دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی تەواونەبوونی وردەکاریی و جیاکاریی لە داهاتی کامێراکانی هاتووچۆ لە بانکێکی حکومییەوە، نەمانتوانیوە داهاتی ساڵی 2016ی کامێراکانی هاتووچۆی هەولێر بڵاوبکەینەوە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە ساڵی 2016، جگە لە زیادبوونی نزیکەی دوو هێندەی ڕووداوەکانی مردن و بریندار بوون، بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، نزیکەی 131 هەزار حاڵەتی سەرپێچی لەرێگەی کامێراکانی چاودێریی لەناوەو دەرەوەی شار تۆمارکراون".
وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "حاڵەتەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی لەخێرایی 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەستپێدەکات تاکو 150 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هاوکات وەرگرتنی بڕی سزای سەرپێچی تیژڕۆیی لە 70 هەزار دینارەوە دەستپَدەکات بۆ 150 هەزار دینار و ئەوەش بەپێی شەقام لە ناوەوەو دەرەوەی شار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت".
وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، ئەوە بۆ دواڕۆژ پشت ڕاستدەکاتەوە، دەڵێت "بۆ تۆمارکردنی سزاکان و سەرپێچی تیژڕۆیی شۆفێران لەناوەوەو دەرەوەی شار، چەند جۆرێک لە شەقام هەن هەیە تیژڕۆیی لە 60 دیاریکراوە هەیە لە 80 دیاریکراوە، لەوانە بڕی پارەکە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاکو 100 هەزار دینار دیاریدەکرێت، هەرچەند ئاستی تیژڕۆیی شۆفێرەکە زیاتر بێت ئەوا بڕی پارەکەش زیاتر دەبێت".
لەبارەی هۆکاری ئاشکرانەکردنی داهاتی کامێراکانی هاتووچۆ لە پارێزگای هەولێر، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، وتی "ئێمە کێشەیەکمان لەگەڵ بانکێکی حکومی هەیە، لەئێستادا نازانرێت داهاتی کامێراکان چەندە، چونکە بانکەکە دەڵێت تاکو وربینی و جیاکردنەوە بۆ داهاتەکە نەکەین ناتوانین ئاشکرای بکەین".
- 11-01-2017