دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بە هۆی ڕوداوەکانی هاتووچۆ لە سنوری پارێزگای هەولێر لە2016دا 210 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوه و بەبەراورد بە 2015 ڕێژەکە بۆ دوو هێندە بەرزبۆتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29 کانونی یەکەمی 2016، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماری ڕوداوەکانی هاتووچۆی لە سنوری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.
فازل حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەی بەوەکرد "ژمارەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە سالی َ2016، زیادیانکردووە کە بریتی بووە لە هەزارو 263 ڕووداو کە بەهۆی ئەم ڕوداوانەوە 169 پیاو و 41 ئافرەت گیانیان لەدەستداوه و 986 پیاو و 205 ئافرەتیش برینداربوون".
وتیشی "ئەمەش بەبەراورد بە ڕووداوەکانی 2015، زیادیانکردووە کە پارساڵ ڕووداوەکان بریتی بوون لە هەزارو 157 ڕووداو و ڕێژەی مردووانیش بە ڕوداوی هاتووچۆ بریتی بووە لە 87 پیاو و 24 ئافرەت و ژمارەی بریندارانیش 783 پیاو و 256 ئافرەت".
باسی لەوەشکرد کە ژمارەی ئه و ڕوداوانەی کە لەگەڵ ماتۆڕسکیل ڕویانداوە لە 2016، بریتیە لە 226 ڕوداو و بەبەراورد بە 2015 ڕێژەکە زیادیانکردووە کە پارساڵ بریتی بووە لە 122 ڕوداوی هاتووچۆ.
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕاشیگەیاند"لە سالی 2016 لە هەردوو گومرگی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران 30 هەزارو 700 ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی هاوردەی هەولێر کراوە بە بەراورد لەگەڵ 2015 ژمارەکە کەمیکردووە کە پارساڵ 45 هەزارو 400 ئۆتۆمبێل بووه و ژمارەی ئه و ئۆتۆمبێلانەی کە لە 2016 پشکینینی (OPVI)یان بۆ کراوە 253 هەزارو 796 ئۆتۆمبێل بووە بە بەراورد بە 2015 228 هەزارو 69 ئۆتۆمبێل بووە".
وتیشی "پێدانی تابلۆی تازەش بۆ هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2016دا 25 هەزارو 906 تابلۆ بووە، ئەمەش بەبەراورد بە 2015، 43 هەزارو 420 تابلۆ بووه و ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیانیش 137 هەزارو 389 بووە".
فازل حاجی ئاشکراشیکرد "دوایین ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە کردەیی لە ساڵی 2016، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بریتی بووە لە 661 هەزار و 479 ئۆتۆمبێل، لەبەرامبەردا سێ هەزار و 543 ئۆتۆمبێلیش هەڵوەشێندراوەتەوه و پێنج هەزارو 337 ئۆتۆمبێلیش ڕەنگەکانیان گۆڕیوه و دەستیش بەسەر پێنج هەزارو 31 ئۆتۆمبێل و 930 ماتۆڕسکیلدا گیراوە، ئەمەش بە بەراورد بە 2015 ڕێژەکە کەمیکردووە کە ژمارەی ئه و ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بریتی بووە لە شەش هەزارو 247 ئۆتۆمبێل و پێنج هەزارو 31 ماتۆر سکیل".
لەبارەی دوایین ژمارەی مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ساڵی 2016، ئه و بەرپرسەی هاتووچۆی هەولێر وتیشی "کۆی گشتی مۆڵەتی لێخوڕێنی ئۆتۆمبێل کە لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دراوە بە شوفێران بریتیە لە 485 هەزارو 124 مۆڵەت بە جۆرێک تەنها لە 2016دا 18 هەزارو 982 مۆڵەت دراوە بە شوفێران، ئەمەش بەبەراورد بە 2015، ڕێژەکە کەمیکردووە کە 24 هەزارو 302 مۆڵەت دراوە بە شوفێران، هەروەها گۆی گشتی ئه و مۆڵاتانەی دراوە بە شوفێری ئافرەت لە پارێزگای هەولێر بریتیە لە 49 هەزارو 147 مۆڵەت و ڕایکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە بەشی مۆڵەت بریتی بووە لە 44 هەزارو 602 مۆڵەت.
سەبارەت بە ژمارەی سەرپێچیەکانی کامێرای چاودێری خێرایی هاتووچۆ فزال حاجی ڕونیشیکردەوە" ژمارەی سەرپێچی کامێرەی چاودێری خێرایی هاتووچۆ لە ساڵی 2016، بریتی بووە لە 160 هەزارو 600 سەرپێچی و بە بەراورد بە 2015، ژمارەی سەرپێچی کامێرای چاودێری خێرایی بریتی بووە لە 130 هەزارو 958 سەرپێچی بووه و ژمارەی سەرپێچی جۆراوجۆریش لە ساڵی 2016، 297 هەزارو 210 سەرپێچی بووە ئەمەش بەبەراورد بە 2015 ڕێژەکە کەمی کردووە کە بریتی بووە لە 333 هەزارو 679 سەرپێچی.
سەبارەت بە ژمارەی ئه و شوفێرانەی کە بەهۆی دەستکاری کردنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان و نەبوونی مۆڵەت و کاریگەر بوون بە ماددە کحولیەکانەوە ئۆتۆمبێلیان لێخوریوە فازل حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر هێمای بۆ ئەوەشکرد" لە 2016 چوار هەزارو 621 شوفێر ڕەوانەی داواکانی هاتووچۆ کراون بە پێی یاسا سزا دراون.
- 29-12-2016