دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
لەئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە، ئەوەخراوەتەڕوو کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە مەفرەزەکانیان توانیویانە 77 کەس بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچی یاساییەوە دەستگیر بکەن، هاوکات بەبڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دینار ماسی دەستبەسەرکراویان فرۆشتوە، لەگەڵ فرۆشتنی ئاژەڵێکی کێوی بەبڕی 140 هەزار دینار.
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە کە بە دواڕۆژ دراوە، ئەوە خراوەتەڕوو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا 27ی ئەم مانگە مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە توانیویانە 77 کەسی سەرپێچیکار دەستگیر بکەن، هاوکات توانیویانە دەست بگرن بەسەر 62 جۆر چەک لە جۆرەکانی (سەمینۆف، کڵاشینکۆف بادی) هاوکات 128 فیشەکی تاپڕ و کڵاشینکۆف دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەرلەو ئامارەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە مەفرەزەکانی پۆلیس و دارستانی هەڵەبجە، توانیویانە بڕی 346 کیلۆ ماسی ڕاوکراو دەستبەسەردا بگرن و دواتر بەفەرمانی دادوەر فرۆشراونەتەوە کە پارەکەیان بڕی یەک ملیۆن و 136 هەزار دینار بووە لەگەڵ ئەوەشدا گۆشتی ئاژەڵێکی کێوی بەبڕی 140 هەزار دینار فرۆشراوە کە لەلایەن سەرپێچیکارانەوە ڕاوکراوە و دواتر دەستمان بەسەردا گرتوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و دارستانی ژینگەی هەڵەبجەش، بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، ئەو بڕە پارانەی کە بەهۆی فرۆشتنی ئەو ماسی و گۆشتی ئاژەڵانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرجەمی گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، ئەوانەن کە بارودۆخی خراپی ئێمەیان قۆستوەتەوە و هەستاون بەڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێوی یاخود بڕینەوەی دار و درەخت و کردنەوەی ئاگر کە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبونی بودجەوە ناتوانین وەک پێویست چاودێری هەموو شوێنەکان بکەین.
- 27-11-2016