دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ئاشکرایدەکات لەلایەن حکەمەتی ناوەندەوە داواکراوە کە پێویستە لەرێکەوتی 15ی تشرینی دووەمەوە، ڕسوماتی گومرگی لەسەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر (222) ماددە، بەرێژەی لە(5% بۆ25%) زیادبکرێت و دەشڵێت "لەبەرئەوەی بەشێکی ئەو ماددانە زیاترین جوڵەی بازرگانیان لەمەرزەکەماندا هەیە، بۆیە داوای هەڵپەساردنی ئەو داوایەی حکومەتی ناوەندمان، لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم کردووە"
لەوبارەیەوە، شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، بەپێی بەرنامەیەک کە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دایناوە، پێویستە لەسەرجەم گومرگەکانی هەرێم پێناسەی هەماهەنگی عیراقی جێبەجێبکەن، ئەوەش تا ڕادەیەک سیستمێکی جیهانیە و لەزۆربەی وڵاتاندا، کاری پێدەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر کۆدێک لای ئێمە بۆ بابەتێک بێت لەهەموو وڵاتانی دنیا ئەوانەی ئەندامی یەکێتی گومرگی جیهانین هەمان کۆد بۆ هەمان بابەت دەبێت، بەڵام هەر یەکێک بەرێژەی جیاواز گومرگی خۆی وەردەگرێت.
وتیشی "لەئێستادا عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی هەوڵی بوون بەئەندام لەو یەکێتیە دەدات، بۆیە ناچارە ئەم پێناسەی گومرگی (تەعریفەی گومرگیە) بەکاربهێنێت و ئێستا لەتەواوی خاڵە سنووریەکانی عیراق کاری پێدەکرێت، بۆیە بەرپرسانی باڵای پەیوەندیدار بەکاروباری گومرگی جەخت لەوەدەکەنەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستانیش کاری پێبکات، هەرچەندە پێشتر نزیکەی 235 ماددەی دیکەی گومرگی نزیکەی سێ ساڵە لەبواری جێبەجێکردندان لەتەواوی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان".
روونیشیکردەوە، لەلایەن ناوەندەوە (222) ماددەی تریان بۆ ناردووین و داوایانکردووە کە لەرێکەوتی (15-11-2016)وە وە کاری پێبکەین، بەشێوازێکی گشتی ئەم ماددانە لەخۆدەگرێت وەک (ئاژەڵی جوانی و ماڵی)، ئەوەی خەڵک لەناو ماڵدا بەخێوی دەکات، هەروەها هەندێ بابەتی پێداویستی ماڵان وەک (قاپی سەفەری و تەباخی غاز) و ئامێری کارەبایی وەک (بۆیلەر، سەلاجە، غەسالە، موجەمیدە و موجەفیفە) و ئامێری (وەرزشی و خواردەمەنی)، بەڵام پێداویستی سەرەکی خەڵک نین، هەروەها بابەتی (چەرەسات و نیسکافە کاپۆچینە)ی تێدایە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام بابەتی بیناسازیش گومرگەکەیان زیاتر دەبێت کە ئەمەیان ڕەنگە کاریگەری لەسەر خەڵک هەبێت، چونکە زۆرتر لەم کاتەدا بەکاردەهێنرێت وەک (کاشی، خشت، گرانێت، مەڕمەڕ پلاسیتک و بلۆک) و بڕی زیادکراوی گومرگیان بەڕێژەی لە(5% تا 25%) بەرزدەبێتەوە.
هێمای بۆ ئەوەشکرد "ئێمە نووسراومان کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم و داوامانکردووە کە هەندێکیان کاری پێنەکرێت بەتایبەتی بابەتی (بیاناسازی و کارەبایی) لەبەرئەوەی ڕۆژانە بەجۆرێک لەجۆرەکان جوڵەی بازرگانی لەمەرزی باشماخ هەیە".
- 13-11-2016