ساڵی تازەی زایینی 2017، سەرەتا لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان، لە پێشمەرگە قارەمانەکان، لە هەموو ئه و نەبەردانەی ئەمڕۆ لە سەنگەردا بەرگری لە کوردستان دەگەن، لە پێشمەرگە و خۆبەخشانی بریندار لەگەڵ هیوای زوو چاکبوونەوە بۆیان، ئینجا لە تەواوی خەڵکی کوردستان، عیراق و جیهان پیرۆز دەکەین، هیوادارین ساڵی تازە بۆ کوردسانییان و تەواوی گەلانی جیهان ساڵی سەقامگیری، ئاشتی، سەرکەوتن و کامەرانی، ساڵی بڕانەوەی تیرۆر و شەڕ و کۆتاییی نەهامەتییەکان بێت.
وێڕای سەرکەوتنە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی کوردستان، بەداخەوە ساڵێکی دیکەمان بەڕێ کرد کە لەگەڵ ئه و قەیرانه سەختانەی بەرۆکی کوردستانی گرتووە، هێشتاش بە سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر بەتایبەتیش خوشک و برایانی ئێزدی و مەسیحی و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان لە کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، هیوادارین ساڵی تازە ساڵی گەڕانەوەی سەربەرزانە و سەرکەوتووانەی سەر ماڵ و حاڵ و زێدی ئازاد و ئاوەدانی خۆیان بێت.
لەم بۆنەیەدا ئەوپەڕی سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ئاسایش و هەموو کارمەندان و مووچەخۆران دووپات دەکەینەوە کە لە دژواریی دۆخەکە تێدەگەن و بەرگەی هەموو سەختییەکانیان گرتووە و دەگرن، هیوادارین بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەک و بە تەبایی و یەکڕیزیی هەمووان لە کوردستان، ساڵی تازە ساڵی چارەسەری تەواوی کێشە و قەیرانەکان و پێشکەوتنی بەردەوامی کوردستان بێت.
دووبارە هیوای ساڵێکی تازەی خۆش و پشوویەکی ئارام بۆ هەمووان دەخوازین.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
31-12-2016