بەبێ چاکسازییەکی ڕاستەقینە، ئەگەر ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەهای 100 دۆلاریش بەرهەم بهێنین، دیسان داهاتی نەوت بەشی خەرجییە زێدەڕۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، کە خوومان پێوەگرتووە.
کاتی ئەوە هاتووە سەرکردەکانی کوردستان بێن و ڕووبەڕووی ڕاستییەکانی ئەو تەحەدا ئابوورییانە ببنەوە کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە. کاتی ئەوە هاتووە جیاوازییەکان بەلاوە بنێن و پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ڕەوشە بدۆزنەوە، واتە ئەو چارەسەرانەی بناغەیەکی تەندروستی ئابووری بۆ داهاتووی کوردستان دادەنێن.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاوێژکاریی بانکی جیهانی کۆمەڵێک ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەوەی چاکسازیی پێکهاتەیی بکات، بەڵام هەتا ئێستاش فۆکەسی سەرەکی بەرپرسان، پارتە سیاسییەکان و میدیا لەسەر داهاتەکانی حکومەت (واتە داهاتی نەوت) ماوەتەوە، هەڵبەت بەبێ ئەوەی خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشکنینیان بۆ کرابێ.
ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام نابێ، بەڵام ڕاستییەکی سادە هەیە کە هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا و ئێستاش بە جۆرێک ژیاوە، هاوسەنگ نییە لەگەڵ سەرچاوەکانی داهاتی. دەبێ هەموومان بەرپرسیارێتی ئەمە هەڵبگرین: واتە هەم حکومەت، هەم پەرلەمان، هەم پارتە سیاسییەکان و میدیاش. ئەگەر ئاواتەخواز بین بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بەشێوازێکی موعجیزەئاسا کێشەکە چارەسەر دەکات، ئەوە ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی جددیمان هەڵنەبژاردووە. چونکە ئەمە بەهیچ شێوەیەک ئەو دۆخە بنەڕەتییە داراییە پڕ کێشەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر ناکات.
ئەوانەی سەرەوە ئەو پەیامە ڕاشکاوانە بوون کە لە گوتارەکەی خۆمدا لە کۆڕبەندی ساڵانەی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراو بە (MERI) لە هەولێر پیشکەشم کردن. لە گوتارەکەمدا بە زانیاریی پشتئەستوور و بە فاکت وردەکاریی داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانم لە ساڵی 2010- وە خستەڕوو، بۆ ئەوەی پێشانی بدەم کە هەموو ساڵێک خەرجییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی داهاتیان تێپەڕاندووە.
لەوێدا ئەوەم خستەڕوو کە سەرهەڵدانی داعش، لێشاوی کۆچبەران و ئاوارەکان بەرەو هەرێمی کوردستان، بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و شکانی نرخەکانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان گوشارێکی زۆریان لەسەر ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. ئەم هۆکارانە کاریگەرییان لەسەر توانای کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش داناوە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، واتە کاریگەرییان لەسەر توانای وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی هەرێم بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا داناوە، کە ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ 2016.
هەروەها تیشکم خستە سەر قەرزە ڕوو لە زیادبوونەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەرجییەکانی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا هەبووە، هۆشداریشم دا کە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو جاران بەردەوام بێ و خەرجییەکانی نەگرێتەوە و چاکسازییەکی ڕاستەقینە نەکا، ئەوا ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی خاومان بگاتە یەک ملیۆن بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش بگەڕێتەوە 100 دۆلار، دیسان بەشی پێویستییە داراییەکانی خۆمان ناکات.
لە میدیاکانی کوردستاندا، ئەم خاڵەی دواییان بە تایبەتی قسەی زۆری لێکەوتەوە، هەندێک ناوەندی میدیایی نابەرپرسیار قسەکانی منیان شێواند، بە جۆرێک کە خزمەتی ئەجێندای خۆیان بکات.
