هاوکار مستەفا
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن ئاشکرایکرد، مەفرەزەکانیان توانیویانە دوو کەس دەستگیر بکەن کە سەرقاڵی بڕینەوەی داری تەڕ بوون لە دارستانەکانی سنورەکەدا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، دارستانەکانی سنورەکە لەژێر مەترسی لەناوچوندان.
ئەمڕۆ پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن ڕایگەیاند، کە دوو هاوڵاتیان بەهۆی بڕینەوەی دارەوە دەستگیرکردوە، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد، کە تەنها لەم مانگە 10 هاوڵاتی بەهۆی هەمان کێشەوە دەستگیرکراون.
رائید ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە درێژەی هەڵمەتەکانمان بۆ دەستگیرکردنی ئه و کەسانی کە بەهۆی نەبونی سوتەمەنییەوە کەوتونەتە بڕینەوەی دارستان و دارە سەوزەکانی سنورەکە، ئەمڕۆ دوو هاوڵاتیمان دەستگیرکرد، کە سەرقاڵی بڕینەوەی داری تەڕ بوون.
ئەوەشی خستەڕوو، تەنها لەم مانگەدا مەفرەزەکانمان توانیویانە 10 هاوڵاتی دەستگیر بکەن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە کە هەستاون بە بڕینەوەی داری دارستانی سنورەکە، چونکە لە ئێستادا بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و کەمی ئه و سوتەمەنییەی کە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە هاوڵاتیان و گوندنشینان کەوتونەتە بڕینەوەی دارە تەڕەکان.
ئه و بەرپرسەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن ئەوەشی وت: ئەگەر لایەنە پەیوەندارەکان خەمی جدی دارستانەکانی سنورەکە نەخۆن و سوتەمەنی پێویست بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش نەکەن ئەوا دارستانەکانی سنورەکە مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، چونکە لە ئێستادا بەشێکی زۆری هاوڵاتیان ڕویان لە بەکارهێنانی سۆپای دار کردووە بۆ خۆگەرمکردنەوە.
12-12-2016