رۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتوانایدا نییە دەرمان بۆ هەموو ئاوارەکان دابین بکات و داوای هاوکاریش لە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ، د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان-ی کرد و لە بینای ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و سەرجەم بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی سنورەکە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، د.رێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی وتی:" ئەمڕۆ سەردانی گەرمیانمان کرد، بۆ لە نزیکەوە گوێگرتن لە پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان".
وتیشی:" پێداویستییەکانیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە هەندێکیان پزیشکیان پێویستە، ئێمەش لە ئەنجومەنی وەزیران داوامان کردووە کە پزیشکمان بۆ دابمەزرێنێت، وە داواشیان کرد کە دەرماڵەی ئێشکگریان بۆ زیاد بکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنیوزدا، لەبارەی ئەوەی چیکراوە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ئه و ئاوارانەی کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە؟، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند:" ئێمە پێشتریش جەختمان کردووەتەوه، کە دەرمان و پێداویستی پزیشکی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتوانایدا نییە بۆ هەموو ئاوارەکانی دابین بکات".
وتیشی:" زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەبەر ئەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەکەین، کە زیاتر هاوکارمان بن، وە داواش لە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش دەکەین، کە هاوکارمان بن بۆ ئه و مەبەستە".
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشیکردەوە:" لە هەرێمی کوردستاندا مەترسی قەیرانی دەرمان نییە، هەرچەندە هەموو دەرمانێکیشمان نییە و جاربەجار هەندێک جۆر دەبڕێت و دێت، چونکە ئێمە پێشتر بۆمان هەبوو بە ئازادی دەرمان بکڕین، بەڵام لە ئێستادا بۆمان دانراوە کە مانگانە بەبڕی شەش ملیار دینار دەرمان بکڕین، لە گەرمیانیش ئەمڕۆ پێیان وتین کە کێشەی دەرمان نییە، حکومەتی عێراقیش دەرمان دەنێرێت %45 ی پێداویستییەکانمان دەنرێت، چونکە بەغدا خۆشیان کێشەی بودجە و کڕینی دەرمانیان هەیە".
17-11-2016