دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، بەهۆی خراپی و لاوازی تۆڕەکانی گەیاندنی کارەبا و سەرپێچییەکانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە، 30%ی کارەبای هەرێم بە فیڕۆ دەڕوات.
محەمەدئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە هەرێمی کوردستان، 30%ی کارەبا بە فیڕۆ دەڕوات و حکومەت هیچ سوودێکی لێ نابینێت".
وتيشی "بەستانی پێوەری زیرەک بۆ کارەبای ماڵان دەتوانێت بەشێکی زۆری گرفتەکانمان چارەسەربکات و ڕێژەیەک لە کارەبای بەفیڕۆچوو، بگەڕێنێتەوە".
هاوکات شەماڵ نوری، شارەزای کەرتی کارەبا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند"بەزۆر شێوە کارەبای حکومەتی هەرێم بە فیڕۆدەڕوات، لەوانە زیادبەکارهێنانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە کە پێویست نییە، هەروەها کۆنی و لاوازی تۆڕەکانی گەیاندنی کارەبا لە شارەکان یەکێکی ترە لە گرفتەگانی بەفیڕۆچوونی کارەبای هەرێم".
وتیشی "دوورو نزیکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەنێوان شارەکانی هەرێم و دروستکردنی ئەو خانووانەی کە لە هەردوو وەرزی زستان و هاوین کارەبای زۆری پێویستە بۆ ساردکردنەوە و گەرمکردنەوەی ماڵەکان و سەرپێچیکردنە سەر تۆڕەکانی کارەبا لەلایەن بەرپرسان و هاوڵاتیانەوە، هۆکارن کە کارەبایەکی زۆر بە فیڕۆ بچێت".
وەزارەتی کارەبا خاوەنی هەشت وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە و ڕۆژانە لەو وێستگەیانەوە سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن.
- 15-12-2016