دواڕۆژ، هەردی عوسمان
لە ڕۆژی نەخۆشی شەکرەدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان ئاماری توشبوانی ئەو نەخۆشییەی ڕاگەیاند کە تیایدا زیاتر لە 4 هەزار هاوڵاتی سنورەکە توشبووی نەخۆشیەکەن.
د.سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا 4450 کەس توشبووی نەخۆشی شەکرەن ".
وتیشی "ئەم ڕێژەی توشبوونە بەم نەخۆشییە لە چاو سنوری ئیدارەی گەرمیاندا ڕێژەیەکی بەرزە لە ئاست ستانداردی جیهانیدا".
ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە لە ساڵی پارەوە بەرنامەیەکمان دەست پێکردووە بۆ چاککردنی چاودێری تەندروستی بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیەکەیان درێژخایەنن لە نێویشیاندا شەکرە، کە توانیومانە زۆرجۆر لەو دەرمانانەی کە گران بەهان بیانهێنینە دەرمانخانەکانمان و بە توشبوانی بدەین".
نەخۆشی شەکرە بەهۆی زیاد لە پێویست خواردنی بابەتە شیرینیەکان دروستدەبێت و لەش توانای خەرجکردنی ئەو هەموو شیرینیەی نییە و مرۆڤ توشی نەخۆشی شەکرە ئەکات، نیشانەکانی نەخۆشیەکەش بریتین لە دەم وشک بونەوە، میز زور کردن، نزم بونەوەی کێشی لەش، هەست بەماندووییکردن، ئاو زۆر خواردنەوە.
- 15-11-2016