بانگەوازێک بۆ ئازادیخوازان و لایەنگرانی دەنگی ئازاد لەناو ڕەوەندی کوردی
با لەدژی پەلاماری یەکێتی نیشتمانی و هاوپەیمانەکانی بۆسەر خۆپیشاندەرانی سلێمانی بوەستینەوە
ئەمڕۆ لەدرێژەی هەڕەشه و گواستنەوه و دەستگیرکردن و سەیارەسوتاندنی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژە ناڕازیەکانی کوردستان، هێرش کرایە سەر خۆپیشاندانی مامۆستایان و خەڵک لەشاری سلێمانی. سەرەتا ناوچەی نزیک خۆپیشاندانەکەیان بەهێزە ئەمنی و سەرکوتگەرەکان میلیتاریزە کردو دواتر هەوڵیان دا بەلێدان و سوکایەتی پێکردن و ڕشتنی گازی فرمێسک ڕێژ و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن بەڵام لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا ئازادیان دەکەن. هاوکات هێزێکی ئاسایش هەڵدەکوتنە سەر ماڵی چەند مامۆستای ناڕازی و دەستیگیریان دەکەن کە تائێستا ئازاد نەکراون.
حکومەتی هەرێم، لەباتی وەڵامدانەوە بەخواستی مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژە زەحمەتکێشەکان، بەشێوەی بەڵتەجی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناڕازی و بێمووچە دەکات. یەکێتی نیشتمانی دەیەوێت وەکو پارتی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک خەفە بکات و ڕێگا نەدات دژی بڕینی قوتی خۆیان و خێزانەکانیان و شیری مناڵەکانیان لەلایەن حکومەتی مافیاکانی کوردایەتیەوە دەنگ هەڵبڕن! یەکێتی هاوکات دەیەوێ وەکو هێزێکی بەشداری حکومەت لەپاڵ بێدەنگی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمانی کەپۆستە ئیداری و سیاسیە گرنگەکانی ناوچەی سلێمانی بەدەستەوەیە، وەڵامی پارتی بداتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەناڕەزایەتی مامۆستایان بەتایبەتی و فەرمانباران و خەڵکی ستەمدیدە بەگشتی بهێنێ.
بۆیە ئێمە بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان دەکەین لەدەرەوەی وڵات، کەدەنگی ناڕەزایەتی بەدەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی هەڵبڕن و ئەم کردەوە سەرکوتگەریەی یەکێتی سەرکۆنە بکەن و بەرگری لەژیان و گوزەران و ئازادی و شکۆی کەسوکاریان لەکوردستان بکەن کە بەدەست کۆمەڵێک مافیاوە قوتی ژیانیان تاڵانکراوەو ئێستاش دەیانەوێ بیدەنگ و سەرکوتیان بکەن. بچنە بەردەم نوسینگەکانی حکومەتی هەرێم و نوسینگەکانی یەکێتی نیشتمانی و لەناوەندەکانی شارەکاندا بەدژی هەڕەشەکردن و سزادان و سەیارە سوتاندن و ڕاونان و گرتنی مامۆستایان و کارمەندانی ناڕازی، بەهەر شێوەیەک دەکرێت دەنگی ناڕەزایەتیەتی بەرزبکەنەوە. خەڵکی کوردستان پێویستی به پشتیوانی ئێمە و بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست هەیه. نابێ مامۆستایان و کارمەندان و خەڵکی هەژاری کوردستان بەتەنها جێ بهێڵین. شەقامەکانی شارە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکاو ئوسترالیا بکەین بەسەنگەری بەرگری لە نان و ئازادی و شکۆی خەڵکی کوردستان!
رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
01-12-2016
بۆ پەیوەندی: 0044747420204121
00447856032991