دواڕۆژ، هۆگر کەمال
پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت ئاشکرای دەکات، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەهاوکاری ڕێکخراوێکی ئەڵمانی بەشێک لە خزمەتگوزاریی شارەوانییەکانی پارێزگای سلێمانی جێبەجێدەکرێت و بەوهۆیەشەوە زیاتر لەسێ هەزار و 500 هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی کەمدەرامەت و بێ کار و ئاوارەکان و پەنابەرانی پارێزگای سلێمانی ڕەخساوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2016 سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت، بەهاوەڵی بەهادین ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بەشێوەیەکی مەیدانی بەشێک لەو شوێنانەی بەسەرکردەوە کە خزمەتگوزارەکانی شارەوانی سلێمانی و ئەو کارمەندانەی ڕیکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانی دایناون پاکیان دەکەنەوە.
لەپاش بەسەرکردنەوەی بەشێک لەو پڕۆژانەش لە بەردەم تەلاری شارەوانی سیتەک، سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشکرای کرد "ریکخراوی(GIZ)ی ئەڵمانی لە ڕێگەی تەرخانکردنی بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ 3500 هەلی کاری بۆ خەڵکانی کەمدەرامەت و بێ کارو ئاوارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕەخساندووە و بۆ ئەم مەبەستەش لەرێگەی شارەوانییەکانەوە گرێبەستێک ئەنجامدراوە کە تێیدا و لەرێگەی ئەو ژمارەیە لەدەستی کار، سنوری شارەوانییەکان لە زبڵ و خاشاک پاکدەکرێنەوە و باخچە و سەوزاییەکان ڕێکدەخەنەوە".
وتیشی "بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناچارین بیر لەکاری هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا بکەینەوە بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێویستییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ڕێکخراوەکان لەپەیوەندیداین و چەند پرۆژەیەکی هاوشێوە هەن و خەریکی کارکردنین لەسەریان".
سەبارەت بە پرۆژەی ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی سەردار قادر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "پرۆژەکە بواری پاککردنەوە و دارستان و ئاودێری دەگرێتەوە و لە ئێستادا لەزیاتر لە 10 شارەوانی کاری لەسەر دەکرێت و هەلی کاری بۆ ژمارەیەکی زۆر لەهاووڵاتیان دەستەبەرکردوە".
باسی لەوەشکرد "زۆربەی ئەو شوێنانە گرفتی زۆری پاککردنەوە و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکیان هەبووە و کۆمپانیاکانی پاککردنەوە کاریان تێدا نەکردون و لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە توانراوە چارەسەری ئەو گرفتە بکەین".
دەشڵێت "جگەلە پاککردنەوە و کۆکردنەوەی خاشاک لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە شارەوانی سلێمانی کاری لەسەر ڕێکخستەوەی باخچەکان کردووە و لەئێستادا سەرجەم باخچەکان کاریان تێدا دەکرێت".
ئەوەشی خستەڕوو "پرۆژەکە بۆ ڕەخساندنی ئەو هەلی کارانە ماوەی 40 ڕۆژی کارکردن دەخایەنێت و هەر کرێکارێک ڕۆژانە بڕی 30 هەزار دیناری پێدەدرێت و 40%ی بۆ خەڵکانی کەمدەرامەت و بێکاری پارێزگای سلێمانی و 60%ی بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان تەرخانکراوە".
پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت، هێمای بۆ ئەوەشکرد "ئەگەر هەیە ماوەی پرۆژەکە درێژ بکەنەوە و لەبەرنامەشیاندایە کار و پڕۆژەی تر ئەنجام بدەن.
- 07-12-2016