ڕۆژنیوز هۆشمەند کوردی
بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی شارۆچکەی خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەدین ڕایگەیاند، لە ساڵی 2016دا، 65 کەس بە فیشەک کوژراون و 30 هاوڵاتیش بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی بۆمبی چێنراویشەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی شارۆچکەی خورماتوو، ئەمڕۆ ئاماری ساڵی 2016ی تایبەت بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ و کوشتن و برینداربوونی هاوڵاتیان و هێزە ئەمنیەکانی لە شارۆچکەکە تایبەت بۆ ڕۆژنیوز ڕاگەیاند.
محەمەد فایق بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی شارۆچکەی خورماتوو بۆ ڕۆژنیوز وتی: "لە ساڵی 2016دا، لە سنوری شارۆچکەی خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەدین 58 ڕووداوی هاتوچۆی جۆراوجۆر ڕوویانداوە و به و هۆیەوە، 30 کەس گیانیان لە دەستداوە و 65 کەسیش برینداربوونە".
محەمەد فایق وتیشی: "لەناو شارۆچکەی خورماتوو و گوندەکانی زەرگە و عەبود و دەوروبەری، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراو بە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 52 کەسیش برینداربوونە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی شارۆچکەی خورماتوو، ئاماژەی بەوەشدا: "لەنێو شارۆچکەی خورماتوو 65 هاوڵاتی و ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان بە فیشەک کوژراون و 350 کەسیش برینداربوونە، بەشێکی زۆری ئه و کوژراو و بریندارانە لە لایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە کوژراون".
محەمەد فایق ئەوەشی وت: زۆرینەی ئه و کوژراو و بریندارانەی خورماتوو دانیشتوی گەڕەکەکانی تین و عەسکەرین و لە نەتەوەکانی تورکمان و عەرەبی سونەن.
هەروەها ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: "لە 24-04-2016 شەڕی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خوماتوو ڕوویدا، تێیدا حەوت شەهیدی کورد هەبوو لە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنیەکان لەگەڵ 47 بریندار، هەروەها لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیش 40 کوژراو و 29 بریندار هەبوو".
ئەوەشی وت: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا 2015 و 2016 زیاتر لە 450 کەس لەنێو شارۆچکەی خورماتوو کە زۆرینەیان تورکمان و عەرەبی سونە بوون، ڕفێنراون و بەشێکیان ئازادکراون بە پارە و بەشێکی تریان بێسەروشوینن و بەشێکی تریان کوژراون.
شارۆچکەی خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەدینە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک و دانیشتوانەکەی لە هەر سێ نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان پێکدێت و فەرمانگە حکومیەکانیش بە زۆری بەسەر هەر سێ نەتەوەکەدا دابەشکراون.
06-01-2017