ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەرەتای شەڕی موسڵەوە زیاتر لە 36 هەزار کەس ئاوارەی هەرێم بوون و ڕۆژانەش زیاتر لە هەزار کەس خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەکانی پێشمەرگە.
ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ نزیکەی مانگێکە دەستیپێکردووە بەبەشداری سوپاو پێشمەرگه و هێزە عیراقییەکان و تائێستا بەشێکی زۆری دەوروبەری شارەکە لەچەند میحوەرێکەوە کۆنتڕۆڵکراونەتەوە، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکەش چەند گەڕەکێک کۆنتڕۆڵکراونەتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریاندا لەشەپۆلی ملیۆنی کۆچ له و شارەوە بەره و ناوچەکانی دیکە بەتایبەت بەره و ناوچە ئارامەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە، به و پێیەی 1.5 ملیۆن کەس لەموسڵدا ماونەتەوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکداکە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ تاکو ئێستا زیاتر لە (36609) سی و شەش هەزار و شەش سەد کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە و لە کەمپەکانی خازر و حسن شام و زێلکان نیشتە جێکراون ئه و ژمارەیەش دەکاتە 78%ی تەواوی ئاوارەکان. ڕۆژانەش زیاتر لە هەزار کەس خۆیان دەگەیینە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ ناوچە ئارامەکان و لە کەمپەکان نیشتە جێ دەکرێن.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 و هێرشی داعش بۆ شارەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەند شەپۆلێکی ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، تائێستاش هاتنی ئاوارەی ناوخۆیی بەردوامی هەیە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندەکە، ئێستا لە کوردستاندا (1،411،314) یەک ملیۆن و چوارسەد و یانزدە هەزار و سێ سەدوو چواردە کەس ئاوارەی ناوخۆی عێراق و (216،860) دوو سەدوو شانزدە هەزار و هەشت سەد و شەست پەنابەری سوری لە هەرسێ شاری هەولێر و دهۆک و سلێمانی میوانداری کراون. ئێستا هەرێمی کوردستان پێشوازی لە 40%ی ئاوارەی ناوخۆی عێراق کردووە و 97%ی پەنابەری سوریای لە عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتە جێ کراون.
هاوکات هاتنی شەپۆڵی ئاوارە بەردەوامە و لەسەرەتای دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی ڕزرگارکردنی گەیارە لە مانگی ئاداری 2016 زیاتر لە (33،000) سی و سێ هەزار کەس لە گەیارە و شەرگات و ناوچەکانی حاجی عەلی ئاوارە بوونە و لە کەمپی دیبەگە نیشتەجێ کراون ئه و ژمارەیەش دەکاتە 84%ی ئاوارەکان. ڕۆژانەش زیاتر لە سەد کەس ئاوارە دەبن و له و کەمپە نیشتەجێ دەکرێن، بەپێی ئامارەکانی ناوەندەکە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان جەختیکردووەتەوە، هەرچەندە ناوچەیەکی زۆر ئازادکراوە لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام بەهۆی خاپووربوونی ژێرخانی ناوچەکان و هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مین و تەقەمەنی و مەترسی ئەمنی و هاوکات وێرانبوونی ماڵی هاوڵاتیان و نەبوونی بودجە و بەرنامەیەکی ڕوون بۆ ئاوەدانکردنەوە و پشتگیری کردنی ماددی به و خێزانانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئاوارەکانی ناوخۆ نەیان توانیوە بگەڕێنەوە و ئەوەش کاریگەری خراپی کردۆتە سەر پڕۆسەی گەڕانەوە و باری دەروونی ئاوارەکان.
باسی لەوەشکردووە، گرنگترین پێداویستی ئاوارەکان لە ئێستادا بریتی یە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردنی زیاتر، چونکە لە ئێستادا کە لە سەرەتای پرۆسەی ڕزگارکردنی نەینەوا داین بەشێک لە کەمپەکان توانای لەخۆگرتنی ئاوارەیان نەماوە. پێداویستی زستانە، بە تایبەت هیتەری نەوتی و نەوت و جل و بەرگ و بەتانی و ڕایەخ. بنکەی تەندروستی، لە ئێستادا ئاوارەکان پێویستیەکی زۆریان بە بنکەی تەندروستی هەیە لە کەمپەکان.
هەروەها پێداویستییەکانی دیکە بریتین لە پاککردنەوە، بوونی پاشماوە و خاشاکێکی زۆر لە ناوە و دەرەوەی کەمپەکان.تەواوکردنی سەنتەری پێشوازی لەماوەیەکی کورت. دابینکردنی ئامێری پشکنینی هاوڵاتیان و ئۆتۆمبێل بەمەبەستی پاراستنی گیانی ئاوارەکان. دابین کردنی خواردن بە شێوەیەکی بەردەوام، بەتایبەتی خواردنی منداڵان و شیر و بسکویت و سریلاک هتد.
- 14-11-2016