زیاتر لە 62 هەزار کەس لەسنوری پارێزگای نەینەواوە ئاوارەی شاروشارۆچکەکانی تری عیراق بوون، ئەوەش تەنیا لەماوەی یەک مانگی دەستپێکردنی شەڕی ئازادکردنی شاری موسڵ، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق.
له و ئامارەدا کە ئەمڕۆ شەممە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، وەزارەتی کۆچبەرانی عیراق ئاشکرایکردووە کە لەدەستپێکی شەڕی موسڵەوە 62 هەزار و 399 کەس لەناوچەکانی دەوروبەری و ناوشارەکەوە ئاوارەبوون.
ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ، 17ی مانگی ڕابردوو بەبەشداری پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێکرد و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی دەیان ناوچەی سنورەکە، لەئێستادا شەڕ لەناوشارەکەدایە و چەند گەڕەکێکیش لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، لەچەند گەڕەکێکی سەنتەری شاری موسڵەوە سێ هەزار و 700 کەس ئاوارەبوون، له و ژمارەیەش 26 کەس بەهۆی تەقە و بۆردومانەکانی داعشەوە برینداربوون.
لەسەرەتای دەستێکی شەڕی موسڵەوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مرۆیی و لەنێویاندا نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشداریداوە لەوەی زیاتر لەیەک ملیۆن دانیشتووی شارەکە ئاوارەدەبن و ژیانی ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی مەدەنی، بەهۆی پێکدادانەکانەوە ڕوبەڕوی مەترسی دەبنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئه و شەڕەدا لەناوچەکانی تری ژێر دەستی داعش خەڵکی مەدەنی هەڵدێن و بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی کۆچ، لەماوەی ئه و مانگەدا 150 کەس لەقەزای حەویجەی سەر بەپارێزگای کەرکووک بەره و ناوچە ئارامەکان ئاوارەبوون.
ژمارەیەک زۆر لەئاوارەکانی موسڵ و ناوچەکانی تری عیراق ڕووبان لەهەرێمی کوردستان کردووە، لەئێستادا نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە لەپارێزگاکانی هەرێم نیشتەجێکراون و تادێت زیاتر دەبن.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ناوەڕاستی ئەم مانگە بڵاویکردەوە کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ زیاتر لە 36،609 کەس ئاوارەی هەرێم بوون، لەکەمپەکانی خازر و حسن شام و زێلکان نیشتەجێکراون، ئەوەش دەکاتە لەسەدا 78ی کۆی ئاوارەکانی موسڵ و دەوروبەری.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەر لە سەرەتای دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی گەیارە لە مانگی ئاداری 2016 زیاتر لە 33،000 کەس لەناوچەکانی گەیارە، شەرگات و حاجی عەلی ئاوارە بوون و لە کەمپی دیبەگە نیشتەجێکراون.
- 19-11-2016