دواڕۆژ
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ئاشکرایدەکات لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو بڕی (22) ملیۆن دۆلار پارەی پترۆدۆلار بۆ شاری کەرکووک تەرخان دەکات.
لە ڕاپۆرتی وردەکاریی بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەو فرۆشتن و داهاتی نەوتی مانگی تشرینی دووەم کە ئەمڕۆ چوارشەممە (14)ی کانوونی یەکەم وەزارەتی سامانەسروشتییەکان لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە لە مانگی ڕابردوودا هەرێم بەگشتی (19) ملیۆن و (552) هەزار و (433) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە و ڕۆژانەش بڕی (651) هەزار و (748) بەرمیلی هەناردەکردووە و بەرملێک نەوتیشی بە (35) دۆلار و (5) سەنت فرۆشتووە.
راپۆرتەکە ڕونیکردۆدتەوە لە مانگی ڕابردوودا هەرێم دوای خەرجکردنی شایستە دارایی و کۆمپانیاکان و گێڕانەوەی قەرزەکان داهاتی فرۆشتنی نەوت (374) ملیۆن و (754) هەزار و (766) دۆلار بووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە لە داهاتی نەوتی مانگی ڕابردوو بڕی (22) ملیۆن دۆلار پارەی پترۆدۆلار بۆ شاری کەرکووک تەرخان کراوە.
- 14-12-2016