نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، کە بەهۆی شەڕی موسڵەوە تۆڕی دابەشکردنی ئاو لە موسڵ ڕووخاوە و ئێستا نیو ملیۆن هاوڵاتی موسڵ ڕووبەرووی قەیرانی نەبوونی ئاو بوونەتەوە.
لیز گراندە، ڕێکخەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاندووە، هاوڵاتیانی موسڵ کە لەناو شەڕی موسڵدا گیریان خواردووە، ئێستا ڕووبەرووی قەیرانی نەبوونی خواردن، کارەبا و ئاو بوونەتەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەردەبەن.
گراندە وتووشیەتی:"هاوڵاتیان ناچارن ئاوە ئالودەکان و ئاوی بیرەکان بخۆنەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیداری جۆراوجۆر لەنا هاوڵاتیاندا، ئەم دۆخە بەتایبەت بۆ منداڵانی موسڵی کارەساتبارە".
شەڕ لە نێوان چەتەکانی داعش و هێزەکانی سوپای عێراق لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی موسڵدا بەردەوامە، بەپێی ئامارەکان زیاترلە یەک ملیۆن هاوڵاتی لەناو شاری موسڵدان کە نزیکەی 600 هەزار کەسیان دانیشتووی گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی موسڵن.
01-12-2016