لە ساڵی 1984 لە شاری ڕەقە لەدایکبووە، خێزانی جیهان زیاتر لە 40 ساڵە کە لە ڕەقە نیشتەجێن لە عەشیرەتی شەدادی-ن.
ناوبراو، خوێندنگای سەرەتایی و ناوەندی لە ڕەقە تەواوکرد و پاشان لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان خوێندنی تەواوکرد، لە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنگاکانی ڕەقە وەک مامۆستای سەرەتایی وانەی وتۆتەوە، جیهان لەو گەڕەکانەی ڕەقەدا گەورە بووە کە پێکهاتەی عەرەب تیایاندا دەژین، پەیوەندی خێزانەکەی لەگەڵ عەرەبەکان هەمیشە لەسەر بنەمای برایەتی، یەکسانی و دۆستایەتی بووە.
بەدەستپێکردنی شۆڕشی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، جیهان بەشداری ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو، بەشداری زۆربەی شەڕەکانی دژی چەتەکانی داعش و جەبهەی نوسرەی کردووە.
فەرماندە جیهان شێخ ئەحمەد، لە ساڵی 2011دا بەشداری بەرخۆدانی سەرێکانی بوو و لەو شەڕەدا برینداربوو، بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە ناچاربوو بۆ چارەسەری بگەڕێتەوە بۆ ڕەقە.
ئەو کاتەی جیهان گەڕایەوە، ڕەقە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕژێمی بەعسدابوو، هێزەکانی سوپای ئازادیش ئامادەکاریان دەکرد بۆ گرتنی شارەکە، پاش ئەوەی هێزەکانی سوپای ئازاد هێرشیان کردە سەر ڕەقە جیهان بەرەو کانتۆنی جزیرە بەڕێکەوت.
لەڕێگا و لە سەرێکانی لەلایەن چەتەکانی سوپای ئازادەوە بەدیل گیرا و دوو هەفتە لە زیندانەکانی ئەواندا مایەوە، بەڵام پاش ئۆپەراسیۆنی یەپەگە و یەپەژە لە سەرێکانی ڕزگارکرا.
جیهان پاش ڕزگارکرانەکەی جارێکی دیکە گەڕایەوە بەرەکانی شەڕ، لە دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی ڕۆڵی گێڕا و بەئیرادەیەکی گەورەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە بوو.
بەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە، فەرماندە جیهان شێخ ئەحمەد وەکو وتەبێژی ژووری بەڕێوەبەری چالاکیەکانی توڕەیی فورات هەڵبژێردرا.
جیهان شێخ ئەحمەد، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سوپای سوریای دیموکرات دادەنرێت کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی (2015) بە فەرمی ڕاگەیەندرا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری حەسەکە ڕێکخرابو وەک یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکان و وتەبێژی فەرمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی شاری ڕققەی پایتەختی خەلافەتی داعش کە لەلایەن ژنە فەرماندە (رۆژدا فولات)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت و زیاتر لە (30) هەزار شەڕڤان تیایدا بەشدارن دەرکەوت، بۆ دەرهێنانەوەی زێدی لەدایک بونی لەدەست دڕندەترین گروپی دژ بە مرۆڤایەتی و گەڕانەوەی ژیان و ئارامی بۆ ئەو شارەی کە وەک پایتەختی ترس و تۆقاندن ناودەبرێت.