دواڕۆژ
بەڕێوەبەری گشتی تۆماری باری شارستانی لە ئێران ڕایدەگەیەنێت، پارێزگای سنە پلە حەوتەمی لە جیابونەوەی هاوسەراندا لە ئێران هەیە.
محسن ئاغایی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری باری شارستانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند لە هەشت مانگی ڕابردوودا، 10 هەزار و 772 پرۆسەی هاوسەرگیری لە پارێزگاکە ئەنجامدراوە کە لەچاو ساڵی ڕابردوو 7% کەمیکردوە.
وتیشی "شارەکانی قوروە، کامیاران و دیواندەرە زۆرترین و دێگولان و سنەو بانە کەمترین پرۆسەی هاوسەرگیرییان تێدا ئەنجامدراوە".
ئاغایی ئاماژەی بەوەشکردووە کە مامناوەندی تەمەنی پیاوان بۆ هاوسەرگیری 28.74 و بۆ ژنانیش 24.17 ساڵە و 3%ی هاوسەرگیرییەکان لە پارێزگاکە لە تەمەنی خوار 15 ساڵان ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری باری شارستانی ئاماژەی بە ڕێژەی جیابونەوەکانیش کرد و وتی، لەو ماوەیەدا، 2 هەزار و 655 جیابونەوە لە پارێزگاکە تۆمارکراوە کە لەچاو ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەی 6% بەرزبوەتەوە.
سەبارەت بە مامناوەندی تەمەنی جیابونەوەکان ئاغایی وتی، لە پیاوان 34.32 ساڵ و لە ژنانیشدا 29.31 ساڵی جیادەبنەوە و شارەکانی قوروە، سەقز و مەریوان زۆرترین و سەوڵاوا و بیجاڕ و بانە کەمترین ڕێژەی جیابونەوەی هاوسەران تێیاندا ڕوودەدات.
وتیشی "مامناوەندی ماوەی ژیانی هاوسەران پێکەوە 6.5 ساڵ و لەسەدا 19.7یش ماوەی هاوسەرگیرییان کەمتر لە یەک ساڵ بوە و 58.5% لە جیابونەوەکان لە پێنج ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریدا ڕوودەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگای سنە لە ئاستی ئێراندا لە ساڵی 2015 لە پلەی پێنجەم و ئەمساڵیش لە پلەی حەوتەمدا بووە بەهۆی تەڵاقەوە و بەهۆی هاوسەرگیریشەوە ساڵی ڕابردوو پلەی سێیەمی تۆمارکردوە و ئەمساڵیش پلەی دەیەم.
س. فارس
و.مەستورە خەسرەوانی
- 20-12-2016