لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووەوە چووەتە پاکستان دوای ماوەیەکی کەم لەکشانەوەی سۆڤیەت لە ئەفغانسان، نەشوان هاووڵاتیەکی کوردە دانیشتووی شاری موسڵ بووە، پێشتر لە ڕیزی سوپای ئێراقدا خزمەتی کردووە لە جەنگی نێوان ئێراق و ئێراندا، بەپێی ڕاپۆرتەکەی فۆرێن پۆلیسی، هەندێکجار ناوی (عەبدولهادی موسڵی) بووە، یان (عەبدولهادی ئەنساری یاخود ئێراقی) .
عەبدولهادی کە ئەندامێکی کوردی قاعیدەیە، لەساڵی 1995ەوە لە ئەفغانستان جێگیر بووە و بەراهێنەری سەرەکی جیهادییەکانی قاعیدە دادەنرێت لەڕووی سەربازییەوە.
نەشوان کە ئێستا لە گرتووخانەی گوانتانامۆی ئەمریکا بەندکراوەو چەندین تۆمەتی ئاڕاستە کراوە دەستی باڵای هەبووە لە ڕووخاندنی پەیکەرەکانی بوزا لە ناوچەی بامیانی ئەفغانستان لەساڵی 2001دا، هاوکات نەشوان بەئاڕاستەکەری قاعیدە دادەنرێت لە ئێراق و بنکەیەکی سەربازیشی هەبووە لە کابوڵ کە دەوترێت جیهادییە کوردییەکان لەوێ لە ژێر دەستی ئەودا ڕاهێنان و مەشقیان کردووە.
نەشوان کوردی دەستی باڵای هەبووە لە دروستکردنی قاعیدەی ئێراق بۆ زەرقاوی، ئەو ئوردونییەی دواتر بووە باوکی ڕۆحی قاعیدە لەئێراق، کە دواتر بەهۆی بەیعەت نەدانی بە بن لادن، کێشە کەوتە نێوان قاعیدەی ئەفغانستان و قاعیدەی ئێراقەوە.
دوای ئەوەی داوای پارە دەکات لەقاعیدە، نەشوان کوردی دەکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەبو مسعەب زەرقاوی لەرێگەی ئەبوحەسن غول کە کەسێکی پاکستانی بوو، لەوکاتەدا زەرقاوی بە غول دەڵێت کە ئەوان دەست دەکەن بە تیرۆرکردنی سومبولە ئاینییەکان و نانەوەی فیتنە لە نێوان پێکهاتەکاندا و دواتر جەنگ دژی بێگانە دەستپێدەکەن، کە ئەوە بەتەواویی لەلایەن عەبدولهادی کوردییەوە ڕەتکراوەتەوە و کێشە کەوتۆتە نێوان ئەو سەرکردە کوردە و زەرقاویەوە.
ئەم زانیارییانەش کاتێک بیستراون، کە غول لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر دەکرێت، کاتێک دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان.
دوای ئەو ناکۆکییانە، نەشوان کوردی بڕیار دەدات بێتە ئێراق و چاوی بکەوێت بە ئەبومسعەب زەرقاوی، بەڵام زەرقاوی ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت جیهادی ئەوان جیاوازە لەگەڵ ئێمە و پێویست ناکات بێت بۆ بینینی من.
پاش ئەوەی ئەبومسعەب زەرقاوی مانگی تەمموزی ساڵی 2004 بەیعەتی بە بن لادن دا، لەو ساتەوە ئاگری شەڕی تایفی لە ئێراق سەریهەڵدا.
ساڵی 2005 جۆن نیگرۆپۆنتی بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نامەیەکی ئەیمەن زەواهیری کەسی دووەمی قاعیدە دەخوێنێتەوە، کە تیایدا داوای لە زەرقاوی کردووە واز لە سەربڕین و کوشتنیی عیراقییەکان بێنێت، بەڵام زەرقاوی گوێی بەویش نەداوە.
لەساڵی 2006 عەبدولهادی ئەنساری عیراقی کە بە نەشوان کوردیش دەناسرا، گڵۆپی سەوزی لە زەرقاوییەوە پێگەیشت، کە بێتە ئێراق و قسە بکەن پێکەوە بۆ یەکخستنی چەکدارەکانی ئەنسارو سوننە لە کوردستان و قاعیدەی ئێراق، بەڵام پێش گەیشتنی نەشوان بە ئێراق، زەرقاوی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2006دا بەبۆردومانێکدا کوژرا و ئەبو حەمزەی موهاجیر شوێنی گرتەوە، کە میسری بوو، پاشان هەموو ڕێکخستنەکانی قاعیدەی لە ئێراق هەڵوەشاندەوە و پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاعیدەی ئەفغانستان نەهێشت، ئینجا گروپە چەکدارییەکانی خۆی کۆکردەوە و ناوی لێنان (دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق) .
ڕێکخراوی قاعیدە هەواڵێکی خۆشی بەدەست گەیشت پاش ئەوەی زانی عەبدولهادی کوردی لەسەر سنوورە لەنزیک ئێراق، بەڵام ئەو خۆشییە سەری نەگرت، ئەوەندەی نەبرد لەشاری غازی عەنتاب نەشوان کوردی گیرا و بەدیاریکراوی ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی #داعش# لەعیراق.
بەقۆڵبەستکردنی نەشوانیش، هەموو هیواکانی قاعیدە بۆ دەستبەسەراگرتنی داعش لە ئێراق شکستی خوارد و ئەوەش ناوەڕۆکی کێشەکە بوو کە زەرقاوی توانی بەویستی خۆی ئەو ڕێکخراوە جیهادییە توندڕەوە دروست بکات لە ئێراق و سوریا کە خۆی ویستی.
نەشوان کوردی لە 31ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2006 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کرا و بەفڕۆکەیەکی تایبەت برایەوە بۆ کابوڵ لەوێ درایە دەست ئەمریکییەکان.
ئێستا نەشوان کوردی لەگوانتانامۆ بە یەکێک لە 17 ترسناکترین بەندکراوەکانی جیهان دادەنرێت بەپێی پۆلێنی ساڵی 2010ی گیراوان، ئەو ئێستا تاکە کوردە لە گوانتانامۆ زیندانی کراوە و ئەوەی گریمانەی بۆ دەکرێت بەپێی ڕاپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسی ئەوەیە:
-نەشوان ویستوێتی بێتە ئێراق و لەگەڵ بەرەی ئەنسار سوننە و چەکدارە کوردەکانی قاعێدە بەرەیەکی گەورە دروست بکات و ناوی بنێت باڵی قاعیدە لە عیراق.
-یان بەرەیەکی دژ دروست بکات بۆ دژایەتی داعش وەک ئەوەی ئێستا لە سوریا دەگوزەرێت.
-یاخود ئەنجامدانی کودەتایەک لەناوچەکە و باڵادەست بوونی خۆی ڕابگەیەنێت لە هەموو کوردستان و ئێراقدا بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێم و بەغدا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
- 26-11-2016