دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ، زیاتر لە 100 ملیار دینار پارەی غەرامەی هاتووچۆ لای شۆفێران و ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکانە، لیوا ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم، لە چاوپێکەوتنێکی دواڕۆژدا باس لەوە دەکات، هەر شۆفێرێک پارەی غەرامە نەدات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و دواتر ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشرێت.
دواڕۆژ: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری زیادکردنی باج و غەرامەی ئۆتۆمبێل درا و دواتر ڕاگیرا، بۆچی لەم قەیرانە دراییەدا بڕیارێکی لەم شێوەیەتان دەرکرد؟
رزگار عەلی: هیچ بڕیارێک دەرنەچووە بۆ زیاکردنی باج و غەرامە، تەنها بەیان و ئاگادارکردنەوە بووە بۆ ئه و شۆفێرانەی غەرامەی هاتووچۆیان هەیە و نەیانداوە، تاوەکو غەرامەکەیان بۆ بکرێت بە قیست، دەبێت شۆفێران بچن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و داوابکەن پارەی غەرامەکەیان بە چەند قیستێک بدەنەوە.
دواڕۆژ: بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و دواتر ڕاگیرا، لەئێستادا بە کوێ گەیشتووە؟ ئایا گۆڕانکاری تێداکراوە؟
رزگار عەلی: لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکراوە نەک ئێمە، هەر ئەوانیش ڕایانگرتووە و لەئێستادا کاری پێناکرێت، پێمان وتراوە جاری کاری پێنەکەین.
دواڕۆژ: پێتوانییە دەرکردنی ئەم بڕیارە لەئێستادا دەبێتە هۆی بارگرانی زیاتر لەسەر شۆفێران و هاوڵاتیان؟
رزگار عەلی: کاتێک خاوەنی ئۆتۆمبێلێک بڵێت پارەی غەرامەکەم بۆ بکەن بە قیست ئەگەر قیستەکەشی نەدا، لێکۆڵینەوەی تری لەگەڵ دەکرێت، هەر کەسێک پارەی غەرامە نەدات ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە، ئەوان بڕیاردەدەن، دواتر ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشرێت و پارەی غرامەکەی لێهەڵدەگرین، باقی پارەکەی دەدرێتەوە بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە، ئەگەر یەکێک سەرپێچی هاتووچۆ نەکات یەک دینار غەرامە ناکرێت، ئەمە پەیوەندی بە قەیرانەوە نی یە، با سەرپێچی نەکەن و غەرامەش ناکرێن.
دواڕۆژ: بڕی ئه و پارەیە چەندە کە وەکو غەرامە لای شۆفێرانە؟
رزگار عەلی: بڕەکەی زۆرە، شۆفێر هەیە 10 ملیۆن دینار غەرامەی لایە، نزیکەی 100 ملیار دینار پارەی غەرامەی هاتووچۆ لای هاوڵاتیان و ئۆتۆمبێلەکانی فەرمانگەکانی حکومەتە.
دواڕۆژ: تا چەند ئاگاداری داهاتی کامێراکانی هاتووچۆن چەندە و چی لێبەسەردێت؟
رزگار عەلی: سەرجەمی ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئاگادارنین چەندە و چی لێ بەسەردێت، بەڵام لە 20%ی داهاتی باج و غەرامە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ هاتووچۆ تەرخاندەکرێتەوە.
دواڕۆژ: سەبارەت بە کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچەی کارمەندانی هاتووچۆ چییتان کردووە؟
رزگار عەلی: پەیوەندی بە مووچەی گشتی فەرمانبەرانەوە هەیە، هەر کاتێک مووچەی سەرجەم فەرمانبەران چاککرا، بەهەمانشێوە پاشەکەوتی مووچەی کارمەندانی هاتووچۆش کەمدەکرێتەوە، مووچە مافی سروشتی فەرمانبەرانە، کارێکی ناچارییە ئەگەرنا کەس پێی باش نی یە کەمکراوەتەوە.
دواڕۆژ: لە وەرزی زستاندا پێداویستییەکانی هاتووچۆ زیاتر دەبێت، بەتایبەت جلوبەرگی زستانەی کارمەندان، ئایا بودجەتان بۆ تەرخانکراوە؟
رزگار عەلی: بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان داوای هەرچییەکیان کردبێت ئێمەش ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆمان کردووە، ئەوانیش بەپێی توانای مادی خۆیان پێداویستییەکانمان بۆ دابیندەکەن.
دواڕۆژ: لە هەولێر و سلێمانی کار بە دوو سیستمی جیاوازی هاتوچۆ دەکرێت ئەوانیش دانیمارکی و کۆرین، بۆچی نەکراوە بە یەک سیستمی هاتووچۆ لە هەرێم؟ بەتایبەت لە مۆڵەت پێداندا؟
رزگار عەلی: هەردوو شێوازەکە کوردستانی یە، نەک دانیمارکی و کۆری، پێشتر پرۆژەکە لە هەولێر لەلایەن کۆرییەکانەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی جێبەجێکرا، لەئێستاشدا داواکراوە بەهەمانشێوە لە گەرمیان و دهۆکیش کاری پێبکرێت.
دواڕۆژ: لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا ڕێژەی تەکسی لەناو شارەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بۆچی ڕێگەتانداوە بە بوونی ئەم ژمارە زۆرەی تەکسی؟
رزگار عەلی: میدیاکاران لەخەمی بژێوی و ژیانی خەڵکدان، لەلایەکی تریشەوە دەڵێن ڕێگری لە بژێوی کاری خەڵک بکەن، کەسێک خاوەنی تەکسییە و بژێوەی خۆی پێ دابیندەکات، چۆن دەکرێت ڕێگری لێبکەین و نەهێڵین کاربکات.
دواڕۆژ: بەڵام ڕێژەکە ئاستی پێویستی تێپەڕاندووە؟
رزگار عەلی: پەیوەندی بە بژێوییەوە هەیە، ئۆتۆمبیلەکەی یاساییە، ئەمەش پەیوەندی بە وەزارەتی گواستنەوە هەیە و خەتەکانیان دابەشکردووە، ئێمە تەنها ڕێکخستنی هاتووچۆمان لەسەرە، بەڵام دەبێت ئۆتۆمبیلەکەی یاسایی بێت و تابلۆی کرێی لەسەر بێت.
دواڕۆژ: بۆ ساڵی داهاتوو ڕێنمایی نوێی تایبەت بە هێنانی ئۆتۆمبێل دەرکراوە؟
رزگار عەلی: لایەنی تر هەیە کە ڕێگەدەدەن بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ناوخۆی هەرێم، ئێمە تەنها تۆماریان دەکەین چەند ئۆتۆمبێل بێت پەیوەندی بە ئێمەوە نی یە، لەماوەی قەیرانی دارایدا زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل لەلایەن هاتووچۆوە تۆمارکراون، پێشتر ڕێژەکە زیاتر بووە.