رۆژنیو- زاهیر ئیبراهیم
بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شارۆچکەی ڕواندزی سەر بە پارێزگای هەولێر باسی هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆی کرد لە هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد، هەرچەندە ژمارەی ڕووداوەکان کەمی کردووە، بەڵام ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیادی کردووە.
دوای پێشکەشکردنی سمینارێک لە شارۆچکەی ڕواندز لە بارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و هۆکاری زیادبوونی ڕووداوەکان، ڕائید فازل حاجی بەرێوەبەری ڕاگەیاندی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاشکرای کرد:"یەکەم هۆکاری مردن لە هەرێمی کوردستان، ڕووداوەکانی هاتوچۆیە، بۆیە پێویستە گرنگی بە باشترکردنی ڕێگاوبانەکان بدرێت و کار لەسەر باشترکردنی کوالێتی ئۆتۆمبێڵەکان بکرێت، بۆئەوەی وابکەین ڕێژەی ڕووداوەکان کەم ببنەوە ".
بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر وتیشی:"رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان و پابەند نەبوونی شۆفێر و کەمیی هۆشیاریی هاتوچۆ، هۆکاری سەرەکییە لە زیادبوونی ڕووداوەکان، بەڵام پێویستە حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە ڕێگای کۆڕو سمینار و چالاکی کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە ئەمە ڕێگایەکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ".
لەبارەی ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای هەولێر، فازل حاجی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند:"بەهۆی ئەوەی چەند ڕۆژێک ماوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمی ناتوانین کۆی ئامارەکە ڕابگەینین، بەڵام بەگشتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێ بڵێین جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ڕووداوەکان لە هەمان ئاستدان".
هەروەها ڕاشگەیاند:"بەگشتی ئەوەی دیارە گیان لەدەستدان بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕووی لە زیاد بوون کردووە، بەڵام ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمی کردووە".
15-11-2016