رووداوەکانی هاتوچۆ هۆکاری یەکەمی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان بوون لەمساڵدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی، ئەوەش بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی سلێمانی.
میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، لەساڵی 2016دا 750 کەس براونەتە پزیشکی دادوەری کەگیانیان لەدەستداوە، له و ژمارەیە 242 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بووە، ئەوەش زۆرترین ڕێژەی مردنە بەراورد بەهۆکارەکانی تری گیانلەدەستدان.
وتیشی "هەروەها 85 کەس بەسوتان گیانیان لەدەستداوە کەلەسەدا 20ی ڕووداوەکانی خۆکوشتن بووە، 25 هاوڵاتیش بە کارەبا گیانلەدەستداوە، 108 کەس بەگولە کوژراون و 159 کەسیش بەهۆی نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستداوە".
بەپێی ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی، لەنەخۆشخانەی سوتاوی هەزار و 10 نەشتەرگەری کراوە، لەنەخۆشخانەی منداڵبوون 24 هەزار نەخۆش داخڵکراوه و 24 هەزار نەشتەرگەری تێدا ئەنجامدراوە، لەنەخۆشخانەی هیوا هەزار و 900 نەخۆشی تازە تۆمارکراوە کەنەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، هەروەها تەنها لەمساڵدا دوو هەزار و 40 کەس توشی نەخۆشی شەکرە بووە.
میران محەمەد باسی لەوەشکرد، لەساڵی 2016دا دوو هەزار و 40 نەخۆشی شەکرە هەبووە، هەروەها نۆ هەزار و سێسەدو 33 کەس لەنەخۆشخانەی بوژانەوەی دڵ داخڵکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی نەخۆشی دڵ قەڵەوی و نەجوڵان و وەرزشنەکردن و کێشانی جگەرەیە، کەپێویستە ڕێنمایی نوێ بڵاوبکرێتەوه و هاوڵاتیان پێوەی بابەندبن بۆ ئەوەی ڕێژەی توشبوان بۆ ساڵانی ئایندە کەمتربکرێتەوە.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، تەنها لەساڵی 2016 دا 10 کۆگای دەرمان و شەش دەرمانخانە داخراون، 21 نەخۆشخانه و سەنتەری شەوانە ڕۆژی داخراون،
هەربەپێی ئامارەکان لەساڵی 2016دا پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەس بۆ پشکنین سەردانی نەخۆشخانەکانی سلێمانیان کردووە، لەنەخۆشخانەکانی ناوشار نزیکەی 250 هەزار کەس داخڵی نەخۆشخانەکان کراون، لەسلێمانی و دەربەندیخان و چەمچەماڵ پێنجوێن 44 هەزار و 734 نەشتەرگەریان بۆ کراوە.
هەروەها لەنەخۆشخانەی فریاکەوتن نزیکەی 7 هەزار نەشتەرگەری کراوە، سێ مەڵبەندی تەندروستی بۆ هێزی پێشمەرگە دروستکراوە بۆ ساڵی 2016 لەداقوق و دوزخورماتوو لەهێزەکانی پشتیوانی، هەروەها لەنەخۆشخانەی فێرکاری پێنج هەزار و 30 نەشتەرگەری کراوە، لەنەخۆشخانەی منداڵان 32 هەزار و 806 نەخۆش داخڵ کراون.
- 26-12-2016