گرنگە ئەم ڕاستییانەی خوارەوە لەبەرچاو بگیرێن:
1- کۆی گشتیی قەرزەکانی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 24 تریلیۆن دیناری عێراقی (واتە 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی)یە کە چوار تریلیۆن دیناری مووچەی نەدراو (پاشەکەوتکراو)ی فەرمانبەرانی کەرتی گشتییە. ئاشکرایە هۆکاری ئەم قەرزە زەبەلاحە بۆ ئەو 28 تریلیۆن دینارە دەگەڕێتەوە کە لە پاڵپشتییە داراییەکانی سووتەمەنی و تێچوونەکانی کارەبادا خەرج کراوە. ئەم پاڵپشتییە داراییانە لە 2010وە بە بڕێکی کەم دەستیان پێکرد، بەڵام دواتر لە کۆنترۆڵ دەرچوو، بە جۆرێک لە 2011 و 2012 بە ڕێژەی سێ بەرامبەر زیادیان کرد. سەرەڕای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و شکانی نرخەکانی نەوت، پاڵپشتە داراییەکان لە 2013 و 2014ش بەردەوام بوون، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتبووە نێو ڕەوشێکەوە کە نەیدەزانی چۆن ئاستی زیانەکان سنووردار بکات. ڕاستییەکەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمان، بە تایبەتیش ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی وزەی پەرلەمان و پشتیوانە سیاسییەکانیانەوە، گوشاری خرابووە سەر بۆ ئەوەی پاڵپشتییە داراییەکان زیاتر بکات. ئاکامەکەشی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
ساڵانە 3 بۆ 3.5 تریلیۆن دینار کورتهێنانی بودجە بە قەرز پڕدەکرایەوە
2- کاتێک نرخی یەک بەرمیل نەوت لە 2012 و 2013دا لەسەرووی 100 دۆلار بوو، خەرجیی ساڵانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نزیکەی 18 تریلیۆن دیناری عێراقی بوو. ئەو بودجەیەی بەغداش بۆ هەرێمی کوردستانی دەنارد لەنێوان 14.5 بۆ 15 تریلیۆن دینار بوو، واتە 3 بۆ 3.5 تریلیۆن دینار کورتهێنانی بودجە هەبوو. وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کورتهێنانەی پڕدەکردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش قەرزێکی زۆری لە بانکە تایبەتەکانی نێوخۆ وەردەگرت، بۆ بەشێکیشی لە پارەی ئەو کۆمپانیایانەی دەگرتەوە کە لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بەرهەمهێنانی کارەبادا کاریان دەکرد و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو.
3- جگە لەو 18 تریلیۆن دینارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ساڵانە خەرجی دەکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش هەموو ساڵێک لە نێوان 5 بۆ 6 تریلیۆن دیناری بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی و بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج دەکرد. هەر بۆیە کاتێک نرخی یەک بەرمیل نەوت نزیکەی 100 دۆلار بوو، خەرجی گشتیی ساڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 23 بۆ 24 تریلیۆن دینار بوو (واتە 1.9 بۆ 2 تریلیۆن دینار بۆ هەر مانگێک).
4- ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە داهاتوودا بگەڕێتەوە 100 دۆلار (کە بۆ نەوتی کوردستان 90 دۆلارە، چونکە بەشێکی نرخەکە بەهۆی کواڵیتی نەوتەکە و تێچوونی دارایی ئەو پارانە دەڕوات کە پێشوەخت وەردەگیرێن) و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێ (واتە 100 هەزار بەرمیل بە پاڵاوتن و 900 هەزار بەرمیلیش بۆ هەناردەکردن)، ئەوە داهاتی گشتیی مانگانەی هەرێمی کوردستان لە نێوان 2.8 بۆ 2.9 تریلیۆن دینار دەبێ. پاش تێچوونی گواستنەوەی نەوت و دانی پارەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەپێی ئیستیحقاقاتی گرێبەستەکانیان، بڕی داهاتی پوختەی مانگانەی هەرێمی کوردستان دەبێتە 2 بۆ 2.1 تریلیۆن دینار.
5- ئەگەرچی لەسەر وەرەقە، ئەم داهاتە پوختەیە لەگەڵ هەموو خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا یەکی دەگرتەوە، هەڵبەت ئەگەر خەرجییەکان لە ئاستی قۆناغی پێش بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بەر لە شکانی نرخەکانی نەوتدا مابنەوە، دیسانیش بەم سیاسەتانەی ئێستا، ئەو داهاتە زۆرەش بەشی ئەوەی نەدەکرد کاروبارەکانی پێ بەرەوپێش ببردرێ.
