ڕۆژنیوز – دانا عومەر
بەشێک لەو کرێکارە بیانییانەی لە شاری سلێمانی کاردەکەن، سەرەڕای کارە جێگیرەکانیان ڕۆژانی هەینی لەبەردەم باخی گشتی کۆدەبننەوە و خواردن و شیرینی تایبەت بە وڵاتەکانی خۆیان دەفرۆشن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کە قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری لەسەر ئەوان دروست نەکردووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەیەکی زۆر کرێکاری بیانی بۆ کارکردن ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، زۆر له و کرێکارانە به ڕەگەز نیپاڵی و پاکستانی و هیندی-ین، کرێکارە بیانییەکانی شاری سلێمانی ڕۆژانی هەینی لە باخی گشتی سلێمانی کۆدەبنەوە و هەندێک لەوان خواردنی تایبەت بە وڵاتەکەی خۆیان دەفرۆشن.
نۆرگیل لاما، ژنێکی نیپاڵی-یە، لەبەردەم باخی گشتی خواردنی نیپاڵی و هیندی دەفرۆشت لەبارەی کارەکەیەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" من چوار ساڵە لە کوردستانم، لە تەکیەی شێخ قادر کاردەکەم، کارەکەم باشە ماڵەکەش زۆر باشن لەگەڵمدا، بێجگە لەکارەکەی ترم ڕۆژانی هەینی خواردنی نیپاڵی و هیندی دەفرۆشم".
لەبارەی قەیرانی داراییەوە و کاریگەری لەسەر ئەو، نۆرگیل، وتی:" ئه و شوێنەی من کاری لێدەکەم مامۆستایان هەیە مووچەیان نییە کارییان نییە، بەس کاری من باشە لەبەرئەوەی من هەر پارەیەکی کەم وەردەگرم، موچەکەم 400 هەزارە".
راجا هیندستانی، گەنجێکی هیندی بوو بە کوردیەکی باش دەدوا لەبارەی کارەکەیەوە بەڕۆژنیوزی وت:" من لە کۆمپانیای چوار چرای نوێ کار دەکەم لەناو ئۆفیسەکەدا کاری پاکردنەوە چا تێکردن دەکەم، لەهیندستان کار هەیە بەس پارەی کەمە، پارەکەی ئێرە بۆ ئێمە باشە، خەڵکی کوردستان زۆر باشن، بەڵام کەمێک حکومەت کێشەی هەیە، پارەی نییە".
راجا، لەبارەی ئەوەی، کە بۆچی ژنی هیندی کەمن دەبینرێن لە هەرێمی کوردستان، وتی:"هیندەکان ڕێگەنادەن کچەکانیان بێنە دەرەوەی وڵات بۆ کارکردن، من ئێستا ئەگەر خوشکم هەبێت ناهێڵم کاربکات، دەبێت کوڕەکان کار بکەن".
محەمەد ئەکبەر، گەنجێکی پاکستانی بوو لەبارەی کارەکەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:" من لە کارگەیەکی ئاسن کاردەکەم دەکەم کارمان باشە و پارە زۆرە".
ئەم بارودۆخە بۆ هەموو کرێکارە بیانیەکان باش نییە، هەندێک لەوان بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێکار بوون.
بیکاس سەرای، گەنجێکی خەڵکی هیندستانە و لەبارەی خۆیەوە بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" من ماوەی یەک ساڵە بێکارم، پێشتر لە کۆمپانیا کارم دەکرد بەڵام کارەکە تەواو بوو، ئێستا تەنها ڕۆژانی هەینی کار دەکەم دێمە ئێرە و خواردنی هیندی دەفرۆشم".
بیکاس وتیشی:" لە ئێستادا بارودۆخم خراپە، لەبەر ئەوەی تەنها هەفتەی یەک ڕۆژ کارم هەیە پارەکەی بەشم ناکات".
لەئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە گەنجێکی زۆری هەرێمی کوردستان بێکارن، کە زۆرێک لەوان خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگاکانن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کرێکارە بیانیەکان هەموو کارێک دەکەن و ئەو بڕە پارە کەمەی وەریدەگرن بۆ وڵاتەکەی خۆیان بەهای زۆرە، بارودۆخی ئەوان بەرێژەیەکی زۆر ڕووی لەخراپی نەکردووە.
07-01-2017