ئەمڕۆ 01-12--2016 هێزێکی زۆری ئەمنی کە لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژاوادا بڵاوەیان پێکرابوو، بە سوکایەتی و جنێودان و ڕشتنی گازی فرمێسکرێژ و کێبڵی کارەبا هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندانی مامۆستایان و ئەو فەرمانبەرو هاوڵاتیانەی بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و بۆدەربڕینی نارەزایەتی دژی بڕینی مووچەو بریسکردن و هەژارکردنیان بە خۆپیشاندانەکەوە پەیوەست دەبوون. دەیان کەسیان لێ دەستگیرکردن و هەوڵیان دا بەزۆری هێز بڵاوەیان پێبکەن، بەڵام خۆپیشاندەران قارەمانانە بەرەنگاری هێزە سەرکوتگەرەکان بونەوەو پاشەکشەیان پێکردن و ناچاریان کردن دەستگیرکراوەکانیش ئازاد بکەن.
هەر ئەمڕۆ سەرلەبەیانی، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی و بەشێوەیەکی دڕندانە و لەبەرچاوی خێزانەکانیان دەستگیریان دەکەن و تائێستا ئازاد نەکراون. بەپێی هەواڵەکان ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی دەستیان کردوە بە ڕەشبگیری هەڵسوڕاوان و ئەو کەسانەی کە دەوریان هەبوە لە نارەزایەتی مامۆستایان و جەماوەری خەڵک لە سلێمانی.
حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتمانی کە بەهاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا دەسەڵاتی سلێمانیان بەدەستەوەیە، دەستیان ناوەتە گەرووی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران و جەماوەری کەمدەرامەت، سەرچاوەی ژیان و بژێویان تاڵان کردون، کەچی بەرامبەر بە دەنگ هەڵبڕینی خەڵک دژی ئەم زوڵم و زۆرەی لێیان دەکرێ، سزای نوێنەرانیان دەدات و ئۆتۆمبێلی مامۆستایانی نارازی دەسوتێنێن، کە ئەوانەش دادیان نادات، ڕاستەوخۆ لولەی چەک و هێزی سەرکوت و تۆقاندنیان پیشان دەدەن!
یەکێتی نیشتمانی کە دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی سلێمانیەو هەربەو ئیعتبارەش شەریکی سەرەکی پارتیە لە حکومەتی هەرێمداو بەشێکی داهاتی تاڵانکراوی هەرێمی پێدەبڕێت، بەهەر نرخێک بوە دەیەوێ کۆتایی بە بایکۆتی مامۆستایانی خوێندنگاو زانکۆ پەیمانگاکان بهێنێت و بە گیرفانی بە تاڵ و سکی برسی و بە زۆر دەوام لەناوەندەکانی خوێندندا دەست پێبکاتەوە، چونکە دەست پێنەکردنی دەوامی خوێندنگاو زانکۆکان شکستی ئەو حزبەو دەسەڵاتەکەی لەرووی سیاسی و ئیداریەو دەسەلمێنێت، هەروەها لای پارتیش ڕوبەرووی گلەیی وگازەندەو بەرپرسیاریەتی دەبێتەوە کە ناتوانێ سنورێک بۆ نارەزایەتیەکانی خەڵک دابنێ!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا سزادانی نوێنەرانی فەرمانبەران و دەستگیرکردن و فڕاندنی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی و ڕەشبگیری و چوونە سەرماڵانی ڕێکخەران و کەسە چالاکەکانی خۆپیشاندانەکان ڕیسواو ئیدانەو مەحکوم دەکات، هاوکات پەلامارو هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران بەکردەوەیەکی سەرکوتگەرانەو دژی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان دەزانێت. دەبێت دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی دەستبەجێ دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن و دەست هەڵگرن لە سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی نارازی و وەڵام بە خواستەکانیان بدەنەوە.
بانگەوازی مامۆستایان و فەرمانبەران و جەماوەری نارازی دەکەین کە بەردەوام بن لەسەر نارەزایەتی و خەباتی ڕەوای خۆیان، بە هەموو شێوازێکی گونجاو لە ناوەندەکانی کارو خوێندنگاو زانکۆو خەستەخانەو لەسەر شەقام تا حکومەت ناچاردەکەن مل کەچ بکات بۆ خواستەکانیان.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
01-12-2016