لەکاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە خراپترین دۆخی داراییدان و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی بژێوی ژیان دەدەن، خەمی گەورەی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەری کێشەی بژێوی هاوڵاتیان و موچەی سەرجەم موچەخۆرانە. بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان دەستەوەستانە لە ئاست چارەسەرکردنی قەیرانە دارایی و ئابورییەکان. سەرەڕای ئەمەش لە چەندین کێشەی تری سیاسی و ئیداری و یاساییدا نەیتوانیوە بچوکترین ڕۆڵی بۆ چارەسەر هەبێت.
سوربون لەسەر مانەوە لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بە شێوازێکی نایاسایی سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانەو ئەمەش کێشەکانی تری وەک پەکخستنی پەرلەمان و بنکۆڵکردنی حکومەتی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا. لەو کاتەوە هەمو دڵسۆزانی گەلەکەمان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر دابون. بەداخەوە نە پرۆژەو پێشنیارەکان سودیان هەبوو نە گوێ لە هیمەتی خەمخۆران گیرا، بۆیە دۆخەکە بەمڕۆ گەیشت.
لە ئێستادا خەڵکی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزای کۆیە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان دێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییەکانیان بەشێوازێکی شارستانییانە دەردەبڕن. بەڵام خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک کە بە دەست هەمان زوڵم و ناعەدالەتیەوە دەناڵێنن، بەهۆی ئیرهابی فیکری و ترس و تۆقاندن ناتوانن هاوشێوەی خوشک و براکانیان لە ناوچەکانی تر لە دژی سیاسەتی برسیکردن و تاڵانکردنی سامان و داهاتی ئەم هەرێمە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە تەئکیدی کردۆتەوە کە دانانی مەرجی پێشوەخت بۆ دانوستان گوزارشت لە نیازپاکی ناکات. ڕای ئێمە وایە کە سەرەتا دەبێ لە کێشە بنچینەییەکانەوە دەستپێبکرێت، کە ئەویش چارەسەرکردنی بژێوی خەڵک و ساغکردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمە نەک سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە بەپێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ کاری خۆیان بە شێوازێکی سەرکەوتو ئەنجامداوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و دابینکردنی بژێوی هاوڵاتیان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەو ڕێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لەم هەرێمەدا ئامادەی هەمو هەنگاوێکی کرداری و ڕاستەقینەیە. بۆ ئەم مەبەستەش بزوتنەوەی گۆڕان بە پرۆژەوە بەشداری لەم هەوڵەدا دەکات.
بزوتنەوەی گۆڕان
24-11-2016