دواڕۆژ، نوسینگەی کەرکووک
حکومەتی ناوەندی عێراق بەهاوکاری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی زیاتر لە سێ هەزار خێوەتگە بۆ ئاوارەکان لە شاری کەرکووک دروستدەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ هاتنی ئاوارەی زیاتر بۆ شارەکە لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای حەویجە.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی کەرکووک بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە کۆبونەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان کە دوێنی دووشەممە بەڕێوەچووە، پارێزگاری کەرکووک باسی لە دروستکردنی 2 هەزار و 500 خێوەتگەکرد کە بڕیارە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە لە کەرکووک دروستبکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئاوارەی جیهان کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە ئەویش هەزار خێوەتگەی دیکە دروستدەکات.
ئەمەش وەک ئامادەکارییەک لەکاتی هاتنی ئاوارەی زیاتر بۆ پارێزگاکە، چونکە پێشبینی دەکرێت لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای حەویجە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بن.
لە پارێزگای کەرکووک کەمپەکانی نەزاروە و لەیلان و یەحیاوا بۆ ئاوارەی پارێزگاکانی خوارووی عێراق دروستکراوە کە زیاتر لە 4 هەزار خێزانی لەخۆ گرتووە، وا بڕیارە ئەو 3 هەزار و 500 خێوەتگەی دیکەش لە دوو کەمپدا لە باشوری کەرکووک دروست بکرێت.