ئێلمەر کاتۆ سەرۆکی نێردەی فلیپین لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا ڕایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتی فلیپینی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و دەیانەوێت پەیوەندی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان ببەستن.
ئه و وتانەی ئێلمەر کاتۆ لەمیانەی کۆبونەوەیەکیدا هات لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم، بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە.
سەرۆکی نێردەی فلیپین لە باڵیۆزخانەی فلیپین لە بەغدا وتی "لە ساڵی پارەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێکردوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە زیاتر لە (3) هەزار فلیپینی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن".
هەروەها باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتی فلیپین کرد لەناوچەکە کە تا ئێستا پەیوەندییەکان لە بواری خوێندنی باڵاو پەروەردە وەک پێویست نییە، هیوای خواست لە ڕێگەی ئەم دیدارەوە بتوانن پەیوەندی لە بواری خوێندنی باڵا لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی فلیپین دروست بکەن.
لای خۆیەوە، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پشتیوانی تەواوی بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە دوپاتکردەوەو، هیواشی خواست بەبەرنامەی هاوبەش بۆ ڕەوانەکردنی خوێندکارو هێنانی مامکۆستان و کردنەوەی خولی ڕاهێنان پەیوەندییەکانیان دەست پێ بکەن.
- 21-11-2016