6- بۆ نموونە هیچ پارەیەکی زیادە نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەو 4 تریلیۆن دینارەی مووچەی پاشەکەوتکراوی پێ بدرێتەوە، یان ئەو 20 تریلیۆن دینار قەرزە کەڵەکەبووەی پێ بدرێتەوە. هەروەها ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بێ، ئەوە هیچ داهاتێکی زیادەی نابێت بۆ ئەوەی مووچەی پێ زیاد بکرێ، یان فەرمانبەری زیاتر دابمەزرێنێ، یان مەودای پاڵپشتییە داراییەکانی پێ فراوان بکات (کە بۆ نموونە دەکرێ بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بەکاربهێنرێ).
7- بەدەر لە هەموو ئەمانە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت، داواکاری بۆ دانەوەی دەمودەستی قەرزەکانیش بەرز دەبێتەوە. لە 24 مانگی داهاتوودا پێویستی دەکرد مووچەی پاشەکەوتکراو و قەرزەکانی دیکەمان بدەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت 800 ملیار دینار لە داهاتی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاککردنەوەی ئەم قەرزانە بەلاوە بنرێ. دوای ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان 1.2 بۆ 1.3 تریلیۆن دیناری بەدەستەوە دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی خەرجییەکانی خۆی پێ پڕ بکاتەوە کە لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2013 لە نێوان 1.9 بۆ 2 تریلیۆن دیناردا بووە بۆ هەر مانگێک.
کەوابێ، ئەگەر چاکسازی لە سیستەمەکەماندا نەکەین، داهاتمان بەش ناکات. وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداویش لە دۆخێکی هاوشێوەی ئێمەدان. حکومەتەکان خەریکی دەرکردنی بڕیاری قورسن، وەکوو بڕینی پاڵپشتی دارایی لە هەموو کەرتەکان. هەروەها پلانیشیان هەیە بۆ ئەوەی لەمەودوا لەڕادەبەدەر پشت بە داهاتی نەوت نەبەستن.
ئێمەش لە کوردستان پێویستە کێشەکە چارەسەر بکەین و کۆمەڵێک چاکسازیی پێکهاتەیی (structural reforms) بکەین بۆ ئەوەی وابەستەیی خۆمان بە نرخی سەرچاوەکانی وزەوە کەم بکەینەوە. پێویستە هەندێک لە خەرجیە نابەجێکانمان لابدەین، زۆربەی پاڵپشتییە داراییەکانمان کەم بکەینەوە و کۆمەڵێک سەرچاوەی نوێی داهاتی نانەوتی بدۆزینەوە. پێویستە لە دەرەوەی کەرتی نەوت و غاز پەرە بە پیشەسازیی نوێ لە کەرتی تایبەتدا بدەین، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە گەشە بکەین.
خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە ڕاستییەکان بزانن
دواجار دەزانم ڕەنگە هەندێکجار بیستنی ڕاستییەکان بێزارکەر و تەنانەت ئازاربەخشیش بێ، بەڵام بڕوام بەوەیە خەڵکی کوردستان هەقی خۆیانە ڕاستییەکان بزانن.
بڕیارم داوە تێڕوانینی خۆم بۆ خەڵک ئاشکرا بکەم
لە ماوەی 10 ساڵ کارکردنم لە هەرێمی کوردستاندا، هەموو کەموکوڕییە ئابوورییەکانم بینیوە، ئێستاش بڕیارم داوە تێڕوانینی خۆم بۆ خەڵک ئاشکرا بکەم. ئامانجی من ئەوەیە دیبەیتێکی ڕاستەقینە لەسەر ئەم پرسە زۆر گرنگە بهێنمە ئاراوە، هەر بۆیە گوتم حکومەت و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسیارێتی ئەم قەیرانەی ئێستای هەرێمدا هاوبەشن.
هیچ چارەسەرێکی موعجیزەئاسا لە ئارادا نییە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت قەیرانەکە چارەسەر ناکات. هیچ کۆگایەکی شاراوەی داهاتەکانی نەوت لەئارادا نییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە تەنیا و بەبێ ئیرادەی سیاسیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات.
وەکوو لە گوتارەکەمدا لە پەیمانگای (مێری)ش جەختم لەسەر کردەوە، پێویستە سەرکردە سیاسییەکان هەست بە واقیعەکە بکەن و پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هاوبەش و درێژخایەن بۆ تەحەدا ئابوورییە قووڵەکانی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.
- 07-11-2016