ئاودێر جەمیل مستەفا ئامادەی کردووە
شوناس، بە یەکێک لە پایە گرنگاکانی دەوڵەت دادەنرێت. بەو پێیەی شوناس بابەتێکی نامادییە، بینین و هەست پێ کردنی دەچێتە چوار چێوەی بیرەوە (فکر)، لەوێشەوە تێڕوانین بۆ دنیای دەرەوەی بیر دەگوازێتەوە. هەرئەمەش وادەکات دەوڵەت هەست بە ناسینی خۆی و ئەوانی دیکە بکات، لە هەمان کاتیشدا لە کوێی دونیادا وەستاوە، لە دەرەوەی دونیایی خۆی بە چ دیدێکەوە تەماشا دەکرێت. لەسەر ئەو بنەمایەی کە شوناس بابەتێکی کۆمەڵایەتی¬ فکریە، شێوە گرتن و داڕشتنی لە ڕوی کۆمەڵناسی سیاسیەوە بەستراوە بە دید و بۆچونی تاک بۆ کۆمەڵگا، لە وێشەوە بۆ دەوڵەت.
پەیکەر و دارشتنی عێراق لەسەرەتای دروست بونی تا ئێستا بە کۆمەڵێک بەرزو نشێوی سیاسیدا تێپەڕیوە. گەلانی عێراق بە هۆی بونی ناسیۆنالیست و مەزهەب گەرایی جیاواز خۆیان لە بونی شوناسی جیاوازدا بینیوەتەوە. نەبوون و دروست نەکردنی بەرژەوەوندی هاوبەش، بەهای نەتەوەی، شوناسی ناکۆک، هۆکار بوونە بۆ ئەوەی گەلانی عێراق هەست بە عێراقی بونێکی پایەدار نەکەن و لە دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانیدا سست و لاوازبن. ئەمەش لە ئەنجامدا کاریگەری لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراقدا داناوە.
ئامانج لەم توێژینەوە ئەوەیە باس بکرێت کە شوناسی خوارنیشتمانی(Sub-national)، و سەرونیشتمانی (Trans-nationally) چۆن کاریگەری لەسەر پەیکەری سیاسی وڵات دادەنێن وە چۆن یەکگرتوی دەوڵەتی نیشتمانی دەخەنە ژێر قەرانەوە. پرسی سەرەکی ئەم توێژینەوە ¬ ئەوەیە کە: شوناسی خوارونیشتمانی سەرونیشتمانی چ کاریگەریەکیان لە پەیکەری سیاسی عێراق داناوە.
بزووتنەوەی گۆڕان
2016