ڕۆژنیوز هاوکارو جیهاد
بە مەبەستی خستنەڕووی ئه و بەرهەمانەی کە لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا لەلایەن بەشداربوانی خولی فێربوونی دروومانەوە بەرهەم هێنراون، ئەمڕۆ بە ئامادەبونی بەرپرسانی باڵای حزبیی و حکومیی، پێنج هەزار جلوبەرگی ئامادەکراو خرانە بازاڕەوە کە بەرهەمی کارگەی جلوبەرگی هەڵەبجە بوون.
ئەمڕۆ نمایشکردنی پێنج هەزار جلوبەرگی ئامادەکراوی کارگەی جلوبەرگی هەڵەبجە بوویە جێگەی خۆشحاڵی هاوڵاتیان و کڕیارانی هەڵەبجە، لەبەرامبەریشدا سەرپەرشتیار و خاوەن کارگەکە داواکار بوون، کە حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی ناوچەکە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن بەتایبەت لە ڕووی شوێن و بینای پێویستەوە.
یەکێک له و کڕیارانەی کە ئەمڕۆ سەردانی کارگەی جلوبەرگی هەڵەبجە کردبوو بەناوی چیا سەروان، بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی خستەڕوو، جێگەی خۆشحاڵی ئێمەی دانیشتوانی هەڵەبجەیە، کە کچان و ژنانمان بتوانن بەدەست و پەنجەی خۆیان جلوبەرگ بەرهەم بهێنن و هەلی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە، ئەوەش وا لە ژنان دەکات، کە چیتر پشت بە خۆیان ببەستن بۆ بەدەستخستنی داهاتی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی زیاتر جێگەی خۆشحاڵییە و ئەمڕۆ بەدیم کرد کوالێتی جلوبەرگەکان و هەرزانی نرخەکانیان وایکردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە کڕیار سەردانی کارگەکە بکەن و جلوبەرگی ئامادەکراو بکڕن، چونکە دەمێک بوو لە چاوەڕوانی کردنەوەی کارگەیەکی لەم شێوەیەدابووین، چونکە دەزانین کە ژنان و کچانی هەڵەبجە دەست و پەنجەیان ڕەنگینە دەتوانن شتی زۆر جوان بکەن.
لای خۆیشییەوە، ئەڤین عومەر، یەکێک لە بەشداربوانی خولی فێربونی درومانی و بەرهەمهَنانی جلوبەرگ لە کارگەی جلوبەرگی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز وتی" ئێمەی کچان و ژنانی هەڵەبجە توانیومانە سودێکی باش لە کردنەوەی کارگەی جلوبەرگی هەڵەبجە وەربگرین بەتایبەت لە ڕووی چۆنیەتی دروومان و بەرهەمهێنانی جلوبەرگی ئامادە کراوە، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنمان له و خولانەی کە لەماوەی ڕابردودا لەم کارگەیەدا بۆمان کراوەتەوە".
باسی لەوەشکرد، جیاوازی ئەم کارگەیە لەگەڵ کارگەکانی دیکەی جلوبەرگ ئەوەیە، کە لێرە بە خواستی هاوڵاتیان و کڕیاران لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئه و جۆرە ستایل و جلوبەرگەی خواستیان لەسەرە بۆیان ئامادە بکرێت بە نرخێکی گونجاو لەوەی کە لە بازاڕەکاندا هەن.
لەلایەکی ترەوە، نیگار حاجی حسێن زادە، سەرپەرشتیاری خولەکانی تایبەت بە فێربونی دروومانی و جلوبەرگی ئامادەکراو لە کارگەی جلوبەرگی هەڵەبجە، بەم شێوەیە لەسەر بەشداری و کارامەیی ژنان و کچانی هەڵەبجە لێدوانی بۆ ڕۆژنیوزدا، ئەمڕۆ زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە بەچاوی خۆم بەرهەم و ماندووبونی کچان و ژنانی هەڵەبجە دەبینم، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لەم کارگەیە نمایشکراوە هەمووی بەرهەمی دەستی کچان و ژنانی هەڵەبجەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆئەوەی بتوانین لە داهاتودا کاری باشتر و سەرنجڕاکێشتر ئەنجام بدەین، دەبێت کارگەکەمان گەورەتر بکەین بۆ ئه و مەبەستەش پێویستیمان بە هەماهەنگی و هاوکاری بەرپرسانی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە دەبێت، چونکە هەستدەکەین کە کچان و ژنانی هەڵەبجە حەزێکی زۆریان بۆ کارەکانی کارگەکەمان هەیە و دەانەوێت هەلی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە.
لە لایەکی ترەوە ئەحمەد شێخە، خاوەنی کارگەی جلوبەرگی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی ئەمڕۆ نمایشمان کردووە پێکدێن لە پێنج هەزار جلوبەرگی جۆراو جۆری ئامادەکراو کە وەک هێمایەک بۆ پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە ئه و ژمارەیەمان دیاریکرد، کە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لەسەر دەستی ژنان و کچانی هەڵەبجە بەهەمهێنراون.
ئەوەشی وت: لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو 120 کچ و ژنی هەڵەبجە بەشداری خولەکانی کارگەکەیان کردووە و بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، هەروەها لە ئێستاشدا 600 کەسی دیکەش ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆئەوەی بەشداری خولەکانمان بکەن، بەڵام بەم شێوەی ئێستا ناتوانین ئه و ژمارە زۆرە وەربگرین، چونکە نە شوێن و نە بینای تایبەت بەخۆمان هەیە کە ئەوەش گەورترین گرفتی بۆ دروستکردوین.
13-11-2016