دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
کۆمپانیای دانە غاز، ڕایدەگەیەنێت " لە نۆ مانگی ساڵی 2016 کۆمپانیاکەیان بڕی 64 ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووه".
کۆمپانیای داناغاز، لە ڕاپۆرتی 9 مانگی ئەمساڵیدا کە کۆپیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە ئاماژە بەوەدەکات، لە نۆمانگی ڕابردوودی 2016 داهاتی کۆمپانیاکەیان بە کۆکراوەیی لەسەرجەم ئه و شوێنانەی جیهان کە کاری تێدا دەکات دەگاتە 382 ملیۆن دۆلار، لە کاتێدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2015 داهاتی کۆکراوەی دانە غاز 417 ملیۆن دۆلار بووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە کۆرتهێنان لە داهاتی ئه و کۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ نزمی نرخی نەوت لە نۆمانگی ڕابردوودا بەتایبەت لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە، دانە غاز لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە 32 دۆلار بۆ خەمڵیێنراوە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە 41 دۆلار خەمڵێنراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "بڕی ئە و پارەیەی کە کۆمپانیای دانەغاز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، لە 9 مانگی ڕابردووی 2016 دەگاتە 64 ملیۆن دۆلار".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بە گوێرەی چالاکی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای دانەغاز بۆ چارەکی سێهەمی ئەمساڵ دەگاتە 69400 بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە ئەم ڕێژەیەش لە 14٪ زیادی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2015 کە ڕێژەکی 60800 بەرمیل بووە لە ڕۆژیکدا.
کۆمپانیا دانەغاز بە پێی ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی بەرهەمهێنان و بەدواگەڕانە لە کێڵگەی کۆرمۆر کە دەکەوێتە نزیک قەزای چەمچەماڵ.
- 15-11-2016