دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بۆ یەکەمجار کارگەیەکی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان دامەزرا و بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش ڕایدەگەیەنێت، کارگەکە لەیەک کاتژمێردا توانای هاڕینی هەزار و 500 کیلۆ زەیتوونی هەیە.
دیدار ڕەسوڵ، ئەندامی کۆمەڵەی باخداریی زەیتوون بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، بۆ یەکەمجارە کارگەیەکی حکومی بۆ بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت و کارگەکە 90 ملیۆن یۆری تێچووە و لە ڕووی ئیدارییەوە کارەکانی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بەڕێوەدەبرێت.
روونیشیکردەوە، کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون لە یەک کاتژمێردا توانای هاڕینی یەک تۆن و 500 کیلۆ زیتوونی هەیە و کوالێتی ڕۆنی زەیتەکەشی زۆر بەرزە، لەبەرامبەر هاڕینی یەک تۆن زەیتون بڕی 75 هەزار دینار لە خاوەنی زەیتونەکە وەردەگیرێت، ئەمە لەکاتێکدایە لە کارگە ئەهلییەکان 200 هەزار دینار وەردەگیرێت.
لوقمان مستەفا، بەڕێوەبەری باخداری زەیتون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر ئەوەی خستەڕوو، بە دامەزراندنی ئەم کارگەیە دەتوانین بەشێکی باشی پێداویستی ناوخۆ دابینبکات کە پێشتر لە دەرەوە ڕۆنی زەیتی زەیتون هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا ئەو هاوردەکردنە کەمدەبێتەوە.
ئاشکراشیکرد، لە هەولێر 270 باخی زەیتون هەیە، بەڵام هەندێکیان بەهۆی کەمی ئاو و بێئومێد بوونی خاوەنەکانیان و کەمی داهات وشکبوون.
- 24-11-2016