەکەن بۆ ئەمساڵی خوێندن (75) مامۆستا لە سنوری پەروەردەی کەلار موڵەتی بێ موچەیان کردوە.
270 خوێندنگا و باخچەی ساوایان لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار هەیە لەگەڵ 54 هەزار خوێندکار، سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار پێکدێت لە خوێندنگاکانی (کەلار و شارەدێیەکانی ڕزگاری و پێباز و گوندەکانی دەورو بەری).
03-11-2016