رۆژنیوز - دانا عومەر
قەیرانی مووچە، بێکارەبایی، دابەشنەکردنی نەوت و کەمبونەوەی کارەبای نیشتیمانی پێکەوە گوزەرانی هاوڵاتیانی سەختترکردووە و هاوڵاتیانیش ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرن، کە ناتوانێت خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.
بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی سەرماوە هاوڵاتیان زیاتر لە وەرزی هاوین پێویستیان بە بەکارهێنانی کارەبای نیشتیمانی و سوتاندنی نەوتە بۆ خۆگەرمکردنەو، بەڵام حکومەتی هەرێم نە نەوتی سپی دابەشکردووە بەسەر هاوڵاتیاندا و نە بڕی کارەبای پێویست-یش دەدات بە هاوڵاتیان.
باست حەمە غەریب، وەک پێشمەرگەیەی خانەنشین له و بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:" بۆ ئەم دۆخە دروستکراوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت هەموو لایەنەکان بەپێی قەبارەی خۆیان تاوانبار و بەشدارن، حزبە سیاسیەکان هەموو لەیەک دەچن".
وتیشی:" ئێمە هەموو قەیرانەکانمان بەیەکەوەیە، ئەم قەیرانە بووەتە پەتاو پێم وایە لە داهاتویەکی نزیکدا نەخۆشی دەرونی و کۆمەڵایەتی لەناو خەڵکدا بڵاودەکاتەوە".
نیاز جەمال، کە مامۆستایەکی دانیشتوی شاری سلێمانیە لەبارەی کاریگەری کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی و دابەشنەکردنی نەوت لەسەر ژیانی ئه و بە ڕۆژنیوزی وت:" دابەشنەکردنی نەوت، بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ موچەیی، هەموو ئەمانە بەیەکەوە کاریگەریان دروستکردووە".
لەبارەی هیوای ئه و بە چاکبوونی ئەم دۆخە نیاز جەمال وتی:" من ئومێدم هەیە و چاوەرێی ئەوە دەکەم کە ئەم دۆخەش تێپەڕێنین، ئێمە دۆخی لەمە ناخۆشترمان تێپەڕاندووە ئەمەش دەبێت بە یەکێک له و شتانەی کە تێی دەپەڕێنین".
عوسمان محەمەد پیاوێکی تەمەن 78 ساڵ بوو ئه و لەبارەی کەمبونەوەی کارەبا و دابەشنەکردنی نەوتەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی:" ئێمە ئەگەر کچ و کوڕکانمان نەوتمان بۆ نەهێنن هیچ نیە بیسوتێنین، وە من وەک بەتەمەنێک هەڵدەستم بە ناڕەحەت شت دەدۆزمەوە دەبێ بەلایت بەدوای شتدا بگەڕێم، من موچەکەم 270 هەزارە بە پێنج مانگ جارێک وەریدەگرم، ئەبێت بیدەم بەچی و بەشی چی دەکات".
عوسمان محەمەد بە ناڕەزاییەوە وتی:" من 35 ساڵ خزمەتی سەربازیم هەیه و ئێستا خانەنشینم، پێشتر مووچەکەم لە کەرکووک وەردەگرت زۆر باشتر بوو ئێستاش ئەگەر بۆم بکرێت دەیگوازمەوە بۆ کەرکووک، هاوڕێکانی من لە کەرکووک 500 هەزار دینار وەردەگرن".
سابیر حەسەن گەنجێکی خێزانداربوو لەبارەی ئه و پرسەوە بە بێهیوایی بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:" نەوت لەم وڵاتە هەیە بەس دەست ئێمە ناکەوێت هەموی کە ماف و قوتی خەڵکە چەند کەسێک دەیخۆن، من نەوتم کڕیوە بەرمیلی 130 هەزارم پێداوە، لەکاتێکدا سێ پسوڵەی نەوتم هەیە لەماڵەوە".
لە بارەی هیوای ئەوەوە بە چاکبوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و تێپەڕینی قهیرانەکان سابیر حەسەن، وتی:"من زۆر بێهیوام لە چاکبونی ئەم وڵاتە ئەگەر خەڵک هیوای هەبوایە نەدەڕۆشت ئەم وڵاتە بەجێبهێڵێت و خۆی بخاتە ناو دەریاوە و ماسی جەستەکەی بخوات".
05-12-2016