ڕۆژنیوز هۆشمەند کوردی
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات، توندوتیژی دژ بە ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر ئەمساڵ لە چاو 10 مانگی ساڵی ڕابردودا کەمی کردووە و زۆرترین جۆری توندوتیژیش لێدانە.
عەقید لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: "بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیمان ڕیژەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە بەراورد بە 10 مانگی ساڵی ڕابردوو لە سنوری گەرمیان بە ڕێژەی 65% کەمی کردووە بە هەموو جۆرەکانیەوە".
وتیشی: هۆکاری کەمبونەوەی ڕێژەی توندوتیژی به و شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ زۆرتر ئیشمان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ژنان کردووە و سەنتەرێکمان داناوە بە ناوی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی.
ئەوەشی خستەڕوو: هەروەها هەموو ئه و کەسانەی کەوا تاوانیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە ژن لەناو خێزانەکان، کارێکی وامان کردووە 99% ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە و زۆربەشیان ڕووبەڕووی ئه و سزا یاسایانە بوونەتەوە، کە بۆیان دیاریکراوە و هۆشیارییەکی باشیشمان لەناو خەڵک بڵاوکردوەتەوە.
ئەوەشی وت: لە ئێستادا لێدان لە ژنان زۆرترین حاڵەتی توندوتیژییە لەنێوان خێزانەکان و زۆرترین سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن ژنانەوە، کە پیاوان ئەنجامی دەدەن، هەڵبەت قەیرانی داراییش کاریگەری کردوەتە سەر زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی بە جۆرێک ئەگەر ئەم قەیرانە نەبوایە، ئه و ڕێژە توندوتیژییە بە شێوەیەکی زۆر کەمتر دەبوو.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان ئەوەشی خستەڕوو: ئاین و کلتور، هەڵبەت مەبەستم هەموو ئاینەکانە، کە جۆرێک لە ڕادیکاڵ و توندڕەوی تێدایە و کاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و هەروەها کلتور و دابونەریتە باوەکانیش بە هەمان شێوەی ئاینەکان کاریگەرییان هەیە.
هەروەها ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاری ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەباشیە بۆ هەڵمەتی هەفتەی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و پلانی کار و چالاکیەکانمان ئامادەیە، کە خۆی لە ئەنجامدانی کۆنفراسێک دەبینێتەوە لەسەر پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان.
ئاماژەی بەوەشدا: کۆبونەوەیەکی فراوان لەگەڵ مامۆستا و زانایانی ئاینی و ڕێکخراوەکانی ژنانی سنوری گەرمیان دەکەین بە مەبەستی هەماهەنگی لە هەڵمەتی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆڕ و سیمینار لە کۆلێژ و پەیمانگ و ئامادەیی و دواناوەندیەکان لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان لە (کەلار، خانەقین، کفری، کەمپی ئاوارەکان و ناحیە و گوندەکان)، هەروەها پێشەنگایەکی شێوەکاری لە شاری خانەقین لە هۆڵی کلتووری بەڕێوە دەچێت و چەندین بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنیمان دەبێت.
12-11-2016