هەڤاڵ محەمەد
محەمەد هاودیانی، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئاشکرایدەکات کە ڕێژەی هەژاریی لەهەرێمی کوردستاندا بۆ سەدا 12 بەزربووەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی ئامارێکی بانکی نێودەوڵەتی کە بەشدارە لەپرۆسە چاکسازییەکانی هەرێم ئه و ڕێژەیە لەساڵی 2012 تەنیا سەدا 3.5 بووە.
محەمەد هاودیانی، ئەمڕۆ شەممە، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان، جەختیکردەوە لەوەی "بەپێی ئامارەکانی ئێمە (وەزارەتەکەی) ڕێژەی هەژاری لەهەرێمی کوردستان لەسەدا 12ەیە، ڕێژەی بێکاریش لەسەدا 13.3یە".
ئه و لێدوانەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم (لەپشکی یەکگرتوو)، لەوەڵامی پرسیارێکی خەندان-دا هات سەبارەت بەئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی لەبارەی ڕێژەی هەژاریی لەهەرێمی کوردستان.
وەفدێکی بانکی نێودەوڵەتی، چوارشەممەی ڕابردوو 16-11 لەکۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان لەپەرلەمانی کوردستاندا جەختیانکردەوە لەوەی "لەئێستادا ڕێژەی هەژاریی لەهەرێم یکوردستان بەرزبووەتەوە بۆ سەدا 12".
ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئه و وەفدە ئەوەیان خستوەتەڕوو، کە لەساڵی 2007 ڕێژەی هەژاری لەهەرێم سەدا 4.8 بووه و لە 2012 بۆ سەدا 3.5 دابەزیوە، ئەوەش بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە.
بانکی نێودەوڵەتی پێیوایە بەرزبوونەوەی ئه و ڕێژەیە بۆ سەدا 12 پەیوەندی بەبوونی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و هەڵومەرجی سیاسیی هەرێم-ەوە هەنبووە.
بۆیە بەپێویستیان زانیوە "هەمووان پێکەوە هەوڵی جدی بدەین بۆ ڕاستکردنەوەی بارودۆخەکە لەوبارەشدا لای ئێمە خەڵک بەپلەی یەکەم دێت".
بانکی نێودەوڵەتی ساڵێک لەمەوبەر توانییان ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، بۆ خستنەڕووی چەند پێشنیازو ڕاسپاردەیەک بەناوی گرووپی پاراستنی کۆمەڵایەتیی بانکی نێودەوڵەتی بۆ چاکسازی کە لەچوارچێوەی نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی پێشکەش بەحکومەت کرابوو و لەئێستادا کاری لەسەر دەکەن.
کرۆکی نەخشەرێگاکەی بانکی نێودەوڵەتی، سێ ئاستی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان تایبەتە بەدەرفەتی کارو بازاڕ پەیداکردن و دووەمیش تایبەتە بەبیمەی کۆمەڵایەتی و دواهەمیشیان تایبەتە بەنەهێشتنی هەژاری.
لەکۆبوونەوەکەی چوارشەممەشدا ڕوونیانکردەوە کە ئه و ستراتیژیەتەی ئەوان پرۆگرامێک نییە لەدەرەوە بەئامادەکراوی هێنرابێت، بەڵکو نەخشەرێگاکە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و سروشتی سیاسیی کوردستان دارێژراوە.
- 19-11-2016