دواڕۆژ، نووسینگەی هەولێر
بەپێی پرۆژەیاسایەک، حکومەتی ئێران بەنیازە بەرەسمی دراوەکەی لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن بگۆڕێت، پسپۆڕێکی ئابووری و دارایی ئاشکرایدەکات، هەر هەوڵێک بەئاڕاستەی گۆڕێنی دراوی ئێرانی، بەهای کاڵای ئێرانی لەهەرێمی کوردستان گرانتردەکات و گرانبوونەکەش کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی بۆ ئابووری هەرێم و عێراق هەیە.
بەگوێرەی پرۆژەیاسایەک کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران پەسەندیکردوە، پێویستی بە ڕەزامەندی پەرلەمان و ئەنجومەنی پاراستنی دەستور هەیە، ئێران دەیەوێت سفرەکانی سەر دراوەکەی لابەرێت و بگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی تمەن، بەوەش بەهای تمەن بەرزدەبێتەوە و دۆلارێک بە (3200) تمەن دەبێت و لە بازاڕی ئازادیش دەگاتە (2900) تمەن.
ئارام قادر کۆکۆیی، پسپۆڕی ئابووری و دارایی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، ئەگەر ئەم یاسایە تێبپەڕێنرێت و لە ئەنجومەنی شورا و پەرلەمانی ئێران پەسەند بکرێت، بەهای دراوی ئێرانی بەرامبەر دراوەکانی دیکە بەرزتر دەبێتەوە لەو ئاستەی ئێستا، بەمەش لە هەرێمی کوردستان کاڵای ئێرانی گرانتر لەسەر کڕیاری خۆماڵی دەکەوێت، گرانبوونی ئەو کاڵایانەش کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی بۆ ئابووری هەرێم و عێراق هەیە.
وتیشی "ناساندنی پرۆژەیاسای کەمکردنەوەی سفرەکانی سەر ڕیاڵ و گەڕانەوە بۆ تمەن پێشووتر لە لایەن ئەکادیمییەکانەوە پێشنیارکرابوو وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان و بێ بەهابوونی دراوی ئێرانی، ئابڵوقەی ئابووری و نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کاریگەرییەکی نەرێنی دیاری لە سەر ئابووری ئێران و بە تایبەتیش دراوەکەی (ڕیاڵ) بە جێهێشتووە، بەشێوەیەک لە سەرەتای ساڵی 2015دا ڕێژەی هەڵاوسانی ڕیاڵ گەیشتە (15%)، هاووڵاتیانی ئێران توانای کڕینیان کەمبووەتەوە و بۆ خۆبەدوورخستن لە زیانی زیاتر پەنایان بۆ بەکارهێنانی دراوی بیانی وەک دۆلار لە بری ڕیاڵ بردووە.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەشی بەوەکرد، دیاردەی کەمبوونەوەی متمانە بەڕیاڵ و بەکارهێنانی دراوی بیانی ڕێژەی هەڵاوسان لە بازاڕەکانی ئێراندا زیاد دەکات و کڕیار توانای کڕینی کەمتر دەبێتەوە کە کاریگەری نەرێنی لە سەر ئابووری گشتی دەبێت و تێکڕای بەرهەمی نیشتمانی ئێران کەمدەکاتەوە، ناساندن و دەنگدان و جێبەجێکردنی یاسایەکی وەها، هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان.
باسی لەوەشکرد، گەڕانەوەی متمانەیە بۆ دراوی نیشتمانی ئێران و بەرزکردنەوەی توانای کڕیاری ئێرانی و کەمکردنەوەی ئەو تێچوونانەیە کە پەیوەندی بە بواری ژمێریارییەوە (وەک ژماردن و وەستان لە ڕیزی بانکدا...هتد) و هەروەها هەنگاوێکە بۆ کەمکرنەوە ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجامی بڕیاری کۆنگرێسی ئەمریکی بە تازەکردنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بۆ 10 ساڵی داهاتوو ڕووبدات.
- 10-12-2016