دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وەزیری پەروەردەی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات لە هەرێمی کوردستان لەرێگەی 100 قوتابخانەوە 179 هەزار خوێندکاری ئاوارە دەخوێنن و بەشێک له و خوێندکارانە بەهۆی لاوازی بواری ئابووری و تەمەن لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆنفڕانیسی قەیرانی ئاوارە و پەنابەران لە دهۆک ڕایگەیاند "لەسەرەتای شەڕی داعش تاوەکو ئێستا 179 هەزار قوتابی و خوێندکار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن و ژمارەیەک له و قوتابیانە بەهۆی لاوازی بواری ئابووری و تەمەن و کۆمەڵایەتیەوە لە خوێندن دابڕاون و هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ پڕۆسەی خوێندن دەدەن".
پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەشکرد "هەوڵیانداوە پێداویستیەکانی خوێندن بۆ منداڵانی ئاوارە دابینبکەن لەوانە کتێب و تەختە و قوتابخانە و لەگەڵ ڕێکخراوەکانیش هەلی خوێندنی زیاتر بۆ ئاوارەکان دەرەخسێنن و ئەو قوتابخانەش نۆژەن دەکەنەوە کە لە پارێزگای دهۆک ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێن.
وەزیری پەروەردە ئاشکراشیکرد "سەد بینای قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان بۆ منداڵانی ئاوارەکان تەرخانکراوە، لەگەڵ ئەوەش لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیوە قوتابخانەی تازە دروستبکەن، بەڵام وڵاتی کوەیت بەڵێنیداوە چەندین قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان دروستبکات".
- 17-11-2016