ڕۆژنیوز - دانا عومەر
کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ئاماری کار و چالاکی کۆمەڵەکەیان و داهات و خەرجی ساڵی 2016 یان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان ئاماری ساڵی 2016 یان ڕاگەیاند، کەتێیدا هاتبوو 82 چالاکیان ئەنجام داوە و هاوکات توانیویانە له و داهاتەی کە دەستیان کەوتووە پێنج موچەی کورتەباڵاکان دابینبکەن.
لەکۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا نامۆ زریان، ژمێریاری کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان ڕاپۆرتی دارایی کۆمەڵەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند:"ئێمە لە ساڵی ڕابردوودا تەنها لە مانگەکانی (4 – 9 – 10 -11) دا داهاتمان هەبوو کە بڕەکەی 34 ملیۆن و 816 هەزار دینار بووە، وە بڕی 33 ملیۆن و 707 هەزاردینار خەرجیمان هەبووە".
نامۆ، وتیشی:"سەرجەمی ئه و داهاتەی هەمان بووە لەلایەن کەسانی خێرخوازەوە هاوکاری کۆمەڵەکەمان کراوە و ئێمەش توانیومانە بەسەر کورتەباڵاکاندا دابەشی بکەین".
دواتر ڕاپۆرتی کار و چالاکیەکانی کۆمەڵەی کورتەباڵاکان کوردستان لەلایەن دلێر فەریق، وتەبیژی کۆمەڵەکەوە خوێندرایەوه، کە تێیدا 82 چالاکی کۆمەڵەکەیان تۆمارکرابوو، کە بریتی بوون لە سەردانکردن بۆ لای کۆمەڵه و لایەن و دەزگا حکومیەکان و پێشوازیکردن لە میوانان بینای کۆمەڵەکە و بەشداریکردنی چالاکی هونەری و فلیمی سینەمایی و بەشداربوون لە بەرنامە و چاوپێکەوتنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ باسکردن کێشەکانی کورتەباڵاکان.
لەکۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا عومەر جەمال، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت، بەهۆی ئەوەی تەنها چوار موچەی کورتەباڵاکانی بۆ دابینکراوە لەساڵی 2016 دا و هەروەها بڕی مووچەی کورتەباڵاکانی کەمکردۆتەوە لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 80 هەزار.
ڕاشیگەیاند، کە ئەوان لەساڵی 2017 قسەی یەکلاکەرەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکەن لەبارەی گوزەران و مافی کورتەباڵاکانەوە.
کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان، کۆمەڵەیەکە تایبەت به و کەسانەی کە کورتەباڵان، و کار و چالاکییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورتەباڵاکانه، لەم کۆمەڵەیەدا چوار هەزار و 120 کورتەباڵا ناویان تۆمارکراوە.
03-01-2017