ئەم جەنگە پرکارەسات و وێرانکاریەی لە حەڵەبدا بەڕێوەدەچێت، درێژەی هەمان جەنگی پێنچ ساڵەی هێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان و تیرۆریزمی ئیسلامیە لە سوریا کە بەشێوەیەکی تراژیدی تر و خوێناویترو ژیانی خەڵکی ئەو شارە دەهاڕێت. کوشتارو وەحشیگەریەک کە بەسەر ژیانی خەڵکی ئەم شارەدا سەپێنراوە ئاکامی ڕاستەوخۆی پێداگری هەموو بەرەکانی جەنگەکەیە لەسەر سەرخستنی ئەجندای سیاسی خۆیان و بەدەست هێنانی مەدالیای سەرکەوتن لەسەر حسابی خوێنی هەزاران مناڵ و خەڵکی مەدەنی و بێدەرەتان و گیرخورادوو لەناو ئاگری شەڕەکەدا. ڕوسیاو هاوپەیمانەکانی دەیانەوێ لوتی ئەمریکا لە ناوچەکە بشکێنن، کە جەنگی “دژی تیرۆر” لە سوریا ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندن. ئەمریکاش لەپاڵ پڕوپاگەندەی پێچراوە لە ئینساندۆستی و ڕشتنی فرمێسکی درۆینە بۆ خەڵکی حەڵەب، سیناریۆیەک لە چەشنی حەڵەب لەناو بێدەنگی میدیای بەکرێغیراودا لە موسڵ بەڕێوەدەبات! ئەم دوو هێزە ئیمپریالیستە هەوسار پچڕاوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، لەناو ململانێی خۆیان لەسەر دابەشکردنەوەی جیهان لە نێوان خۆیاندا، لەسەر زەوی پڕ لە خێروبەرەکەتی تیرۆریزمی ئیسلامی و داعش وجەنگی “دژی تیرۆر” ناوچەکەیان کردوە بە گۆڕەپانی پێشبڕکێی کوشتاری خەڵکی مەدەنی و تاقیکردنەوەی تازەترین و پێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیای جەنگی. سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئینساکوژی ئیسلامی ئێران و چەکدارانی حزبوڵای لوبنانی بەکرێگیراوی و بەڵتەجی و شەبیحەکانی ئەسەد لەپاڵ بۆمبارانی فڕۆکەکانی ڕوسیادا بونەتە قارەمانەکانی شەڕی دژی داعش و بەرەی نوسرەو فەتحی شام. ئەمریکاش لەناو خوێن و خۆڵ و لاشەی مناڵانی حەڵەبدا شیوەن بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی میانڕەو ی بەرەی نوسرەو فەتحی شام دەکات! کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بوەتە مەیدانی نمایشی ڕیاکارانەو پرۆژەی بێگیان و بۆ خەڵکی حەڵەبیش هەرساتێکی بە بەهای لەدەستدانی ژیانی دەیان کەس تەواودەبێت!
ئه و داڕمان و وێرانکاریەی لەحەڵەب ڕودەدات و ڕژێمی دڕندەی ئەسەدو ڕژێمی ئینسانکوژی ئیسلامی ئێران و حزبوڵای جیرەخۆری ئێران، ناویان ناوە ئازادیی حەڵەب، لەوێنەی هەمان ئەو کارەساتەیە کە ئەمریکاو هاوپەیمانانی لەدوو مانگ لەمەوبەرەوە بەناوی ئازادکردنی موسڵەوە بەڕێیان خستووە. ئەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی مەدەنی ناوچەکەو حەلەب و موسڵ دەکرێت، نمایشی دڕندەیی و بەربەریەتی بۆرژوازی و ئیمپریالیزمی جیهانیە لەناو بێدەنگیەکی ترسناکی چینی کرێکارو خەڵکی ئازادیخوازی دنیا. ملیۆنەها ئینسان لە ماڵو حاڵی خۆیان دەردەکرێن و خانوەکانیان بەسەردا دەڕوخێنرێت. دەیان هەزاریان بە خوێن ساردیەوە لێ کۆمەڵ کوژ دەکەن و بە نرخی ئازادکردنیان دەرخواردیان دەدەن! لە بەشی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب، دوای دەرکردنی تاقمە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکانی دۆستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەسعودیه و قەتەرو تورکیا، لەلایەن هێزەکانی ئەسەدو حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران وحزبوڵا بە پشتیوانی بۆردومانی کوێرانەی فڕۆکە