ڕۆژنیوز – دانا عومەر
لە پارێزگای سلێمانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانیانی هاتووچۆ لە ساڵی 2016 دا بە بەراورد بە ساڵی 2015 زیادیکردووە و بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆش، دەڵێت:"ئەمە خراپتربوونی دۆخی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا پیشاندەدات".
ئەمڕۆ، لە بینای بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، کاروان محەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاماری کار و چالاکی و ڕووداوەکانی ساڵی 2016 ی بەرێوبەرایەتییەکەی خستەروو.
کاروان محەمەد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وتی:" لە ساڵی 2016دا 48 ملیار و 467 ملیۆن و 506 هەزار دینار داهاتی هاتووچۆ بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2015دا 55 ملیار و 325 ملیۆن و 578 هەزار دینار داهاتی هەبووە".
هەروەها، وتی:" لە ساڵی 2016دا، بەرێوبەرایەتییەکەمان، خەرجی بە مووچە 32 ملیار و 271 ملیۆن و 592 هەزار بووە، بەڵام لە ساڵی 2015 دا خەجییەکەشی 25 ملیار و 322 ملیۆن و 481 هەزار دینار بووە".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی، ڕاشیگەیاندووە، کە لە ساڵی 2016دا هەزار و 225 ڕووداوی هاتووچۆ هەبووە، کە 639 یان ڕووداوی پێکدادان بوون و 312شیان وەرگەڕان بووە و ئەوانی دیکەش بە شێوەی دیکە ڕوویانداوە، هەروەها 139 لەو ڕووداوانە لە کاتی باران باریندا ڕوویانداوە.
کاروان محەمەد، وتیشی:" لە ماوەی یەک ساڵدا هەزار و 919 شۆفیر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون، کە هەزار و 856 شۆفێریان پیاو بوون و 63 شۆفێریان ژن بوون، واتە 97%ی ئەو شۆفیرانەی ڕووداوی هاتوچۆیان کردووە پیاوبوون و تەنیا 3% ژن بوون".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لە ساڵی 2016دا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە 206 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 45 لەوان ژن بوون و 161کەی دیکەش پیاوبوون، هەروەها دوو هەزار و 808 کەس برینداربوون، کە 691 برینداریان ژن و دوو هەزار و 117شیان پیاو بوون.
کاروان محەمەد، ئاماری برینداران و گیان لەدەستدراوانی ڕووداوی هاتوچۆی ساڵی 2015 و ساڵی 2016دا بەراورد کرد و وتی: لە ساڵی 2015دا 974 ڕووداوی هاتووچۆ هەبووە، کە لە ئەنجامیاندا 215 کەس گیانیان لە دەستداوە و 2725 کەسیش بریداربوون، واتە ئامارەکان لە ساڵی 2016دا زیادیان کردووە و ئەمە خراپتربوونی دۆخی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا پیشاندەدات".
03-01-2017