دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە ڕێگای هەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و ئاڤانە و سەرگەڕان ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل و، 175 هەزار بەرمیل نەوتیش لە ڕێگای کێڵگەکانی جەمبور و خەباز و بابەگوڕگوڕ هەناردەی دەرەوە دەکات.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، "هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 270 بۆ 300 هەزار بەرمیل لە ڕێگای کێڵگە نەوتییەکانی ئاڤانە و بای حەسەن و سەرگەڕان لەگەڵ 175 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای کێڵگەکانی جەمبور و خەباز و بابەگوڕگوڕ بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغدا هەناردەی دەرەوە دەکات".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوەشدەخاتەڕوو، جگە لە هەناردەکردنی ئەو 450 هەزار بەرمیلە ڕۆژانە بە نزیکەیی 30 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک لە پاڵاوتگەی نەوتی کەرکووک دەپاڵێورێ و بەشێکیش لە نەوتی کەرکووک دەچێتە پاڵاوتگەیەک لە بەغدا".
ئاسۆ مامەند، ئاشکراشیکرد، ئیدارەی کەرکووک جگە لە پارەی پترۆ دۆلار مانگانە نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار پارەی پێویستە بۆ ئەوەی موچەی کارمەندانی کوردی ئەو شارەی پێبدات.
لەبارەی دابەشکردنی نەوتی کێڵگەی جەمبور لە نێوان حکومەتی عێراق و پارتی و یەکێتی، ناوبراو، وتی "هەواڵی ئەوەی کە لە کێڵگەی جەمبور ڕۆژانە 160 هەزار بەرمیل نەوت لە نێوان حکومەتی ناوەندی و پارتی و یەکێتی دابەشدەکرێت دوورە لە ڕاستی، چونکە کێڵگەی نەوتی جەمبور خۆی ڕۆژانە تەنها توانای بەرهەمهێنانی 43 هەزار بەرمیلی نەوتی هەیە، بۆیە ئەو دەزگایەی ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە سکاڵامان لەسەر تۆمارکرد".
ئاسۆ مامەند، ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی جەمبور و خەباز و بابەگوڕگور کە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراقی و هەرێم هەناردەدەکرێ لە ئێستا ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
وتیشی "هیچ بڕە نەوتێک ڕۆژانە لە کەرکووکەوە بە تەنکەر نابردرێت بۆ هەردوو پاڵاوتگەی بازیان و دوکان، چونکە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لەسەر تەندەری وەرگرتنی نەوتی خام لەگەڵ حکومەتی عێراق نەگەیشتنە ڕێککەوتن".
- 08-11-2016