جەنگیەکانی ڕوسیا، بەدەیان کەس لەخەڵکی مەدەنی ئیعدام کراون، که لەوانە 11 یان منداڵن و 13 یان ژنن. بەجیا لەوەی کە لاشەیەکی زۆری قوربانیەکان و سەدان بریندار لەژێر داروپەردوی خانووە داڕوخاوەکاندا ماونەتەوە. بەڵام لەپاڵ ئەم تاوانە وەحشیانەیەدا بەرامبەر بەخەڵکی مەدەنی و بێچارەی حەڵەب، ڕوسیاو سوریا و تورکیا لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە ئه و هێزە چەکدارە ئیسلامیانەی دۆستی تورکیا کە لەشارەکەدا بوون، بە سەلامەتی شار بەجێبهێڵن! ئەوە بێجگە لەوەی کە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب و شارەکانی دیکەی وەکو بارمتە بەدەستی ڕژێمی دڕندەی ئەسەدو ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی دژی بەشەریەوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت! ئەمە چ ئازادکردن و ڕزگارکردنێکە کە قوربانیەکانی دەیان هەزارکەسه!؟
“ئازادکردن”ی حەڵەب لەهێزە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکانی هاوپەیمانی ئەمریکاو تورکیاو قەتەرو سعودیە و جێگرتنەوەی بە هێزەکانی ڕژێمی سوریا و پاسدارو حزبوڵا بەسەرپەرشتی ڕوسیا، ناتوانێ پەیامێکی باشتر لەم سوتان و وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵەی خەڵکی هەبێت. ئەم جۆرە سیناریۆ کارەساتبارانە چارەنوسی هەموو ئەو ناوچانە دەبێ کە دەکەونە نێوان بەرداشی جەنگی جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان و هاوپەیمانەکانیان و تیرۆریزمی ئیسلامیەوەو ئاسۆیەکی تاریک لە شەڕی قەومی و تائفی و مەزهەبی بەڕووی خەڵکدا دەکاتەوە و فرسەتێک بۆ جێگیری و ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی ناهێڵێتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەتوندی دژی جەنگ و وێرانکاری هێزو دەوڵەتە بۆرژوایی و ئیمپریالیستیەکان و گروپ و دەستەو تاقمە تیرۆریستە ئیسلامیەکان دەوەستێتەوە کە خەڵکی مەدەنی و بێدفاعی حەڵەبیان تێدا سوتاندوە. لە هەمان کاتدا ڕای دەگەیەنین کە نەخشەو سیاسەتێک کە ئەمریکاو ڕوسیا بەشوێنیەوەن بەناوی جەنگی دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامیەوە سەرلەبەری درۆو ڕیاکارانەیە. ئامانجی ڕاستەقینەی ئەوان لەم شەڕەی بەناوی جەنگی “دژی تیرۆر”ەوە ناوچەکەیان تێوەگلاندوە لەپێناو دابەشکردنی ناوچەکانی نفوزە لەنێوان خۆیان و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی ئیمپریالیستیە و جەنگێکی کۆنەپەرستانەو دڕندانەو خوێناویەو دەبێت خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەو دنیا دژی بوەستنەوە. هەروەکو شەڕی تیرۆریزمی ئیسلامی لەدژی ئەو هێزو دەوڵەتانە، کە تا ماوەیەک لەمەوبەر خۆیان قەڵەویان دەکردن، هیچ پەیوەندیەکانی بە زوڵم و مەینەتەکانی خەڵکی چەوساوەی ناوچەکەو سوریاوە نیە. خەڵکی حەڵەب لەژێر سایەی دەسەڵاتی تیرۆریستانی نوسرەو فەتحی شام و داعش ژیان و کەرامەت و کەسایەتیەکان تێک شکێنراوە. دەبێ خواستی خەڵکی ئازادیخوازی دنیا ئەوەبێت کە شاری حەڵەب لە سەرجەم هێزە کۆنەپەرستە شەڕکەرەکان پاک بکرێتەوەو فرسەت بدرێتە دەست خەڵکی حەڵەب کە ئیرادەی سیاسی خۆیان لەدەست بگرن و هاوکاری بکرێن بۆ بنیات نانەوەی شارەکەو دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی و شکۆمەند!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
19-12-2016