دواڕۆژ، عەلی عومەر
بەڕێوەبەرایەتی ئامار ئەنجامی پڕۆژەی پڕۆفایلی سلێمانی ئاشکراکرد و ڕایدەگەیەنێت، 19%ی دانیشتوانی سلێمانی ئاوارەن و ڕێژەی هەژاریش لە شارەکە لە 2%ەوە بۆ 12% بەرزبوەتەوە.
ئەمرۆ 29ی تشرینی دووەم بەرێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی بە هاوکاری ڕێکخراوی (UNHCR) ئەنجامی کۆتایی پرۆژەی پرۆفایلی سلێمانی اگەیاند کە ماوەی 5 مانگە سەرقاڵی ئامادەکردنین.
مەحمود عوسمان، بەرێوبەری ئاماری سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "پێویستە ئێمە ئەم جۆرە توێژینەوانە ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی کێشەکانمان بێتە بەردەست، ئێمە ڕووپێوەکەمان ئەنجامدا لەسەر سێ توێژ کە ئەوانیش خێزانەکانی خانەخوێ، ئاوارە عەرەبەکانی دانیشتووی شارەکان، لەگەڵَ خێزانی پەناهەندەکان".
مەحمود عوسمان وتیشی، "بۆمان دەرکەوت لەکاتێکدا کەمپی پەناهەندەکان هەیە 8 کەمپی ئاوارەکان هەیە، لە سەدا 80ی ئاوارە عەرەبەکان دانیشتووی شارەکانن، هەروەها بۆمان دەرکەوت زیاتر لە 250 هەزار هاوڵاتی ئاوارەی عێراقی دانیشتووی سلێمانی و شارۆچکەکانیانن".
ئەوەشی خستەڕوو "هەر لە توێژینەوەکەدا بۆمان دەرکەوت لە سەدا19ی دانیشتوانی شاری سلێمانی بوون بە ئاوارەی عێراقی، لەکەلار لەسەدا 17ی دانیشتوانەکەی ئاوارەن، لە شاری کفری 50 لە سەدی دانیشتوانەکەی ئاوارەن و، تێکڕای پارێزگایی سلێمانی و دوو ئیدارەکەی لەسەدا 15 دانیشتوەکانی ئاوارە عێراقین".
بەڕێوەبەری ئامار ئەوەشی ئاشکراکرد، لە توێژینەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو دانیشتوانی خانەخوێی سلێمانی لە وەڵامدا دەڵێن هاتنی ئه و ئاوارانە بوون بە گرفت بۆمان لە چەند ڕوویەکەوە، وەک گرانبوونی کرێی نیشتەجێبوون، لە بەرامبەریشدا ئاوارەکان دەڵێن زۆر بەکەمی تێکڵاویمان هەیە و 21 لەسەدی ئاوارەکانیش دەڵێن ئێمە زۆرمان پێخۆشە لەسلێمانین و ناچینەوە شارەکانی خۆمان.
باسی لەوەشکرد، لەم توێژینەوەیەدا داهاتی خێزانەکانی خانەخوێی سلێمانیشمان بۆ دەرکەوت، لەکاتێکدا لەساڵی 2013 تێکڕای داهاتی خێزانی لە پارێزگای سلێمانی (یەک ملیۆن و 976 هەزار دینار) بووە، بەڵام لەئێستادا دابەزییوە بۆ (770 هەزار دینار)، خەرجی خێزان لە ساڵی 2013 بەتێکرا (دوو ملیۆن و 663 هەزار دینار) بووە، بەڵام لەمساڵدا دابەزیوە بۆ (882هەزار دینار)، لەساڵی 2013 ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای سلێمانی لە سەدا دوو بوو کە باشترین پارێزگا بووین له و ئاستەدا لەهەموو عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەڵام لەمساڵدا بەرزبۆتەوە بۆ لەسەدا 12.