بەگوێرەی ئامارێکی بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی کە وێنەیەکی لای دواڕۆژە لە ماوەی 25 ڕۆژدا واتا لەنێوان 01-12-2016 تا 25-12-2016 لەسنوری بەڕێوەبەرایەتیەکەیان (68) محەویلەی کارەبای گەڕەکان سوتاون، بەرێوەبەری تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراوێش دەڵێت "لەو محەویلە سوتاوانەش ژمارەیەکی کەمی چاک دەکرێتەوە".
عەتا حەسەن بەرێوەبەری تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بە دواڕۆژی ڕایگەیاند "لەماوەی نێوان (1)ی کانونی یەکەم تا (25)ی کانونی یەکەم لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی (68) محەویلەی کارەبا لەکارکەوتوون و سوتان و هیچ محەویلەیەکی یەدەگیش لە گەنجینە نییە تاوەکو لە شوێنیان دابنرێنەوە".
راشیگەیاند "بەشێک لەو محەویلانە چاک ناکرێنەوە و دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بێ کارەبا دەبن تا محەویلەی دیکەیان بۆ دادەنرێت".
سەبارەت بە هۆکاری سوتانی ئەو محەویلانە بەرێوەبەری تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا سلێمانی وتی "بەشێک لەو محەویلانە بەهۆی بارزۆری و لۆدی زۆر دەسوتێن و بەشێکیشیان وەک پێویست کاری چاکسازیان بۆ نەکراوە و لە هاویندا بەهۆی گەرماوە واشەرەکانیان دەتەقن و لەوەرزی زستانیشدا بەهۆی تەڕبوون و دەسوتێن".
وتیشی "بەهۆی نەبوونی کەرەستەو پێویستی یەدەگ لە گەنجینەکان بەگشتی چاکسازیی بۆ تۆڕەکانی کارەبا و محەویلەکان نەکراوە کە لەرابردوودا ساڵانە پێش وەرزی زستان چاکسازی گشتی دەکرا، پێشبینیش دەکەین سوتانی محەویلەکان لە ڕۆژانی داهاتوو زیاتر بێت".
عەتا حەسەن وتیشی "گەر بەوشێویە بڕوات ژێرخانی کارەبا لەسنوری سلێمانی بەرەو داڕمان و وێرانبوون دەڕوات".
سەبارەت بە چاککردنەوەی ئەو محەویلانەی لەکارکەوتون وتی "لە وەرشەی محەویلاتی سلێمانی 25 کارمەندی تەکنیکی هەیە ڕۆژانە دەتوانن 4 بۆ 5 محەویلە بکەنەوە و لەو ژمارانە (2) دانەی چاکبکرێتەوە".
بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا سلێمانی سنورێکی بەرفراوانی هەیە جگە لە ناوشار، قەزاکانی ماوەت و چوارتا و دەربەندیخان و قەرەداغ لەخۆدەگرێت و لەرێگەی 400 فیدەری کارەباوە 7000 محەیلەوەی کارەبا دابیندەکات.
- 25-12-2016