کەمی کارەبا و قەیرانی دارایی و دابەشنەکردنی بەشە نەوتی هاووڵاتیان، لە شارۆچکەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، وای کردووە بەشێوەیەکی بەرچاو زۆپای دار لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەکاربهێندرێت و شوێنی نەوت بۆ هاوڵاتیان بگرێتەوە.
وەستاکانی دروستکردنی زۆپای دار ڕایدەگەیەنن، کە بەڕێژەیەکی بەرچاو هاوڵاتیان گەڕاونەتوە بۆ کڕینی زۆپای دارو بازاڕیان گەرمە، ڕێکخراوێکی ژینگەییش هۆشداری دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە مەترسییەکان بەکارهێنانی زۆپای دار کە بوەتە هۆی بڕینەوەی دارودرەختی سنورەکە.
وەستا سلێمان عەبدوڵا، ڕۆژانە لە کاتژمێر 8ی بەیانیەوە دووکانەکەی دەکاتەوە تا ئێوارانیش زیاتر لە چەند زۆپایەکی دار دروستدەکات، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت:" لە هاوینەوە پێشبینیم کردووە کە ئەم ساڵ وەک ساڵانی نەوەدەکانەوە جارێکی تر بەکارهێنانی زۆپا سەر هەڵدەداتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانانەی کە ژیانی خەڵکی هەراسان کردووە، نەک هەر خەڵکی هەژارو کەم دەرامەت، بەڵکو بەرپرسەکان و دەوڵەمەندەکانیش کڕیاری زۆپای دارن".
وەستا سلێمان وتی:" لە سەرەتای وەرزی زستانەوە زیاتر لە 400 زۆپای دارم فرۆشتووەو تا مانگی سێ بەردەوامیش دەبین لە دروستکردنی زۆپای دار، چونکە دەڤەری سۆران و دەورووبەری ناوچەیەکی شاخاویە تا مانگی نەورۆز کەش و هەوای زۆر ساردە".
ئەو وەستایە وتیشی:" زۆپای دار لە سۆران ڕەواجی زۆری لەسەرە، هەروەک سەردەمی پێشوو سەماوەری دار و مەنجەڵی ئاو گەرمکردن لەلای من زۆر دەفرۆشرێت، زۆپای دار نەک هەر لە شارۆچکەی سۆران، لە شاری هەولێریش دێن و بە کۆ (جوملە)دەیبەن".
وەستایەکی دیکە بە ناوی ئەحمەد جەواد کە هەر پیشەی دروستکردنی زۆپای دارەو خۆیشی لە ماڵەکەی و لە دووکانەکەشی زۆپای داری داناوە، وەها بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد:" ئەم ساڵ بازاری زۆپای دار لە سۆران زۆر گەرمە، لە بەر ئەوەی خەڵک توانای کڕینی یەک بەر میل نەوتی نیە بە 140 هەزار دینار، کارەباش وەک پێوست نیە کە سودی لێوەرگیرێت بۆ گەرم کردنەوە، بۆیە خەڵک ناچارە بیر لە ڕێگایتر بکاتەوە لە زۆپای داریش زیاتر هیچ ڕێگایەکی تر نیە بیگرنەبەر".
وەستا ئەحمەد ودەڵێت:" من واهەست دەکەم خەڵک بەوپەری ناچاری زۆپای دار بەکاردەهێنێت، چونکە کڕینی نەوت بەو نرخە لە توانای هەموو کەسێکدانیە، جگە لە چینێکی دەوڵەمەند نەبێت، هەرچەندە ئێستا ماڵە دەوڵەمەندەکانیش سۆپای داریان بەکارهێناوە، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر قەیرانی دارایی وابەردەوام بێت، دڵنیام هەمان ژیانی ڕابردوو دووبارە دەبێتەوە،هەر چەندە ئێستاش جیاوازیەکی ئەوتۆ نابینم، چونکە دەبینین خەڵک بۆ ئاوگەرم کردنیش پەنا بۆ ئەو پێداویستیانە دەبات کە بەهۆی دارەوە بەکاردەهێندرێن".
لە ئێستادا لە شارۆچکەی سۆران یەک باری پیکابی دار(کە زیاتر لە کێشی تۆنێک هەڵدەگرێت) بە نزیکەی 80 هەزار دینار دەست دەکەوێت و تا دێت بڕینی داریش ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئەمەش ڕێکخراوە ژینگەیەکانی نیگەران کردووەو بەرپرسانی دەڤەری سۆرانیش نەیان توانیوە ڕێگری لە بڕینی دار بکەن.
لایخۆیەوە هەژار ماهیر، سەرۆکی ڕێکخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە سۆران، بە ڕۆژنیوزی وت:" بە هۆی ئەو قەیرانە سەختە داراییەی کە باڵی بە سەر هەرێمی کوردستاندا کێشاوە، لە دەڤەری سۆران لە لە ئەنجامی زۆر بوونی ژمارەی دانیشتوان، بەهۆی دواکەوتنی نەوتی ماڵان خەڵکێکی زۆر ڕوویان کردوەتە بڕینی دارو درەخت و لە باربردنی سروشتی کوردستان و لە زۆربەی ماڵەکاندا زۆپای دار بەدی دەکرێت و بازاری فرۆشتنیشی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو گەرمترە، ئەوەش کارێگەری گەروەی لە سەر ژینگەی دەڤەری سۆران دروست کردووە".
سەرۆکی ڕێکخراوەی وار ڕاشیگەیاند: وەک ڕێکخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە هوشداری دەدەینە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەو لایەنە پەیوەندارەکان، بەراستی دارستانەکان و ژینگەی سۆران لە بەردەم هەڕەشەیەکی مەترسیداردایە، کە بەداخەوە لەوەرزی هاوین بە هۆی سوتانەوە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دارستانەکان لە ناو دەچێت و لە زستانیش بە هۆی بڕینی دارو درخت و بەکارهێنانان لە جیاتی سوتەمەنی.
دەڤەری سۆران ناوچەیەکی شاخاوییە و بەهۆیەوە کەشوهەوایەکی ساردی هەیە، ئەمەش وایکردووە لەوەرزی زستان بەکارهێنانی سوتەمەنی زیاتر بێت بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکە.
08-01-2017