ئەمڕۆ 4 نۆڤەمبەر لەهەڵمەتێکی سەرکوتگەرانەی پۆلیسی تورکیا بۆسەر پارتی دیموکراتی گەلان، هەدەپە، هاوسەرۆکان و 9 ئەندام پەرلەمانی تری ئەم حزبە، بە پاساوی "پەیوەندی بەتیرۆرەوە" دەستگیر کران و پاشان ڕەوانەی شاری ئاماد کراون.ئەم پەلامارەی ڕژێمی ئوردوگان و حکومەتە فاشیستەکەی لە درێژەی سیاسەتی توندکردنەوەی سەرکوتگەری وپەلاماری سەربازیدایە بۆسەر خەڵکی سەراسەری تورکیا کە بەدوای کودەتا سەربازیەکەی ئەم دوایانەدا گرتویەتیەبەر.هێرشێکی سەربازی و پۆلیسی بۆ سەر ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە تورکیادا، زیندانی کردنی بەکۆمەلی موخالیفانی حزبی دەسەلاتدار، زەبروزەنگ بەرامبەر بەهەڵسوراوانی چەپ و کرێکاری و بەرتەسکردنەوەی هەڵسورانیان، داخستنی دەیان ڕۆژنامە وئیزگەی تەلەفزیۆنی ورادیۆیی، تا ئیسلامیزەکردنی یاساکانی وڵات وپشتوپەناگرتنی داعش وهەڵخستنی فەزای جەنگ و عەسکەرتاریەت بەسەر شارەکانی کوردستانی تورکیادا.. هەموو ئەمانە گۆشەیەک لە سیاسەتی تیرۆریستی دەوڵەتی وئیستبدادی حکومەتی نمایش دەکات، کەئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی بۆ لەنگەرگرتنی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وتێپەرکردنی قەیرانێکی سیاسی کەبەرۆکی پێگرتووە، دەستی بۆ بردووە. بێگومان سیاسەتێکی ئاواش سەرەتایەکە بۆ دەستپێکردنی لێکترازنی کۆمەڵگەی تورکیا وهەڵخستنی ڕقبەری قەومی و نائارامکردنی سەراسەری کۆمەڵگای مەدەنی تورکیا.
ئۆردوگان وحکومەتە فاشیستیەکەی کەلەژێر ناوی"راوەستانەوە بەرامبەر بەتیرۆر"دا درێژەپێدەری ئەم سیاسەتە سەرکوتگەری و ڕەشبگیریە، لە دۆخی شەر و کیشەمەکێشەکانی ئێستای ناوچەکەدا بەڕاکێشانی هێزی سوپا بۆ ناوخۆی عێراق و سوریا و پشتیوانی کردنی ئاشکراو ژێربەژێری داعش ودەستە و تاقمە ئیسلامی و نەتەوەیی وکۆنەپەرستەکان، خۆی وەک دەوڵەتێکی تیرۆریست ڕۆڵ دەگێڕێ لەکاولکردنی کۆمەڵگا وکوشتار و ئاوارەکردنی خەڵکی بێتاوان.
کارنامەی ڕەش وسەرکوتگەری ئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی، جارێکیتر مایەپوچی "حکومەتی دیومکراسی و پەرلەمانی" دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی هەم لەناوخۆی تورکیا و هەم لەدەرەوەدا، لەمەحەک دەداتەوە.هاوکات مۆری ڕیسوایی بەنێوچاوانی "ئینسان دۆستی و دیموکراتی" ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە دەنێ، کەبەدەربڕینی"نیگەرانی سەرانیان" هەمو ئەم تاوان و بەربەریەتەی ئۆردۆگان تێدەپەڕێنن.
بەرپەچدانەوەی فراوانی دەوڵەتی تیرۆریستی تورکیا ئەرکی دەستبەجێی جەماوەری ئازادیخوازە.بۆیە نابێ ڕێگابدرێ بە ئۆردوگان و حکومەتەکەی کۆمەڵگای تورکیا بۆنێو زەلکاوی نائارامی و سەرکوتگەری ڕاکێشی، دەبێ تاوانەکانی ئەم دەسەڵاتە بەخەباتی کڕیکاران و ئازادیخوازان و خەڵکی موتەمەدینی جیهان و ناوچەکە سنورێکی بۆدابنرێ، دەبێ لەپێناو بنەبڕکردنی تیرۆر و تیرۆریزمی دەوڵەتی تورکیا و بۆ ئازادکردنی گیراوەکان و جێگیرکردنی ئازادیەکان و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی لەمەیداندا ڕاوەستین.حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم پەلامارانەی حکومەتی تورکیا بۆسەر هەدەپە، هاوکات لەڕیزی ئەم خەباتەدا ڕادەوەستێ و داواش لەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات پێوەی پەیوەستبن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
04-11-2016